رۆژی چوارشەممە 29ی گەلاوێژی ساڵی 1393ی هەتاویی بەرانبەر بە 20 ئاگۆستی 2014ی زایینی پۆلێكی دیكە لە لاوانی خەباتكاری كوردستان پاش تێپەڕكردنی سەركەوتووانەی فێرگەی سیاسی نیزامی كۆمەڵە، لە ژێر ناوی پەلی شەهیدانی 28ی گەلاوێژی ساڵی 1388ی هەتاویی و لە رێوڕەسمێكی شكۆداردا بە ریزەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە پەیوەست بوون.
سەرەتای رێوڕەسمەكە وەك هەمیشە بە سروودی بانگەواز سروودی رەسمی كۆمەڵە دەستی پێكرد، پاشان بەشداربووان چەند ساتێك بێدەنگی بۆ یادی هاوڕێیانی گیانبەختكردووی كۆمەڵە لە 28ی گەلاوێژی 88ی هەتاویی لە ناوچەی كامیاران و هەروەها سەرجەم گیانبەختكردووانی كۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان، بە پێوە راوەستان. دواتر هاوڕێ سۆران ئەفشاری بەرپرسی فێرگەی سیاسی نیزامی كۆمەڵە قسەوباسێكی بەو بۆنەوە پێشكەشی بەشداربووان كرد، كورتە فیلمێك لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی قۆناغی سیاسی و نیزامی فێرگە لە هۆڵی رێوڕەسمەكە بڵاو كرایەوە و دوای ئەوەش چەك و كارتی هاوڕێیانی تازە چەكداربوو لە لایەن هاوڕێ ئارمان هەنیمن یەكێك دیكە لە بەرپرسانی فێرگەوە پێشكەشیان كرا و ئەو هاوڕێیان دوای وەرگرتنی كارت و چەكەكانیان سروودێكی شۆڕشگێڕانەیان وتەوە.
پەیامی هاوڕێیانی چەكداربوویش لە لایەن هاوڕێ شەرمین نەدیمیەوە پێشكەش كرا و لە دوا بڕگەی بەشی یەكەمی رێوڕەسمەكەش هاوڕێ محەممەد حەكیمی بەرپرسی رێكخراوی خوێندكارانی پێشڕەوی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان پەیامی رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد، رێكخراوی لاوانی پێشڕەو و رێكخراوی خوێندكارانی پێشڕەوی پێشكەش كرد.
بەشی دووهەمی رێوڕەسمەكەش تەرخان كرا بە پیرۆزبایی كردن لە هاوڕێیانی تازە چەكداربوو و دوایی شایی و هەڵپەڕكێ و پەزیرایی لە بەشداربووان، رێوڕەسمەكە كۆتایی پێهات.