کونفرانسی گشتیی ساڵانەی ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە وڵاتی نوروێژ بە بەشداری زۆرینەی ئەندامان لە شاری ئۆسلۆ بەڕێوەچوو .
کۆنفرانسەکە بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵە لە رێگەی سکایپ و بە شێوەی حوزوری، بە سروودی بانگەواز سروودی ڕەسمیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەستی پێکرد و دواتر دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕیزگرتنی لە یادی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و هەموو ئەوانەی بۆ ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و لە ڕێگەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورددا گیانیان بەختکردووە، ڕاگیرا. دواتر ڕاپۆرتی سیاسیی و تەشکیلاتی و ماڵیی کومیتەی نوروێژ لە لایەن هاوڕێیانی کومیتەوە پێشکەش کراو و بە تەئییدی هاوڕێیانی بەشدار گەیشت.
دواتر هاوڕێ عومەری ئیلخانیزادە سکرتێری گشتیی کۆمەڵە قسە و باسێکی پێشکەشی کونفرانسەکە کرد، هاوڕێ عومەر قسەکانی بە سپاس و قەدرزانی لە هەوڵ و چالاکییەکانی ئەندامان و کومیتەی نوروێژ دەست پێکرد و ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای کاری باش و جێگەی ڕێز کە کراوە دەرفەت و شانسی ئەوە هەیە کە کومیتەکانی کۆمەڵە و لەوانە کومیتەی نوروێژیش دەتوانن و دەبێ زیاتر لە زەرفییەتی خۆیان کەڵک وەرگرن بۆ پێشکەوتنی زیاتر.
هاوڕێ عومەر لەبەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە پێویستیی چاکسازی لە شێوازی کاری کۆمەڵە و کومیتە تەشکیلاتییەکانی کرد و وتی بۆ ئەوەی هەر جۆرە یەکگرتنێک و یەکخستنێک لە ماڵی کۆمەڵەدا سەرکەوتوو بێ پێویستە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان خۆی بەهێزتر کا و چالاکییەکانی خۆی دەقیقتر کا و بە شێوەکاری نوێوە بێتە مەیدان.
هەوڵ بۆ چالاککردنەوەی ڕێکخستنەوەکانی ژنان و لاوان خاڵێکی دیکەبوو کە هاوڕێ عومەر ئاماژەی پێکرد و تەئکیدی لەسەر گرینگی و پێویستییەکەی کردەوە.
لەبەشێکی دیکەی کونفرانسەکەدا هاوڕێیانی بەشدار سەرەنج و تێبینییەکانی خۆیان لە سەر ڕاپۆرتی کومیتە و وتەکانی هاوڕێ عومەر باس کرد و هەروەها پێشنیارەکانی خۆیان بۆ کاری داهاتووی ڕێکخراوی کۆمەڵە لە نوروێژ و هەروەها بە گشتی کاری کۆمەڵە بە ئاگاداری هاوڕێیان گەیاند، یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی ئەو قسانە پەیڕەوکردنی شێوازی کاری باشتر بۆ داهاتووی کاری کومیتە بوو.
لە کونفرانسەکەدا قسەوباسێک لە سەر دەور و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵە و ھەروەھا لە نێو کومیتەکان کراو ڕەخنە لەوە گیرا هەوڵەکان بۆ وەگەڕخستن و کەلک وەرگرتن لە هێزی ژنان و هاوڕێیانی ژنی ئەندامی کۆمەڵە کەم و ناتەواو بووە و پێویستە ڕێکارێ بۆ زیاتر خستنە گەڕی هێزەکان و زیندووکردنەوەی ڕێکخراوی ژنی کورد بەلەبەرچاوگرتنی پێویستیی بەردەوامبوونی کاری ئەو ڕێکخراوەیە کرا.
لەبەشی کۆتاییدا کومیتەی تازەی نوروێژ کە لە ٥ کەس پێکهاتووە هەڵبژێداو وبەو شێویە کۆنفراس کۆتایی پێ هات.
ئەندامانی کومیتەی نوێ بریتین لە ھاوڕێیان:
ئازاد سەڵەواتی
هیوا شامحەمەدی (یادگار)
مەلەک ساڵحی راد
کورش خاتری
ھەژیر شریعتی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان :
کومیتەی نوروێژ
208-02-25