خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
لاوانی شۆڕشگێڕ و خوڕاگری کورد!
لە ماوەی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەکوو نەریتی هەمیشەیی خۆیان هەوسار پساو دەستیان
کردووە بە ڕەشبگیری لە کوردستانی ئێران و بە دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی لاوان، ئەمنییەت و ئاسایشی کوردستانیان ڕوبەڕووی
مەترسی جدی کردۆتەوە. ڕۆژانە چەندین لاوی کورد بێ سەر و شوێن دەکرێن و لە زیندانە نەهێنییەکانی ڕێژیم دەکەونە ژێر گۆشاری
دەروونی و جەستەیی و ژیانیان لە مەترسی دایە. شەپۆلی بەکۆمەڵ دەسبەسەرکردنی لاوانی کورد لە پێناو زاڵکردنی کەشی ترس و
دڵەڕاوکی و هەروەها نائەمن کردنی کوردستان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەچێت، چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگای
ڕۆژهەڵاتی لەخۆ گرتووە کە بریتین لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگە پارێزانی کوردستان. بۆ کۆمەڵگای کوردی ڕوونە کە
ئەم توێژانە لە پێناو پاراستن و گەشەی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵات هەنگاو هەڵدەگرن، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەبێ
لەبەرچاوگرتنی یاساکانی مافی مرۆڤ و بنەماکانی ئازادی کە لە ساختار و بناغەی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەدا هەرگیز نەبیندراوە،
بە تۆمەت و پەروەندەسازی و وەپاڵ خستنی کەیسی سیاسی و ئەمنییەتی ، هەوڵی ناچالاک کردن و دروستکردنی دڵەڕاوکی لە نێو
کۆمەڵگای کوردستان دەدات و هەروەها لە ڕێگای سینەمای بە زاهیر ئیسلامی کراو، هەوڵی ناشیرین کردن و چەواشە کردنی
بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەدات.
کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێی ئێران!
پایە لەرزۆکەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەرگیز لە کوردستانی ئێران قایم نەبوون و هەنووکە کە کوردستان ترسی خستۆتە
دڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، هەر ئەو ترسەشە بۆتە هۆی ئەویکە ڕێژیم، بەردەوامیی و ئیرادە و خۆڕاگری خەڵکی تێکۆشەری
کوردستان بە تایبەت لاوانی دەرەوەست و ئازادیخواز، بە مەترسی لەسەر مانەوەی خۆی بزانێت.بە تەواوت ڕوونە کە لاوانی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان لەو کاتەوە کە کوردستان داگیرکراوە، لە بەرامبەر زەبر و زەنگ و شەڕی داسەپاو لەسەر وڵاتەکەیان بێدەنگ نەبوون و
نابن، هەر بۆیە ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەکوو هەمیشە هیچ ئاکامێکی دڵخوازی بۆ ڕێژیم نابێت و ناتوانن دەنگی
مافخوازی و هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئازادی لە کوردستان کپ بکەن.
ئێمە ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات، وەکوو هەمیشە ئەو کردوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین و ڕایدەگەینین کە
هاودەنگ و شان بە شانی خەڵکی تێکۆشەری و نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێ ئێران لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی ڕێژیم بێدەنگ نابین و
دەبینە دەنگی هەموو تێکۆشەرانی ڕزگاریخواز لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.هەروەها لاوانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو
توانامانەوە شێلگیرانە هەوڵ دەدەین کە بە یەکگرتووییمان پاشەکشە بە ڕێژیم بکەین و بە تێکۆشانی فرە چەشنمان ڕێژیم لەو کردەوە
دژە ئینسانیانەی پەشیمان بکەینەوە و ڕێگە نەدەین چیدیکە داگیرکەران بە کوشتن و بڕین و بەندیخانە وڵامی مافخوازی نەتەوەکەمان
بدەنەوە.
لیژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات
پێکهاتووە لە:
یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات
ڕێکخراوی لاوانی ئازادیی کوردستان
ڕێکخراوی لاوانی پێشرەو
یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان