بەرێزان کاک مستەفای هیجری لێپرسراوی گشتی و بەڕێزان رێبەرایەتی کاتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
لەگەڵ سڵاو و ڕێز.
بە خۆشحاڵییەوە کە پرۆسەی دیالۆگی نێوان هەرتک باڵی حیزبی دێموکرات سەرنجام پاش بڕینی قۆناغێکی پرگفتوگۆ و چڕوپڕ لە پێناو یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و وەسەریەکخستنەوەی ئەو حیزبە گەیشتە دواقۆناغی خۆی.
وێڕای پیرۆزبایی لە ڕێبەرایەتی و ریزەکانی ھەرتک لایەنی حیزبی دێموکرات بۆ سەرخستنی ئەو ھەنگاوە، بێگوومان ئەم یەکگرتنەوە و یەکریزییەی ئێوە دڵخۆشکەرە بۆ ئێمەی دۆست و هاوپەیمانیش لە بزوتنەوەی کوردستان و،هەمیش بۆ دۆست و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە هەموو کوردستان. هیوادارین پڕۆسەی یەکگرتنەوەی حیزبەکەتان ببێتە مایەی تەبایی و یەکریزی و هاوخەباتی زیاتر لە نێو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و،هەروەها ببێتە هەوێنی برەودان و گەشەی زیاتری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پێناو وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی گەلەکەمان لە کوردستانی رۆژهەڵات.
لە کۆتاییدا وێرای پیرۆزبایی دووبارەمان ،پر بەدڵ هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
1ی خەرمانانی 1401ی هەتاوی
23ی ئاگۆستی 2022ی زایینی