بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی مەریوانەوە گەیشتووە، بەداخەوە کاک مەلا محەممەدی نیک پەی کەسایەتی ناسراو و خۆشەویستی ناوچەی مەریوان ئەمرۆ دووشەممە ١٠ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی کاتژمێر پێنجی بەیانی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مەریوان لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیانکرد و بۆ هەمیشە ئازیزانی بەجێهێشت.
کاک مەلا محەممەد کەسایەتییەکی خۆشەویست و مرۆڤێکی بەهیممەت و تێکۆشەر بوو کە لەناو جەماوەری خەڵک لە ناوچەی مەریوان وبەتایبەت لە ئاواییەکانی چۆرونەنە خاوەن پێگەیەکی بەرز وقایمی کۆمەڵایەتی بوو.کاک مەلا محمەممەد هاوکات باوکی هاورێی گیانبەختکردووی کۆمەڵە،هاورێ لەتیف نیک پەی بوو کە فەرماندەی گوردانی کاک فوئاد و لە کادرە سیاسی و لێهاتووەکانی کۆمەڵە لە ناوچەی مەریوان بوو کە بەداخەوە هاوینی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لەناوچەی مەریوان گیانی ئازیزی بەختی ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە وخەڵکی بەشمەینەتی کوردستان کرد.لێهاتوویی و خۆشەویستی هاورێ لەتیف ئەوەندەیتر بنەماڵەی نیک پەی خۆشەویستر و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی باوکی قایمتر کردبوو، هەر بۆیە دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی گەلێک جاران کاک مەلا محمەممەدیان دەستبەسەر کرد و خستیانە ژێر ئازار و ئەسکەنجە، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی ورەی خەباتکارانەی لاواز کەن و لە تێکۆشان لە پێناو ئەو ئامانجانەدا کە لەتیفی کوری لە پێناویاندا گیانی بەختکردبوو ساردی بکەنەوە،بەمجۆرەش ئەم کەسایەتییە تێکۆشەرە هەتا دوا ساتەکانی تەمەنی دڵی بۆ ئازادی ورزگاریی گەلەکەی لێیدەدا.
بەداخەوە چوونەسەری تەمەن و نەخۆشی ئەو دەرفەتەی نەدا کە کاک مەلا محەممەد سەرکەوتنی خەباتی رەوای گەلەکەی بەچاوی خۆی ببینێ و سەرەنجام بەرەبەیانی ئەمرۆ بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا.
شایانی باسە ئەمرۆ بەیانی تەرمی کاک مەلا محەممەد لەنێو ئاپۆرەی خەڵک وبنەماڵە ودۆستان وناسیاوانیدا لەسەر وەسییەتی خۆی لە تەنیشت گڵکۆی هاورێ لەتیف نیک پەی لە گۆرستانی “چۆرونەنە” ئەسپەردە کرا.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی کاک مەلا محەممەدی نیک پەی لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئازیزی ولە هەموو خەڵکی خەباتکاری ناوچەی مەریوان و ئاواییەکانی چۆرونەنە دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی کاک مەلا محەممەدی نیک پەی بەرزوبەرێز بێت
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٣١ی مەی ٢٠٢١ی زایینی