رۆژی 20ی جولای 2022 تۆپخانەكانی توركیە ناوچەی گەشتیاریی گوندی پەرخی سنوری زاخۆ لە هەرێمی كوردستانیان كردە ئامانج كە بەهۆیەوە 9 هاوڵاتی سڤیل كوژران و 26 كەسی دیكەش برینداربوون.
ئێمە سەرەڕای بەداخەوە بوونمان بۆ كوژران و برینداربوون ژمارەیەك هاوڵاتی سڤیل، ئەم هێرشەی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەی گەشتیاریی گوندی پەرخی بە هەر بیانوو و پاساوێك كە بێت، مەحكوم دەكەین.
هەر دوو رژیمی توركیە و ئێران لەماوەی ساڵانی رابردوودا بە سەدان جار بە بیانوی جۆراوجۆر ناوچە سنورییەكان و خاكی هەرێمی كوردستانیان كردوەتە ئامانجی تۆپ و موشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانیان كە بەهۆیەوە زیانی گیانی و مادی بەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە كەوتووە. بەم بۆنەوە جارێكی دیكە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دەكەین هەوڵە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەكانی خۆیان بخەنەگەڕ و رێگەی دووپات بوونەوە ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن وڵاتانی داگیركەری ناوچەكە نەدەن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
21ی جولای 2022