بە گوێرەی راپۆرتی دامەزراوە و رێکخراوەکانی چاوەدێری مافی مرۆڤ، چەکدارەکانی سپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى دوێنێ دووشەممە٤ی رەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی لە شاری سەراوانی بەلووچستان لە کردەوەیەکی جینایەکارانەدا کارەساتێکی ئینسانییان خوڵقاندووە و،بە دەسترێژی راستەخۆی گوللە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ١٠ لاوى کاسبکاری بەلووچ و بریندار بوونی زیاتر لە ٥٠ کەس.
ئەم کردەوە جینایەتکارانەیەی هێزە چەکدارەکانى کۆمارى ئیسلامى بە پاساوی ڕێگریکردن لە کار و کاسبى خەڵکی زەحمەتکێش و کەمداهاتی بەلووچ کە لە سنوورى ئاسکانى پارێزگاى سەراوان خەریکى گواستنەوەى سووتەمەنین ئەنجام دراوە.
بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن ناوەندە هەواڵنێرییەکان و چالاکانی بەلووچەوە دزەیان کردووە وبڵاو بوونەتەوە،ناوی دە کاسبکارە گیانبەختکردووەکەی سەراوان بەمجۆرەیە:
١. ئەنەس ساحێبزادە
٢. ڕەحمان بەخشی دێهواری
٣. عەبدولڕەحمان شەهرستان زهی
٤. یەحیا گنگو زهی
٥. عەبدی شەهرستان زهی
٦. عەبدولوەهاب دامەنی
٧. محەمەد میربەلوچ زەهی
٨. محەممەد نەسرەت زەهی
٩. سەلمان شەهرستان زەهی
١٠. عەبدولغەفوور توتا زەهی
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بڵاو دەبنەوە هێزەکانی سوپای پاسداران بە مەبەستی ئاستەنەگ دروستکردن ورێگریکردن لە کاروکاسبی ئەو توێژە زەحمەتکێشە لە بەلووچستان کە وەک کوردستان و زۆر ناوچەی تر،ناوچەیەکی بێبەش و هەژارنشین وپەراوێزخراوە و، پێشتر لە ژێر ناوی پێدانی کارت ومۆڵەتی رەسمی بۆ گواستنەوەی سووتەمەنی بڕی هەشت ملیۆن تمەنیان لەهەر کاسبکارێک سەندووە، خاڵە سنوورییەکان و رێرەوەکانی کاروکاسبی دادەخەن و خەندەقی قووڵ لێدەدەن تا لەو ڕێگەیەوە نەهێڵن کاسبکارانی سووتەمەنیبەر هاتوچۆی سەرسنوور بکەن.
ئەم گەندەڵی و چەتەگەرییەی کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی یەکێک لە هۆکارەکانی توورەیی و نارەزایەتی کاسبکارانی بەلووچە کە بەداخەوە زۆر درندانە لەلایەن ئەم چەکدارانەوە دەدرێنە بەر دەسترێژی گوللە و بەداخەوە زیاتر لە ٦٠ کەسیان بوونەتە قوربانی. شایانی باسە زۆرجار بێجگە لە گیانلەدەستدانی کاسبکاران،ئۆتۆمبیل و کەرەسەکانی کاروکەسابەتیان ئاگرتیبەردەدەن و تووشی زەرەروزیانی قورسی ماڵیشیان دەکەن.
لە لایەکیترەوە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بریندارەکانی ئەو کارەساتە کە رێژەیان زیاتر لە ٥٠ کەس راگەیەندراوە، لەبەر مەترسی وهەرەشەی دەستبەسەر کرانیان لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران کە هەموو نەخۆشخانەکانیان بە مەبەستی دەستنەسەرکردنی بریندارەکان تەنیوە، ناوێرن بۆ چارەسەر کردن رووبکەنە نەخۆشخانەکان و، لە ماڵەکاندا خۆیان شاردۆتەوە، یان لە لایان کەس وکاریانەوە بۆ ناوچەکانی ئەو دیو سنوورەکانی بەلووچستانی پاکستان گوازراونەتەوە.
دوابەدوای ئەم جینایەتەی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران،چالاکان و هەڵسوراوانی بەلووچ لە رێگای وەرێخستنی کەمپەین،بانگەوازی کۆبوونەوەیەکی نارەزایەتییان کردووە کە لەگەڵ پێشوازی و پشتیوانیی جەماوەری بەرەوروو بۆتەوە و،کەس وکاری قوربانییەکان وژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل لە بەردەم مۆڵگەی هێزی زەمینی سپای قودس لە سەراوان کۆبوونەوە. بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی کە دەست ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە کەوتوون،سپای پاسداران بە بڵاوەپێکردنی چەکدارەکانی و لە رێگای بەکار هێنانی گازی فرمێسک رێژ و بە میلیتاریزەکردنی ناوچەکە و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران ،هەوڵی سەرکوتکردنی کۆبوونەوەی نارەزایەتی خەڵکی داوە. هەرچەند حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە رێگای هەڵبرینی هێڵەکانی ئینترنێت و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ پێوەندییە گشتییەکان مەبەستی كپکردن و شاردنەوەی راستی رووداوەکان تێکۆشاوە، بەڵام بە پێی هەواڵەکان ساختمانی فەرمانداریی شاری سەراوان لە لایەن خەڵکی نارازییەوە دەستی بەسەردا گیراوە و چەندین ئۆتۆمبیلی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە ئاگریان تێبەردەراوە و،بەشێک لە شاری سەراوان لە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدا نەماوە. شایانی باسە هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هەواڵە نارەزایەتییەکان بەردەوامن.
ئێمە لە ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵەوە وێرای سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەس وکاری قوربانییەکانی ئەم جینایەتەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە بەلووچستان و، لەگەڵ ئاواتی هەرچی زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان،پشتیوانی خۆمان لەگەڵ خەڵکی وەزاڵەهاتووی بەلووچستان و بنەماڵەی کاسبکارانی زەحمەتکێشی ئەو ناوچەیە دەردەبرین و،جینایەت و کوشتاری سیستماتیک و سیاسەتی دوژمنکارانەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە نەتەوەی بەلووچ و باقی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران و،بە تایبەت ئەو جینایەتە درندانەیەی رۆژی رابردوو دەرحەق بە کاسبکارانی بەلووچ بە تووندی مەحکووم و ریسوا دەکەین.