ئازیزان، خوشکان و برایانی تێکۆشەری کوردستان
لە لایەن خۆم و ھەموو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی ھاتنی نەورۆز و ساڵی نوێتان لێدەکەم. باش دەزانین کە ساڵێکی پڕ ئازار و ناخۆشمان تێپەڕ کرد و سەختی زۆرتان کێشا، پەتای کڕۆنا بەشێک لە ئازیزانی لێ ستاندین، بێ وازی و باری نالەباری ئابوریش تەنگی بە ژیانی بەشێک لە ھاونیشتمانیان ھەڵچنی و گوزەرانی تاڵ کردن. بە ھەموو ئەوانەشەوە سەربەرزین کە وانەی بەرەنگاری و کۆڵنەدان دژ بە داگیرکەر بەردەوام ھەوێنی یەکێتی و ھێمای خەباتی مەدەنی و کولتوریتان بوو.
با لەو نەورۆزەدا یادی ھەموو ئەو ئازیزانەی ساڵی پار گیانیان بەختکرد و ھەموو ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی بەرز ڕابگرین، با پەیمانیان لەگەڵ نوێ بکەینەوە تا گێڕانی سەمای ئازادی و شادی لە کوردستان، ھەڵگری ئاڵا و ڕێبواری بەردەوامی ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی دەبین. دڵنیاین ئەو شەپۆلی خەباتی مەدەنی و سیاسییە جێکەوتووەی کە دوژمنی تۆقاندوەو، ئەو ورووژانە بەرینەی ئیرادە و وشیاری نەتەوەیی، مژدەدەری ھاتنی بەربەیانی ئازادین. دڵنیام: « دێ بەھارێ پڕ بە دڵ شادی بکەین
چاو لە باڵای بووکی ئازادی بکەین»
با لەو نەورۆزەدا سەری ڕێز بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئەو کوردستانە زامدارە دانوێنین و بڵێین پێیان: ئەو ھەسارانەن کە رووناکییان بەخشیوەتە گشت قوژبنی وڵات و ڕێنوینی کاروانی روەو سەرکەوتنن.
سەرتان بەرز، دڵتان ئاوەدان، نەورۆزتان پیرۆز، ساڵێکی پڕ لە خۆشی و وەدیھاتنی ئاواتتان لە ڕێدا بێ.