ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ناو ئێران کە لە پەرەسەندن دایە، بێگومان لەگەڵ هەموو ناڕەزاییەکانی پێشوتر جیاوازە. خەڵکی ئێران هەموو سیستمی حکومەتی داوەتە بەر پەلامار، توڕەیی خەڵکی ناڕازی بە کەس کۆنتڕۆڵ ناکرێت. کوردستان کە هەر لە سەرەتاوە دەنگی بە کۆماری ئیسلامی نەدا، دژی ئەو دەسەڵاتە وەستایەوەو، تا ئێستاش لە سەنگەری پێشەوەی خەبات بۆ دێمۆکراسی دایە.
لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی گەورەترین دەوڵەتی داگیرکەرە کە دوژمنایەتیەکی بەرین و بە بەرنامەی لەگەڵ بزوتنەوەی حەقخوازانەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا هەیە. ئێران لە سوریە و عێڕاق دەور و تەئسیری زۆری هەیە، لە ڕاستیدا ئەو دوو رژێمە گوێ لە مستی کۆماری ئیسلامین، تەنانەت بەشێک لە هێزە کوردیەکانیش لێی نزیکن. کۆماری ئیسلامی هەموو دەسەڵاتی خۆی خستۆتەگەڕ تا لەم دوو وڵاتە دژ بە دۆزی کورد دەور بگێڕێ. دیتمان چۆن بەرێوەبەریی هێرشی سەر کەرکوکی کرد، چۆن ئێستاش لە سوریە خۆی مات داوە تا دژ بە خەڵکی کوردستان بکەوێتە گەڕ. بۆیە تەنگەژە و گرفتی کۆماری ئیسلامی، هەوەڵین لایەن کە قازانجی لێدەبات کوردە. حکومەتی ناوەندیی هەم عێڕاق و هەم سوریە بە کز بوونی ئێران، لاواز دەبن، لاوازیی ئەوانیش کورد قازانجی لێدەبات. دیارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بزوتنەوەی کورد گەورەترین دوژمنی خۆی بە کەنەفتی دەبینێ.
بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان بە وشیاری هەم لەو خەبات و ئیعتیرازاتە بەشدار بێ و، هەم پاڵپشتی لێبکات. کوردستان بە پێچەوانەی شوێنەکانی دیکەی ئێران ئاڵترناتیوی خۆی هەیە، با ئێستا ئەم ئاڵترناتیوە بە ڕادەیەک پەڕتەوازە بێ، بەڵام گەشەی بزوتنەوەی مەدەنی و ئاستی بەرزی ئەو بزاوتە، هەم بەستێنی بۆ پێویستی هاوکاریی نێوان حیزبەکان کردۆتەوە، هەم گوشارێکی جەماوەرییە کە ئیتر هێزە سیاسیەکان ناتوانن خۆی لێ لادەن. بزوتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک ساڵی رابردودا، پێگەیشتنێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە و حەقوایە هەم پەیامە سیاسیەکەی ببیسترێ، هەم شێوازی کارەکانی.
بەشداریی و پشتیوانی لە خەباتی دیکەی شارەکانی ئێران ئەرکێکی هەم نەتەوەیی و هەم دێمۆکراتیکە. حەق نییە خەڵکی کوردستان ئەم دەرفەتە لە دەست بدات.