رۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی( ۴ی فێوریەی ٢٠٢١ زایینی) ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبرد.
کۆبوونەوەکە دوای چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی هەموو گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
تەوەری یەکەم و سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە بڵاوکراوەکانی ئەم دواییانەی دەنگ و ڕەنگی ( صدا و سیما)ی کۆماری ئیسلامی لە دژی هێزەکانی کوردستانی ئێران. دوای لێکدانەوە و قسە و باس لەسەر ئەو بابەتە هەموو لایەک لەسەر ئەو بابەتە کۆک بوون کە ئەمە وەک هەمیشە دەستپێکی پیلانێکی گەورەترە بۆ سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و حیزبەکانی. هەر بەو مەبەستە وا بڕیاردرا کە بە وردییەکی زیاترەوە بڕواندرێتە سەر ئەم بابەتە و بە شێوەیەکی گۆنجاو بەرهەڵستی ئەم هەڵسوکەوتانە ببینەوە.
لە بڕگەیەکی تری کۆبوونەوەکە باسێک لەسەر دەستبەسەرکراوانی ماوەی پێشووی کوردستان کرا و کۆمەڵێک ئەرکی کردەیی وەک ئەرکی ناوەند و هێزەکانی بەشدار بووی دیاری کرا.
هەر لەو کۆبوونەوەیە دا چەند بابەتێکیتریش هاتنە بەر باس و قسە لێکردن و بۆ هەرکامیان بە یەکدەنگی تەواو ڕێگە چارەی گۆنجاو دیاری کراو.
لە کۆتاییشدا وێڕای دووپات کردنەوەی پێویستی هاوکاری و هاپەیوەندی زیاتر جەخت لەسەر ئەم بابەتە کراوە کە لایەنەکانی ناوەند دەبێ هەموو هەوڵی خۆیان بۆ پووچەڵ کردنەوەی پیلانی کۆماری ئیسلامی کە مەبەستی کەلێن خستنە نێو هێزە کوردییەکانی کوردستانی ئێرانە بخەنە گەڕ و ئەم ڕاستییە دووپات و چەندپاتە بکڕێتەوە کە لە ڕوانگەی ئێمەوە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران تەنیا یەک دوژمنی هەیە و ئەویش کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران