پلێنۆمی ٩ی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، ڕۆژانی ١٢و ١٣و ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٣ و ٤ و ٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٣ی زایینی، بە بەشداریی سەرجەم ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی و ژمارەیەک لە کادرەکانی حیزب بەڕێوەچوو.
پلێنۆم بە سرودی بانگەواز و خولەکێک بێدەنگی بۆ یاد و ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، دەستی بەکارەکانی خۆیکرد. سەرەتا لێژنەی ئامادەکاریی و بەڕێوەبەری پلێنۆم ڕاپۆرتێکی کورتی سەبارەت بە دەستووری کار و چۆنییەتی تێپەڕاندنی بڕگەکانی بەرنامەی پلێنۆم پێشکەش بە بەشداربووان کرد. دەستپێکی بەرنامەکە بۆ ڕاپۆرتێکی سیاسیی و تەشکیلاتی تەرخان کرابوو کە لەلایەن هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەوە پێشکەش کرا. پێناسەیەکی تێروتەسەلی بارودۆخ و ڕووداوە گرینگ و کاریگەرەکان، لە پلێنۆمی ٨ی کۆمەڵەوە تا ئێستا، تەوەرەی سەرەکیی باسەکانی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە بوون. بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و هەڵسەنگاندن و تیشک خستنەسەر فەراز و نشێوەکانی ئەو بزوتنەوەیە لە ساڵوەگەڕی دەستپێکیدا، باسێکی پوخت و سەرنجڕاکێشی نێو ڕاپۆرتەکەی کاک عەبدوڵڵا بوو. سکرتێری کۆمەڵە لە بەشێک لە قسەکانیدا لەمبارەیەوە دەڵێت:
کوردستان سەرچاوە و کانگای بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە. چەخماخەی ئەم ئاخیزە بەرینە جەماوەرییە لە کوردستانەوە لێدراو فەلسەفە و بیرۆکە و دروشمەکانی خێراتر لەوەی چاوەڕواندەکرا، سنوورەکانیان تێپەڕاند. کوردستان قەڵای قایم و لەگیراننەهاتوو و پێشەنگی شۆڕشی ژینایە. هەرچەند لەم قۆناغەدا، بەهۆکارگەلی جۆربەجۆر و لەوانەش سەرکوتی بەرین و بێبەزەییانەی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەم ئاخێزە نەگەیشتە ئاستی ڕاپەڕینێکی گشتیی و سەرتاسەریی کە دوائامانجی خۆی، واتە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بپێکێت و تۆماری ئەو ڕژیمە بۆ هەتاهەتایە تێکەوەپێچێت، بەلام دەستکەوتگەلی گەورە و بەنرخ و شوێندانەری بوو کە ئێستاش و پاش تێپەربوونی ساڵێک بەسەر دەستپێکیدا، ئاسەواریان ڕوون و بەرچاون. ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی، کۆڵەکە و سەرجەم ڕاگرەکانی ئەو ڕژیمەی خستە لەرزین، بناغە فکری و ئیدئۆلۆژیکییەکانی لە هەموو کات سست و بێگیانتر کرد، هەڵوەرینێکی بەکۆمەڵی خستە نێو ڕیزی بازنە دیارەکانی دەسەڵات و هەیمەنەی خۆبەزلزان و سەرەڕۆیی ڕژیمی بەجۆرێک شکاند کە قەرەبووکردنەوە و وەسەریەکخستنەوەی ئەستەمە. ئێستا هەرچەند دەزگای سەرکوتی هەمەچەشن و بێبەزەییانەی ڕژیم تووندتر و دەرمارگرژانەتر لە پێشوون، بەلام وەک دەبینین، نافەرمانیی مەدەنی کۆمەڵگا لەهەمووکات باوترە. خەڵکی کوردستان و ئێران نەیانتوانی ڕژیمی ئیسلامی بەتەواوەتی بەچۆکدابێنن، بەلام خۆشیان هەرگیز چۆکیان دانەدا و تەسلیم نەبوون. پێشێلکردنی یاساکانی حیجابی زۆرەملی و گوێنەدان بە نەریت و بنەما فکرییەکانی ڕژیم لە لایەن خەڵک و بەتایبەتی ژنانی ئازادیخوازەوە، تەنیا یەکێک لە هێماکانی قۆناغی نوێی خەبات و تێپەڕبوون لە ڕژیمی ئیسلامین. ئەم شۆڕشە، تەنانەت توێژە هەرە بەرژەوەندیخواز و خۆپارێزەکانی کۆمەڵگای ئێرانی تووشی ڕاچڵەکان و سەرلەنوێ بیرکردنەوە و گۆڕان کرد.
سکرتێری کۆمەڵە لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێت: قەتیس نەمانەوەی دروشم و ناوەرۆک و بنەمافکرییەکانی ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی لە چوارچێوەی کوردستان و تێپەڕاندنی سنووری نەتەوە و وڵاتان، لە تایبەتمەندییە ئەرێنی و بەهێزەکانی ئەو شۆڕشەن. شۆڕشی ژینا، خاڵیکی وەرچەرخانی خێراترکردنی پرۆسەی لێکدابڕان و دوورکەوتنەوەی خەڵک و حکومەت لەیەکتری لەلایەک و، ئاڵقەیەکی ناوازەی بەیەکەوەگرێدانەوەی حیزبە شۆڕشگێڕە سیاسییەکانی کوردستان و گەنجان و نەوەی نوێی سەرشەقام، لە لایەکی دیکەوەیە. هەرچەند ئەم شۆڕشە ئەمڕۆ پاش تێپەڕینی زیاتر لە سالێک، دامرکاوە، بەلام تروسکایی هیوا بۆ دەرفەتگەلی نوێ و ئاخێزگەلی بەپێزترو بەرینتر کە ئەگەری لەبەریەک هەڵتەکاندنی ئەو سیستەمەی تێدا زیاتر بەدی بکرێت، درەوشاوەیە.
دەور و نەخشی حیزبی کۆمەڵەی کوردستان لە یەکساڵەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، تەوەرەیەکی دیکەی باسەکەی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی بوو. سکرتێری کۆمەلە لەمبارەیەوە دەلیت:
ئەم ئاخێزە و چەمکەکانی پێشکەوتنخوازیی، بەواتای ڕاستەقینەی خۆیان، دوانەی هەرگیز لێکدانەبڕاون. ئەمەیان جوڵانەوەیەک نەبوو کە بەدەست و هێزی تاک و گروپە فاناتیک و کۆنەپەرستەکانەوە هەڵگیرسابێت، بەپێچەوانەوە، خاوەن هێژمۆنی و خوڵقێنەرانی سەرەکیی بزوتنەوەکە خەڵکانێک بوون کە پێشەنگی پێشکەوتنخوازیی و نوێگەرایی بوون. ئەمە تەنیا بەڕێکەوت نەبوو کە ناوەرۆک و بنەما هزرییەکانی ئەو شۆڕشە لەگەڵ جیهانبینی و ڕەهەند و خەتتە سیاسیی و فیکرییەکانی کۆمەڵە هاوتەریب بوون. کۆمەڵە لەم قۆناغەدا، بەدوور لە هەرچەشنە بەرچاوتەنگیی و سێکتاریسمێکی حیزبیی، نەک بەفەرمیی، بەلام دیفاکتۆ و بەکردەوە وەک زمانحاڵ و نوێنەری مافخوازیی خەڵکی کوردستان دەرکەوت. کاک عەبدوڵڵا هەر لەمبارەیەوە ئاماژە بە چەند لایەنێکی دیکەی کاریگەرییەکانی کۆمەڵە لەسەر بزووتنەوەکە دەکات و دەلێت: هەوڵی سەرەکیی ئێمە، زەقکردنەوە و بەڕۆژەف کردنی پرسی کورد بوو. هەوڵماندا پێناسەیەکی نوێ لە ئێران و داهاتووی گەلانی بندەستی ئەو جوغرافیایە، بسەلمێنن. ئێمە هەوڵماندا کە چەمکەسیاسییەکانی باوی نێو بیروڕای گشتیی و نوخبەی سیاسیی ئێرانی بگۆڕین کە تا ئاستێکیش تێیدا سەرکەوتوو بووین. ئێمە سڵمان لە شۆڤینیسمی دەرمارگرژی ئێرانی نەکردەوە، بەئاشکرا لەبەرانبەریاندا وەستاینەوە و دڕمان بە ناسیۆنالیسمی بەرچاوتەنگی فرەخواز دا. دەنگمان بۆ لەتاوان و تابۆ و بڤە دەرهێنانی چەمکگەلی لە چەشنی سەربەخۆییخوازیی لە هەمووان بەرزتر و دلێرتر بوو.
ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە خەڵکی کوردستان لە مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لە هەمووان زەرەرمەندتر و لە پاشەڕۆژی ڕووخانی ئەو ڕژیمەدا لە هەموو کەس پڕقازانجتر و پڕدەستکەوتترن و بۆ ئەو ئامانجەش کورد پێویستیی بە هاوپشتی و هاوخەباتی هێز و لایەن و گەلانی دیکەی ئێرانیش هەیە، تواناکانی خۆمان لەم پێناوەدا خستەگەڕ و بۆ بەدەستهێنانی هاوپشتیی و یەکڕیزیی پێویست، لە هیچ هەوڵ و کۆششێک درێغیمان نەکرد. بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و حیزبەسیاسییەکانی شێلگیر و پڕکار بووین. ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وەک سەرچاوە و جەمسەرێکی ئەکتیڤ و خاوەن ئیرادە و بڕیار، لە بەهێزو تین کردنی ئاخێزەکەدا دەوری سەرەکیی و یەکلاکەرەوەی گێڕا و بە سەرنجدان بەو ڕاستییەش، ئێمە هەوڵی پتەوترکردنی ناوەندماندا. ئێمە پێمانوابوو شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، ئەزموون و لێفێربوونی ئەوەی تێدایە کە پاسیڤ بوون لە داڕشتنەوەی ئێرانی نوێدا نەتەنیا بەقازانجی خەڵکی کوردستان نییە، بەلکوو چەشنی ئەوکات، تووشی بێمافی، پاشەکشێ، تەریک کەوتنەوە و نسکۆمان دەکات. لە ڕوانگەی ئێمەوە خەڵکی کوردستان ئەشێ پشکداری گۆڕانکارییەکان و هەر بەم پێیەش دەستکەوتە دیارەکانی ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی بن. ئێمە پێمانوایە کە خاوەندارییەتی و بەدەستەوەگرتنی جڵەوی بزوتنەیەکی شۆڕشگێڕانە، کاڵای پڕبە باڵای تێکۆشەرانی” کردەوە و گوتاردروست” ە.
تەوەرەیەکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە هەوڵ و تەقالاکانی کۆماری ئیسلامیی و نەیارانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بۆ سەر کۆمەڵە بوو. لێرەدا ئاماژەی بە زنجیرەیەکی ئامانجداری پیلانە یەک لەدوای یەکەکانی ڕژیم کرد کە بەتایبەتی لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نائاسایی پەرەیان سەندووە. هێرشی تەبلیغی و سایبێری ڕژیم بۆ سەر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و ڕێبەرەکانی لەم قۆناغەدا بەرینتر و بەرچاوتر لە هەمووکات بووە. بە یەکگرتنەوەی دوو باڵی کۆمەڵە و بەسەرئەنجام گەیشتنی پرۆسەکەی، دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانی ڕژیم و هاوکاتیش گوشارەکانی، هێندەی دیکە پەرەیان سەند. ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق دەستی ڕژیمیان بۆ گوشاری زیاتر و زەربەلێدان لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ئاوەڵاتر کرد. لەو هەلو مەرجە ناسکەدا، هەوڵی ژێربەژێر و ئاشکرای نەیارانی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەش تا ئاستێک پەرەی سەند کە لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا، کودەتاکەی دژبەرانی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی لێکەوتەوە کە تەنیا و تەنیا قازنجی کۆماری ئیسلامی و ناحەزانی کۆمەڵە و خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەکەی بەدواوەبوو.
پەلامارە تێرۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتریش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و لێکەوتەکانی، تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە بوو کە لە پلێنۆمدا خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. وێڕای مەحکومکردنی تاوانکارییەکانی حەماس و هەر چەشنە کردارێکی تێرۆریستی، هاوکاتیش لەسەر مافەکانی گەلی فەلەستین پێداگریی کرایەوە. دەور و نەخشی ئاژاوەگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەمناوەدا حاشاهەڵنەگرە. کۆماری ئیسلامی نەک لەڕووی خەمخۆری بۆ خەڵکی فەلەستین، بەڵکوو لەپێناو داسەپاندنی ئاجێندای ئیمپراتوریخوازانە و کۆنەپەرستانەی خۆی، دەستی چەپەڵ و تاوانکارانەی بۆ هەموو ناوچەکە، هەر لە عێراق و سوریەوە بگرە تا دەگاتە لوبنان و یەمەن و فەلەستین درێژ کردووە و هەموو ئەو شوێنانەی کردوەتە گۆڕەپانێکی پڕ لە شەڕ و ئاژاوە و ماڵوێرانی و ناسەقامگیری. کۆماری ئیسلامی خەڵکی بێتاوان و هەژاری ناوچەکە و لێرەشدا گەلی فەلەستینی تەنیا بۆ بەکوشتدان و قوربانیکردن لە پێناو ئامانجە نگریسەکانی خۆی پێویستە تا لەکۆتاییدا لە سەر تەرمی بێگیان و و ماڵ و ژیانە وێرانەکانیان، ماشێنی تەبلیغی سەراسەر چەواشە و شەڕئەنگێزانەی خۆی دامەزرێنێ و هەر چەشنە هەوڵێکی ئارامیی و ئاشتیخوازانە پەک بخات. ئێستا لەکەس شاراوە نییە کە لە ئاکامی ئەم سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامیدا، ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ساڵیانێکی دوورودرێژە کە ڕووی ئارامیی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە. ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە کاتێکدا سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران لەم پێناوەدا بەفیرۆ دەدات کە زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکەی لەوپەڕی هەژاری و بێکاریی و نەهامەتیدا دەژین. پلێنۆم جارێکی دیکە جەختی لەو ڕاستییە کردەوە کە بە بێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نەگەلی کورد و گەلانی ئێران و، نە هیچ گەل و وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە، ڕووی ئارامیی و بەختەوەریی بەخۆیانەوە نابینن.
چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی و شێوازەکانی نوێی خەبات، باسێکی تێروتەسەلی کۆتایی ڕاپۆرتەکەی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە بوو. شێوازگەلە جۆربەجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی گوشار و زەربەلێدان لە بزوتنەوە ڕەواکەی خەڵکی کوردستان بەگشتیی و حیزبی کۆمەڵەی کوردستان بەتایبەتی بەشێک لە ئاماژەکانی کاک عەبدوڵلا بوون. هەر لە گرتن و ڕاودوونانی چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی ناوخۆی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە بگرە تا دەگاتە ڕێکەوتنی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و لێرەشدا حکومەتی عێراقی، گوشارخستنە سەر حکومەتی هەریمی کوردستان و حیزبە دەستڕۆیشتووەکانی کوردستانی باشوور، چەندین پەلاماری درۆنی و هاژەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە و حیزبە سیاسییەکانی دیکە لە خاکی هەرێمی کوردستان، دەیان هەوڵی تێرۆریستی کە بەهۆی وشیارییمانەوە زۆرینەیان ناسەرکەوتوو بوون، هەڕەشەی تووند لە تێکۆشەرانی شاخ و شار، هەولەکانی بۆ لەچەک داماڵینی حیزبەکان و هیزی پێشمەرگە و هێرشی بەرینی تەبلیغی و سایبێری و زۆری دیکەش، بەشێکی دیکە لە شیکارییەکانی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە بوون.
لە درێژەی بەرنامەی کاری پلێنۆمی ٩ی کۆمەڵەدا، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە کە هاوکات ئەرک و بەرپرسایەتیی پێوەندییە کوردستانیەکانی کۆمەڵەشی لەئەستۆیە، باسێکی چڕوپڕی لەمەڕ بارودۆخ و ئاستی پێوەندییەکانی کۆمەڵە و حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان پێشکەش بە پلێنۆم کرد. کاک عومەر لەگەڵ ئاماژە بە ئەزموونی سەرکەوتووانەی یەکدەنگی و هاوئاهەنگیی نێوماڵی کورد لە سەروبەندی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی، پەنجەی خستە سەر کەموکورتی و ئاستەنگەکانی هەلومەرجی ئێستای پێوەندییەکان و ئاماژەی بەو ڕاستییە کرد کە بەڕیژەی دوورکەوتنەوەی حیزبەکان لە یەکتری و ساردوسڕیی پێوەندییەکانیان، خەڵکی کوردستان و خەباتەکەمان زەرەرمەند و دژبەران و دوژمنانی گەلەکەمان بەهرەمەند دەبن. هەربۆیە جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە ئەرکی هەنووکەیی ئێمە و سەرجەم لایەنەکانی دیکەشە کە لە پێناو یەکدەنگیی و یەکگوتاریی و هاوئاهەنگیی هەرچی زیاتردا، هەوڵ بدرێت.
جێگری سکرتێری کۆمەڵە پێشنیار و سازوکاری گونجاوی بۆ چارەسەریی ئالەنگاری و بەربەستەکان خستە بەردەست و جەختی لەوەش کردەوە کە لەسەر بنچینەی هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن و بڕوای قووڵمان بە کاریگەرییەکانی یەکڕیزیی بۆ گەیشتن بە ئامانج، شێلگیرتر لە هەمیشە، تواناکانی خۆمان لەمپێناوەدا دەخەینەگەڕ.
شێوازی نوێی کاروتێکۆشانی حیزب لەسەر بنەمای هەلومەرجی قۆناغی نوێی خەباتی ئێستامان، ناوەرۆکی باسێکی دیکەی دەستووری کاری پلێنۆم بوو کە لەلایەن هاوڕێ عەبدوڵلا ئازەربار ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەوە پێشکەشکرا. کاکڵی ئاماژە و شیکارییەکانی باسەکە بریتی بوو لە گۆڕانگارییەکانی ناوچەکە بەگشتی و گۆڕەپانی خەبات لە کوردستان بەتایبەتی لەلایەک و گوشار و پیلانگێڕیی و کردەوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە، کە ئامراز و شێوازگەلی نوێێ خەبات و بەرەنگاربوونەوە دەخوازێت. بەم مەبەستەش ئاڕایشی نوێی ڕێکخراوەیی و چالاکییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی حیزب تاوتوێکران و بەرنامە و پێشنیار و پەسندکراوەی پێویست هاتنە ئاراوە.
ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕاستیدۆز، کە تایبەت بە ڕووداوەکانی ٣١ی جۆزەردانی بنکەکانی کۆمەڵە ( ڕووداوەکانی ٣١ی جۆزەردان کە لە بیروڕای گشتیدا بە کودەتای دژبەرانی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە دەناسرێتەوە)، بەشێکی دیکەی بەرنامەی کاری پلێنۆمی ٩ی کۆمەڵە بوو. ڕاپۆرتی کۆمیتەکە پشتئەستوور بوو بە لێکۆڵینەوەی ڕووداوەکان، ژمارەیەکی زۆری لێدوان ( شاهیدی ڕووداوەکان)، کۆمەڵێک بەڵگەی ڕوون و حاشاهەڵنەگر و شیکاریی وردی بارودۆخی پێش ڕووداوەکان، کاتی ڕووداوەکان و لێکۆڵینەوەکانی پاش ڕووداوەکان. بەپێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگر (کە لە دۆخی ئێستادا پارێزراون و لە دەرفەتی گونجاودا دەخرێنە بەردەست کۆمیتەی بێلایەن و بیروڕای گشتیشی لێ ئاگادار دەکرێتەوە) بەردەستن کە باس لە بەرنامە و پیلانی پێشتردارێژراو دەکەن. هەروەها سەبارەت بە گیانبەختکردنی ئەو دوو پێشمەرگەیەی کۆمەڵەش، بەڵگەی تەواو بەردەستن کە ڕوونی دەکەنەوە کە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک دەستی لە خوڵقانی ئەو تاوانەدا نەبووە. کروکی و شوێنی شەڕ و تەقەکان و پۆزیسیۆن و جۆری جێگیربوونی هێزەکان و لێدوان و شاهیدانی عەینیی و حەقیقیی کاتی ڕووداوەکە و بەدواداچوونی تەکنیکیی پسپۆڕانی ئەمنی و نیزامی ناوخۆیی و دەرەکی دەریدەخەن کە ئەم دوو هاوڕێیە بە هیچ جۆرە چەکێکی هێزەکانی حیزبی کۆمەڵەی کوردستان نەپێکراون و بەڵکە کەس یان کەسگەلی دیکە بکەری ئەم کردەوە قێزەونەن. کۆمەڵە پێشتر داوای سازدانی کۆمیتەیەکی ڕاستیدۆزی بێلایەنی کردبوو. پلێنۆم لەگەڵ پێداگریی سەبارەت بە بنیاتنانی ئەم کۆمیتە بێلایەنە، ڕایگەیاند کە لەوەها ئەگەر و قۆناغێکدا سەرجەم بەڵگەکان دەخرێنە بەردەست کۆمیتەکە. بەشداربووانی پلێنۆم یەکدەنگ و هاوڕا بوون کە حیزبی کۆمەڵە کوردستان لە هەموو کەس و لایەنێک پێداگرتر و سوورترە کە ڕاستیی ڕووداوەکان بۆ هەموو لایەک و بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان ئاشکرا بکرێن و پێلانداڕێژەران و بکەران و بکوژانی ئەو دوو پێشمەرگەیەش لەقاو بدرێن و بەپێی یاسا، سزای شیاو وەربگرن. لە کۆتایی باسەکەشدا، هەڵسەنگاندن بۆ ئاکامەکانی کردەوەی تاقمە دژبەرەکەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە کرا کە چلۆن زەرەرمەندبوونی کۆمەڵە و بزوتنەوە ڕزگاریخوازانەکەی، نیگەرانیی و دڵشکانی خەڵکی کوردستان و هاوکات، کەیفخۆشیی و سوودمەندبوونی کۆماری ئیسلامی و دوژمنانی گەل و نیشتمانی لێکەوتەوە.
کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە پێشکەشکاری ڕاپۆرتی کارو تێکۆشانیان لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا بوون. چالاکییەکانی کۆمیتەی وڵاتە جیاجیاکان و ئەندامەکانیان لە دەورەی ڕابردوودا، هەڵسەنگاندنی چەندیی و چۆنیی کارەکان و کێشە و بەربەست و ئاستەنگەکانی چالاکانی ڕەوەندی کوردیی لە تاراوگە و پلاتفۆرمی گونجاو و بەرنامەی تۆکمەتر بۆ گەشەی چالاکییەکان کەوتنە بەر باس و لەمبارەیەشەوە تێبینی و پێشنیار و بڕیاری پێویست هاتنە ئاراوە.
پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمەڵە باسێکی سەرنجڕاکێشی پلێنۆم بوو. ئاوڕدانەوەیەک لە چالاکییەکانی ئەم دەورەیە و ڕاپۆرتێک سەبارەت بە پێوەندیی و سەردان و دانیشتنەکانی کۆمەڵە لە ئاستی ولاتان و نێونەتەوەیی و بەتایبەت چالاکیی چڕوپڕتر و پڕڕەنگتری سەرکردایەتیی کۆمەڵە و خۆی سکرترێری گشتیی کۆمەڵە باسێکی گەرمی هەڵخڕاند. حیزبی کۆمەڵەی کوردستان و نوێنەرەکانی لە شوێنە جیاجیاکانی ئوروپا و ئامریکا و کانادا هەروەک چۆن لە دەورەکانی پێشوودا ئەرکدار کرابوون کە لەم گۆڕەپانەشدا دەنگی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بن، ئەم دەورەیەش پشتئەستوور بە دەنگی سەرجەم ئەندامانی پلێنۆم بۆ ئەم ئەرکە ڕاسپێردرانەوە.
هەنگاوێکی دواتری پلێنۆم ڕاپۆرتی کاری دەفتەری نوێنەرایەتی کۆمەڵە بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا. لەگەڵ ڕوانگەی ئەرێنیی پلێنۆم لەمەڕ بەرنامە و چالاکییە سیاسیی و دێپلۆماسییەکانی ئەم ناوەندەی تێکۆشان لەم دەورەیەدا، بڕیاری پێویست بۆ کاری زیاتر و برەودانی چڕوپڕتر بە چالاکییەکان لە پێناو ناساندنی پرسی کورد و بەدەستهێنانی داکۆکیی بەرینتر بۆ خەباتە ڕەواکەی، تاوتوێکرا.
لە درێژەی باسی پێوەندییە دەرەکییەکانی کۆمەڵە، نوێنەرایەتیی حیزب لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، ڕاپۆرتی کارەکانی خۆی پێشکەش کرد. لەم بڕگەیەشدا، لێکنزێکبوونەوە و هاوئاهەنگیی و یەکڕیزیی و هاودەنگیی نێوان حیزب و لایەنەکان وەک پێویستییەکی هەنووکەیی جەختی لەسەر کرایەوە. ئەزموونی ناوازە و سەرکەوتووانەی یەکدەنگیی و یەکڕیزیی نەتەوەکانی ئێران بەگشتیی و حیزبەکوردستانییەکان و ناوەندی هاوکاریی بەتایبەتی، هۆکار و هاندەری هەرچی زیاتری پێوەندییەکانن. پلێنۆمی ٩ی کۆمەڵە بە سەرنجدان بەو ڕاستییە کە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگیی و هاوگوتاریی ڕەمزی سەرکەوتنمانە و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە توانای تاکە حیزب و تاکە لایەنەکاندا نییە و هەرەوەزێکی گشتگیرتری گەرەکە، جەخت و پێداگریی لەپێشووزیاتری خۆی بۆ هەوڵدان بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و کارا وچالاکتر کردنەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەسیاسییەکانی کۆردستانی ئێران و پەرەدان بە پێوەندییە سەراسەریی و نێونەتەوەییەکانی، دووپات کردەوە.
هەر لە درێژەی ئەم باسەدا، هۆکارگەلی چوونەدەرەوەی حیزبی کۆمەڵەی کوردستان لە ڕێکخراوی ” همبستگی برای آزادی و برابری در ایران” باسیان لێوەکرا و ناکۆکیی لە خاڵەسەرەکییەکانی هاوکاریی، ناتەبایی لە خەت و تێڕوانینی سیاسی بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان و لەیەک دووربوونی هەڵوێست بۆ پرسەگرنگەکان لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە بالاکانی خەڵکی کوردستان، وەک هاندەر و سەرچاوەکانی دوورکەوتنەوە و لە کۆتاییشدا چوونەدەرەوەی کۆمەڵە لەو پێکهاتەیە ئاماژەیان پێکرا. لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە، بەرژەوەندییە بالاکانی خەڵکی کوردستان لە سەرووی بەرژەوەندیی هەموو تاک و لایەن و حیزبێکەوەیە. هەربۆیە سەرجەم پێوەندییەکانی، نوێنەر و ڕێکخراوەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی حیزب لە هەموو ئاستەکاندا، لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراون. زمانحاڵ و داکۆکییکەری سەرەکیی ئەو بەرژەوەندییانە، پێناسەی جۆر و چەندیی و چۆنیی پێوەندییەکانی کۆمەڵە دەکەن و هەر لەم سۆنگەیەشەوە بۆ هاوکاریی و هاوپەیمانییەکان دەڕوانێت.
ڕاپۆرتی کاری ئەم دەورەیەی ئۆرگان و بەشە جیاجیاکانی حیزب و بەرنامەی کاری داهاتوویان، تەوەرەی دیکەی کار و باسەکانی نێو پلێنۆم بوون.
پلێنۆم لە درێژەی کاری خۆیدا، پێویستییەکانی گرتنی کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵەی تاوتوێکرد و لە کۆتاییشدا بڕیاریدا کە لێژنەیەکی تایبەت بە ئامادەکاریی کۆنگرە پێک بێت.
پلێنۆمی ٩ی کۆمەڵە، کە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەر دەستی پێکردبوو، پاش سێ ڕۆژی پڕ لێدوان و قسەوباسی چڕوپڕ، واتە ڕۆژی ١٤ی خەزەڵوەر لە کەش و هەوایەکی پڕلەتەبایی و بەسەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی
٢٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٣ی زایینی