سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لیژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات بەبەشداری سەرجەم ئەندامەکانی، لە ئاستی کەسانی یەکەمی ڕێکخڕاوەکان، کۆبونەوە.
لەم کۆبونەوەیە ئۆنلاینەدا کە تەرخان کرابوو بە تاوتوێکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی کاروباری لێژنە و مێکانیزمەکانی ئامادەکاری بۆ “بەستنی کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی چوارپارچەی کوردستان”، مژار و بابەتی پەیوەست بەم کۆنفڕانسە گەنگەشە کران و وێڕای تەئیکید کردنەوە لە قەبووڵکردنی بەرپرسیاریەتیی بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفڕانسە لەلایەن ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مێکانیزمەکانی ئامادەکاری ئەم کۆنفڕانسە هاتنە بەرباس.
ڕێکخراوەکانی ئەندام لە لیژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات لەم کۆبونەوەیەدا وێڕای سپاسی ئەو هەوڵانەی کە لەسۆنگەی پشکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەندارییان لەم کۆنفڕانسە کردووە، بڕیاریاندا کە بۆچون و هەڵوێستە جۆراوجۆرەکانی تایبەت بە ئامادەکاری ئەم کۆنفڕانسە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە نووسراو بهێننە گۆڕێ و لە کۆبونەوەی داهاتوودا ڕەشنووسی کاروباری تایبەت بە ئامادەکاری کۆنفڕانس بڕیاری لەسەر بدرێت، پاشان ڕاسپاردەکانی ئەم کۆبونەوەیە لە چوارچێوەی هەیئەتێکی لیژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات بە سەرجەم لایەنەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕابگەیەندرێت.
لە کۆتایی ئەم کۆبونەوەیەدا ڕێزگرتن لە تێکۆشانی هەرکام لە ڕێکخراوەکان و جێگە و پێگەیان، وەک پڕەنسیپێکی کاری لیژنە تەئکیدی لێکرایەوە. هاوکات سەرجەم لایەنەکانی لیژنە بەمەبەستی بەهێزکردنی پێگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆک بوون سەبارەت بە هاوکاری یەکتر لە چالاکییە جۆراوجۆرەکان دا.