بەرێزان:
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان!
مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان!
لەگەڵ سڵاوێکی گەرم
بە بۆنەی ٤٧مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لایەن کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەوە پر بەدڵ پیرۆزبایی خۆمانتان ئاراستە دەکەین و هیوای بەردەوامی وسەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
بەرێزان! هەروەک خۆشتان دەزانن یادی ٤٧ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارۆدۆخێکی هەستیاری ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا بەڕێوەدەچێ. بەداخەوە بزاڤی رزگاریخوازی گەلەکەمان بە قۆناغێکی گەلێک ئەستەم و دژواردا تێدەپەرێ. هەربۆیە گەلی کورد لەم کاتەدا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە تەبایی و هاودەنگی و یەکڕیزی هەیە و، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دوورودرێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و رۆڵ و پێگەی بەرچاوی لە بزووتنەوەی رەوای گەلەکەماندا بێگوومان هەوڵدان بۆ یەکخستنی وزە و توانی جەماوەری لە هەرێمی کوردستان و لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان لە یەکێتی نیشتمانی چاوەڕوانییەکی رەوا و هەنووکەییە.
لە کۆتاییدا جارێکیتر پیرۆزبایی یادی ٤٧ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئێوە و هەموو کادر و ئەندام و لایەنگرانتان و لە هەموو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان دەکەین. هیوادارین پێوەندی و هاوخەباتی لە مێژینەی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵە وەک هەمیشە گەرموگوڕ بێ و، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پێی چاوەڕوانییەکان پاڵپشتی بزووتنەوەی مافخوازانە و رەوای کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بێت.
وێرای پیرۆزبایی دووبارە
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١ی ژوئەنی ٢٠٢٢ی زایینی
١١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی