چل ساڵ لەمەوبەر لە ناو دڵی كۆمەڵگایەكی چەوساوە و تاریك و دواكەوتو ، ڕووناكیەك لە ئاسۆوە سەری هەڵداو پەیامێك، هیواو ئومێدیكی تازەو جیاوازی خستە ناو دلی كۆمەڵگا و خەلكی كوردستانەوە.
چل سال لەوە پێش ڕێكخراوێك هەڵسوڕانی ئاشكرای خۆی لە كوردستان ڕاگەیاند كە تا ئێستاش گاریگەری ئەرێنی و گەورەی لەسەر بزوتنەوەی ژنان و بیری یەكسانیخوازیی بەرچاوو و ئاشكرایە.
كۆمەڵە پەیام هێنەری ئازادی، یەكسانی، مۆدێرنیزم و بەرابەری كۆمەڵایەتی بوو. پێشەنگ و داكۆكاری پەیگیرو جیدی پێشكەوتنخوازی و چینی چەوساوە و ژنان بوو و ئێستاكەش هەر جێگای هیوایانە.
كۆمەلە داهێنەری سوننەت گەلێكی پێشكەوتوانە و یەكسانیخوازانە بوو كە تا ئێستاش هەر مۆركی كۆمەلەی پێوەیە و لە كوردستان دا چەسپاوە.
كۆمەلە بە بەرەنگاری بونەوە لەگەل دواكەوتویی و داب و نەریتی كۆن ، بوو بە پاڵپشتی ژنان و خەباتی مەدەنی و سیاسییان.
یەكەم پۆلی پێشمەرگەی ژن شان بە شانی پیاوان، بۆ یەكەم جار لە مێژوو دا، لە لایەن كۆمەڵەوە ڕێكخرا. ئەو هەنگاوە نەك هەر دەرگای ئەو مەیدانە و زۆر مەیدانی تری بۆ ژنی كورد واڵا كرد بەڵكوو بەربەرەكانێی توندی دژ بە داب و نەریتی كۆن ڵەگەڵ خۆی هێنا.
پەیوەست بوونی بە كۆمەڵی ژنان بۆ ناو ڕیزی خەباتی چەكداری و پێشمەرگانە و هەروەها باقی بووارەكانی خەباتی سیاسی و كۆمەڵایەتی، سیما وڕوواڵەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانی گۆڕی.
ئەوڕۆ چل ساڵ تێپەڕ بووە و بیری یەكسانیخوازی و ڕزگاری ژن هەموو كوردستانی داگرتوە و بۆتە داخوازی هەموو كۆمەڵگا.
جیا لە كاریگەریی كۆمەڵە لەسەر بزوتنەوەی ژنان، پئشكەوتنخوازی و خەباتی چینی چەوساوەش لە كوردستان گوڕو تینێكی نوێی پەیدا كردوە و ناوەرۆكی بزوتنەوەی كوردستانیش كامڵتر بووە.
ئاسۆی ژنی كورد وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی كۆمەڵە و پێزانینی بەو هەنگاوە بوێرانەیە و مێژووییە، پێداگری زیاتر دەكات لەسەر مافی ژنانی كوردستان و پێی وایە كە كۆمەڵە پێویستی بە هەنگاوی گەورەتر هەیە بۆ تێكەڵ بون لەگەڵ بزوتنەوەی ژنان. خاو بونەوە و دور كەوتنەوەی كۆمەلە لە پرسی ژن و بزوتنەوەی ژنان قابیلی قبوڵ و پاساو نیە.
هیوادارین لە سالیادی چل ساڵەی ئاشكرا بونی كۆمەڵە دا جارێكی تر شاهیدی عەهد و پەیمانێكی جیدیتر ببین بۆ درێژەی ڕێبازی كۆمەڵە ، بۆ یەكسانی و بۆ یەكگرتویی زیاتر لە ناو بزوتنەوەی كوردستاندا.
سڵاو لە فیداكاری و یادی هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە
سڵاوو ڕێز بۆ بنە ماڵەی سەربەرزی گیانبەختكراوانی كۆمەڵە
سڵاو لە هەموو ڕیزەكانی كۆمەڵە
بژی ئازادی، بژی یەكسانی
ڕێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد
16ی فێریوەری ۲۰۱۹ی زائینی
بەرانبەر بە ۲۷ی ڕێبەندانی ۱۳۹۷ی هەتاوی