بە پێی هەواڵی گەیشتوو بەداخەوە رۆژی جومعە ٢٩ی گەلاوێژ، کاک عابدین ناهید بە هۆی نەخۆشی لە شاری تاران ماڵئاوایی لە ژیانکردوە.
کاک عابدین یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سەربەرز وخۆراگری ناهید لە شاری سنەیە کە دوو برای ئازیزی بە ناوەکانی ئەحسەن و شەهریار رۆژی ٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە بریاری جەللادی ناسراو خەڵخاڵی هاورێ لەگەڵ ٩ کەسیتر لە تێکۆشەرانی کوردستان لە فرۆکەخانەی شاری سنە تیرباران کران.گیانبەختکردووان ئەحسەن و شەهریار کە لە هەڵسووران و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی چەپ و سوسیالیستی کوردستان بوون،کاتێک لە شاری سەقزەوە بە مەبەستی چوونەوە بۆ شاری سنە بەرێوە دەبەن،لە گەردەنەی ئارێز لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر دەکرێن و لە کاتێکدا کە ئەحسەنی ناهید لە کاتی گواستنەوەی بۆ زیندان لە لایەن پاسدارانی ئیسلامییەوە بریندار دەکرێ،لەوپەری درەندەییدا لەسەر برانکارد دەیدەنە بەر دەسترێژ و هاورێ لەگەڵ شەهریاری برای و٩ کەسیتر لە خەباتکارانی کوردستان گیانی ئازیزیان بەخت دەکەن.
زۆر بەداخەوە کاک عابدینی ناهید لە ٤٢هەمین ساڵرۆژی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەدا، لە شاری تاران ماڵئاوایی لە ژیانکردوە.
ئێمە وێرای رێزگرتن لە یادی ئازیزی گیانبەختکردووانی رۆژی ٥ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی لە فرۆکەخانەی شاری سنە و سەرجەم گیانبەختکردووانی رێگای ئازادی و رزگاری،بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی کاک عابدین ناهید،پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئازیز و خۆراگری ناهید و سەرجەم خەڵکی شاری سنەی قارەمان دەکەین و، خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین
بژی یادی ئازیزی کاک عابدین ناهید و هەموو گیانبەختکردووانی بنەماڵەی سەربەرزی
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی
٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی.