خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
هەروەک پێشتر ئاگادارمان کردن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی پوشپەڕی ١٣٩٨ ی هەتاوی لە کاتژمێرەکانی ٥ و ٩ ی بەیانیدا هێلیکۆپتەرو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سپای پاسداران بە بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر ئاسمانی ناوچەکە و بنکە و بارەگا و سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ناوچەکانی “حاجی ئۆمەران“ و“ بەردەسۆران “و“ئالانە“ و ،“ دۆڵی ڕۆست“ لە ناوچەی“ سمێلان“ سووڕاونەتەوە و ، پاشان لە کاتژمێر ١٢:٢٠ دەقیقەی نیوەڕۆوە تۆپخانەکانی سپای پاسداران لە“ دۆڵە مەیدان“ لە ناوچەی پیرانشارەوە بە کاتیۆشا و خۆمپارەهاوێژی ١٢٠ بۆردومانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەیان لەو ناوچانە دەست پێکرد .
بەپێی دوایین هەواڵەکان هاوکات لەگەڵ ئەوە هێزەکانی سوپای پاسداران لەڕێگای تۆپخانەوە هێرشێکی تووندیان کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی هەر تک حیزبی دیموکرات وکۆمەڵە لەناوچەی برادۆست.
لەئاکامی بۆردومانی کوێرانەی تۆپخانەکانی سپای پاسداراندا کە بۆتە هۆی ئاگردانی پانتاییەکی بەرین لە ڕەز و باخ و پاوانی هاوڵاتییان لە گوندەکانی بەربەزین ، تەلان ، بێ پوشک، داسنا،دێرێ و چەند گوندی دیکە، زۆربەداخەوە، لە گوندی تەلان زەیتون قادری تەمەن ١٨ ساڵ گیانی لەدەست داوە و دوو برای بەناوەکانی سیروان قادر تەمەن ٢٣ ساڵ و ئیسماعیل قادر تەمەن ١٤ ساڵ برینداربوون.
ئێمە لەستادی نیزامیی کۆمەڵەوە وێڕای مەحکومکردنی تۆپبارانی کوێرانەی سپای پاسداران ودروستکردنی مەترسی و نیگەرانی بۆسەر گیان و ماڵی هاوڵاتییان و دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان، ئەوپەڕی بەداخبوونی خۆمان بەبۆنەی شەهیدبوونی زەیتوون قادر و برینداربوونی دوو برای دەردەبڕین و سەرەخۆشی لەبنەماڵە و کەس و کاریان دەکەین و خۆمان بەشەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین .
ستادی نیزامی کۆمەڵە
١٩ی پوشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی