بەڕێزان ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی یەكێتی دیموكراتیك (پەیەدە)
بەبۆنەی بەستنی حەوتەمین كۆنگرەی پارتە بەڕێزەكەتان پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی ئێوەو هەموو ئەندامانی بەشداربووی كۆنگرەو سەرجەم كادرو شەڕڤانانی پەیەدە دەكەینو هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
سەرەتا بەداوای لێبوردن بەهۆی ئەوەی بانگهێشتی كۆنگرەكەتان كرابووین، بەڵام نوێنەرامان بەهۆی كێشەو گرفتی تەكنیكی نەیتانتوانی سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكەنو بەشداری حەوتەمین كۆنگرەی پەیەدە ببن، هەر بۆیە لەم چەند دێڕەدا پەیامی خۆمان ئاراستەی ئێوەو بەشداربووانی كۆنگرەكەتان دەكەین.
بەڕێزان، كۆنگرەی حەوتی پەیەدە لە بارودۆخێكدا دەبەسترێت كە ناوچەكەو كوردستان لە هەستیارترین ساتە مێژوویەكاندا بەسەر دەباتو چەندین دەرفەتی زێڕینو لەهەمانكاتدا هەڕەشە لەسەر ئەزمونو بزوتنەوەی كورد لە بەشەجیاجیاكانی كوردستان لەئارادایە.
كورد لە رۆژئاوا دەسكەوتێكی گرنگی بەدەستهێناوەو سەرەڕای دژایەتی وڵاتانی داگیركەر، هەموو چینو توێژەكانی ئەم پارچەی كوردستان هەوڵ بۆ پاراستنی دەدەنو بە گیانفیداییەوە بەرەوڕووی دوژمنانی مرۆڤایەتی دەبنەوە. لەباشور هەر لەم رۆژانەدا خەڵكی كورد بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنوسینیان چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدانو بە دەنگی “بەڵێ” چارەنوسی خۆیان دیاریكرد. بۆ پشتگیریی لەئیرادەی خەڵكی باشور، خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەخۆشحاڵییەوە رژانە سەر شەقامەكانو ئەم سەركەوتنە مەزنەیان پیرۆز كرد. خەباتو خۆڕاگری دژی دەوڵەتانی دیكتاتۆری توركیاو ئێران لە باكورو رۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامەو خەڵكی كورد بە هیواو ئۆمێدەوە چاو لە ئەزمونی رۆژئاواو باشوری كوردستان دەكەن. هەربۆیە لەم بارودۆخەدا كۆنگرەكەتان ئەركێكی مێژووییو گرنگی دەكەوێتە سەرشان.
هیوادارین كۆنگرەكەتان پەیامی یەكڕیزیو هاوپشتیو تەبایی بدات بە هەموو خەڵكی كوردستانو هەوڵەکانی بۆ یەكگرتووییو هاوكاریی زیاتر نێوان حیزبەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بخاتەگەڕ.
لێرەوە رێز لەیادی هەموو كەسانە دەگرین كە بۆ رزگاری رۆژئاوای كوردستانو شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش گیانیان بەختكرد، سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی سەربەزی سەرجەم شەڕڤانانی گیانبەختکردوو و خەڵكی خۆڕاگری رۆژئاوای كوردستان.
جارێكی دیكە هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین.
كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
26ی دێسامبری 2017