هەمو هەواڵەکان ئەوە ئەسەلمێنن که ئەگەری هێرشی تورکیە بۆ رۆژئاۆا خەریکە دەچێتە بۆاری جێبهجێ کردن.
دەسەڵاتدارانی تورکیە ئەیانەوێت قەیرانەکانی نێو خۆیان و هەلومەرجی نالەباری وڵات بە لەشکرکێشی بۆ سەر رۆژئاوا داپۆشن و بە کاولکردن و ماڵوێرانیی لەودیوی سنوورەکانی تورکیە ماڵ و دەسەڵاتی خۆیان بە رواڵەت ئاوەدان ڕاگرن.
لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا که له ناو شەڕ و قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به تایبەت له دە ساڵی ڕابردوودا سەرلێشێواو و به لۆژیکی “ئەزمون و خەتا” دەجوڵێتەوە و ئێستاش بۆ سات و سەودا زۆر به ئاسان و بێ گوێدان بە کارەساتی مرۆڤی لەوپەڕی بێ پەیمانی، ڕۆژئاوای داعش بەزێن بۆ ھێرشی تورکیە چوڵ دەکات تا رەنگە بەم شێوەیە دیسانەوە تورکیە زۆرتر بەرەو خۆی ڕاکێشێت.
رۆژئاوا و گەلی کورد له بەرامبهر ئەزمونێکی زۆر دژواردایە و هیچ ڕێگایەکی جگە له بەرخۆدانێکی یەکگرتوانەی جەماوەریی نییە.
ئەم قۆناغەش رەنگە وەک زۆر ئەزموونی تاڵی دیکە شکستی سەربازیی بە سەر گەلی کورد و ئازادیخوازانی رۆژئاوادا بسەپێنێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە نەک کورد تێیدا ناتوێتەوە، بەڵکو شەرمەزاری بۆ داگیرکەران تێیدا تۆمار دەکرێ.
ئێمە ئەو ڕەفتار و ھەڵوێستەی ئەمریکا مەحکوم دەکەین و ھێرشی تورکیە بۆ ڕۆژئاوا بە داگیركاری دەبینین و خوازیاری وەستاندنی ئەو ھێرشەو، بەربەرکانێی گشتیی جیھانین دژ بەو پیلانە نامرۆڤانەیە.
گەڵی کوردستان له هەموو بەشەکانی پێویستە ئەرکی ئینسانی، نەتەوەیی و خەباتکارانەی خۆیی به جێبهێنێ و به جیهانی نیشان بدات که رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به بێ گەیشتنی کورد به مافەکانی هەرگیز نە دموکراتیزە دەبێ و نە ڕووی ئارامی به خۆیەوە دەبینێ.
بانگەوازی کوردەکانی دانیشتوی تاراوگه دەکەین که لەم رۆژە دژۆارەدا پاڵپشتی رۆژئاوا بن و بە ئاکسیۆن و ناڕەزایەتی دژ بەو پیلانە کارەسەتبارە بوەستن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٥ی رەزبەری ١٣٩٨
٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩