زۆر بەرێز مەکتەبی سیاسی پارتی دێمۆکراتی کوردستان
لە لایەن خۆمان و هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی کۆمەڵەوە شەست و هەشتەمین ساڵوەگەڕی حیزبە خەباتکارەکەتان پیرۆزبایی لێدەکەین. لە رێگای ئێوەوە ئەم یادە لە هەموو ریزەکانی پارتیتان پیرۆز دەکەین و رێزی زۆری خۆمان بۆ شەهیدانی پارتی و بنەماڵەی شەهیدان رادەگەیەنین.هیوادارین هەردەم تێبکۆشن تا دەسکەوت و سەرکەوتنی زۆرتر بۆ گەلی کورد و کوردستان وەدەست بێنن.
ئەوڕۆ لە لایەک کوردستانی باشور رووبەروی هێرشێکی تیرۆریستی و کۆنەپەرەستانە بۆتەوەو، لە لایەکی دیکەوە هەست وسۆزی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و گەلانی ئازادیخواز بۆ کورد و هەرێم و حکومەتی کوردستان بە شێوەیەکی دیار رووی تێکردوین. لەم هەلومەرجە ئاڵۆز و پڕ کێشەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەم مەترسی بۆ سەر بزاوتی رزگاریخوازی کورد زۆرە و، هەم شانسی گەورە رووی تێکردوین و ئاساییە کە ئەرکی قورس و گران دەکەوێتە سەر شانی پارتی و هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان. لەم قۆناغەدا یەکگرتویی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بە تایبەتی لە باشوری کوردستان، چەکی هەرە بەهێزی کوردە و دڵنیاین کە ئێوەش هەموو حەولی خۆتان بۆ ئەم مەبەستە دەخەنە گەڕ و، ساڵوەگەڕی پارتی دەکەنە کاتی نواندنی ئیرادەی بەهێز بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان. ئێمە وێڕای پیرۆزکردنی ئەم یادە و جەختکردنەوە لەسەر دۆستایەتیمان لەگەڵ ئێوە، ئامادەی هەموو پشتیوانی و هاوکاریەکین بۆ تێپەڕبوونی سەرکەوتوانە لەم دۆخەی ئێستا. دڵنیاشین خەڵکی کوردستان لە کۆتایی ئەم دەورەیەشەدا سەربەرز دەبێ و هەنگاوی گەورەتر بەرەو دێمۆکراسی داوێژێ.
لەگەڵ رێزی دووبارەمان
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٦. ٨. ٢٠١٤