بیست و پێنج ساڵ بە سەر كارەساتی “گوردانی شوان”دا تێپەڕی. كارەساتێك كە بووە هۆی گیانبەختكردنی 72 پێشمەرگەی فیداكاری كۆمەڵە. 72ئەستێرەی پرشنگداری ئاسمانی خەباتی چەوساوان و بەشمەینەتان.
لە ڕۆژەكانی كۆتایی مانگی ڕەشەمەی ساڵی1366ی هەتاویدا و لە كاتێكدا كە گزنگی خۆری بەرەو بەهار بەستەڵەكی سەرمای زستانی بەرەو تواندنەوە دەبرد و سروشت بە هیوای لەبەركردنی بەرگی بە گۆڵ ڕازاوەی بەهاری بوو، هاوڕێیانی گوردانی شوان كە تا ئەو دەم دەیان حەماسە لە فیداكارییان لە مەیدانەكانی خەباتی سیاسی، كۆمەڵایەتی و نیزامیدا خولقاندبوو، نەخوازراو، كەوتنە نێو تەنوورەی ئاگری شەڕی كۆنەپەرەستانەی دوو ڕژیمی جینایەتكاری ئێران و ئێراق و لە شەڕێكی داسەپێندراو و نابەرابەردا، بوونە قوربانی و یان هەر ئەو ڕۆژە و لە مەیدانی شەڕی دەستەو یەخەدا و یان ماوەیەك دواتر و لە ئەشكەنجەگاكانی ڕژیمی ئیسلامیدا سەر بەرزانە گیانیان فیدا كرد.
خاڵێكی دیكەی جێگای ئاماژە لە كارەساتی”گوردانی شوان”دا، تیكەڵاویی خەباتكارانەی كۆمەڵە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی عێراق و سەرەنجامی هاوچارەنووسی هاوڕێیانی گوردانی شوان و زیاتر لە 5 هەزار كەس لە خەڵكی بێدیفاعی شاری حەڵەبجەیە كە هاوكات بوونە قوربانی سیاسەتی پاكتاوی رەگەزییو جینوسایدی رژیمی بەعسی روخاو.
لەماوەی 25 ساڵی رابردوو كارەساتی شەهیدبوونی گوردانی شوان لە زۆر رووەوە قسەوباسی لێكراوەو چەندین نوسراوی لەسەر نوسراوە. هێزەكانی كۆماری ئیسلامی لە 24ی رەشەممەی ساڵی 1366 پەلامارێكیان لەناوچەی خورماڵو هەڵەبجە بۆ سەرخاكی عێراق دەست پێكرد. لەم هێرشە بەربڵاوەی رژیم كە ناوی عەملیاتی وەلفەجری 10ی لێنرا نزیكەی 11 لەشكرو 8 تیپ لە سێ قەرارگای خاتەم ئەنبیا، سامن ئەئمەو قەراگای فەتح بەشدارییان تێكدا كرد. لەكاتی هێرش بۆ سەر شارەزوورو هەڵەبجە زۆرێك لەبەرازییەكانی ناوچەكەیان گرتو هێزەكانی پێشمەرگەیان خستە گەمارۆی خۆیانەوە. ستار ئەوێهەنگ كە ئەوكات بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵە لەرانیە بووە بەمجۆرە رووداوەكە دەگێڕێتەوە: كاتی هێرشی هێزەكانی رژیمی ئیسلامی، هاوڕێی گیانبەختكردوو كاكە شوكرڵا خێرابادی، ناسراو بە هاوڕێ شۆكێ كە فەرماندەی گوردانی شوان بوو، بە بێسیم كۆمیتە ناوچەی سنەی ئاگادار كردۆتەوە كە ڕژێم هێرشی هێناوە بۆ سەریان، ئەوانیش لە ئۆردوگای چنارە بوون، شۆكیو ئەوان واتا گوردانی شوان لە شارۆچكەی بیارە بوون. پرسیاری كردووە وتوییەتی ڕژێم هێرشی هێناوە ئێوە نەزەرتان چییەو ئێمە چی بكەین؟ لە لایەن كۆمیتەی ناوچەی سنەوە وەك مەسئول نیزامی جنوبی كوردستان كاك حەبیبوڵا گەوێڵی ناسراو بە حەیبەڵا كیڵانە بە بێسیم لەسەر (كوڕە كاژاوە)وە بەردەوام لە گەڵیان لە تەماسا بووە ڕۆژی ئەوەلی هێرشەكە، دوای ئەو وەختە لە گەڵ خودی شۆكی لەگەڵ یەكا لە تەماسا بوونە، لەحزە بە لەحزە تەوزیحاتی داوە بە كاك حەبیب الە ئەویش ڕاهنمایی كردوون چی بكەن، دواجار نەزەری كاك حەبیب اللە ئەوە بوو بۆ دواوە بكشێنەوە بۆ ناو عێراق، مەبەست بۆ ناو ئۆردوگاكان كۆمەڵە لە چنارە، دوایی كە ئەبینن هێرشەكە زۆر بەربڵاوەو لە چوار لاوە ئابلوقە دراون، شۆكێ باوەڕی وابوو بەرەو ناو ئێران بچن ، سەركردایەتیشیان ئاگادار كردۆتەوە كە كارێكی وا ڕویداوە، سەركردایەتیو بەرپرسانی ناوچەی سنە نەزەریان ئەوە بووە بەرگری بكەنو خۆتان لەم شەڕە بپارێزن تای نیروی كۆمەكییان بۆ دەنێرین، دوایی چەند واحیدی نیروی كۆمەكیان نارد بە قایەق بپەڕنەوە ئەوبەر لە چۆمی سیروان، دەوڵەتی ئێراق زۆر درەنگ ئەو قایەقو كەرەسانەی نایەیە ئیختیارمان، ئەوەلین واحیدێكمان كە گەیشتنە نزیك 20 مەتری ئەوەی بگەنە ئەوبەرەوە، لەوێ درانە بەر دەستڕێژی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی، كە بەداخەوە 4یان لەوێ دەستبەجێ شەهید بوونو دانەیەكیشیان دیل كرا، شەهیدەكان بریتی بوون لە «تاهیر زەبیحی،قوباد هەورامی، عەدنان هەورامی، ڕەزا خالدیان» دیلەكەش «حەمەی سەیار» بوو.
مەسئول نیزامی جنوبی كوردستان كاك حەبیبوڵا گەوێڵی ناسراو بە حەیبەڵا كیڵانە، لەتووێژێكدا كارەساتەكە بەمجۆرە دەگێڕیتەوە: دەوروبەری حەفتەیەك پێش رووداوەكە، دەنگۆی ئەوە هەبوو كە رژیم لەو ناوچەیە هێزێكی زۆری كۆكردوەتەوە و بەرنامەی هێرش بۆ ناوچەكەی هەیە. چەند رۆژێك پێش رووداوەكە هەم لە لایەن خەڵك و هەم لە لایەن هاوڕێیانی خۆمانەوە كە لەوناوچەیە بوون، هەواڵ و گوزارش لە جم وجووڵی رژیم و ئەگەری هێرش بۆ سەر ناوچەكە دەگەیشتە كومیتەی ناوەندی كە روونوێشتێكیشی دەدرا بە كومیتەی ناوچەی سنە. بەڵام لێكدانەوەی ئەم هەواڵ و گوزارشانە ئەوەی لێدەرنەهات كە ئەم هێرشە، ئاوا بەربڵاو بێت و بۆ گرتنی هەڵەبجە بێت. گوردانی شوان و فەرماندەی ئەو گوردانە لەم خەبەرانە ئاگادار كرابوون و ئامادە باشیان پێدرابوو. یەك دوو رۆژ پێش هێرشەكە، خەبەرمان پێگەیشت كە جم وجووڵی هێزەكانی رژیم لە بەرزاییەكانی دەور وبەر بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و دەستیان كردوە بە خومپارە باران و توپبارانی دەوروبەری پردی “زەڵم” و خودی پردەكە. ئەو پردە تەنیا خەتی ئیرتیباتی ئەم بەر و ئەو بەر بوو. باقی شوێنەكان یان ئاو بوو یان ئەو بەرزاییانە بو، وا بە دەس رژیمەوە بوون و تێپەڕ بوون لێیان زور سەخت بوو. كاتی گەیشتنی ئەم خەبەرە، هاوڕێ شۆكێ خێرئابادی كە فەرماندەی گوردانی شوان بوو وە هاتبوو بۆ چنارە، بە پەلە خۆی گەیاندەوە بە واحیدەكەی.
حەیبەڵا كیڵانە لەدرێژەدا دەڵێت: سەرلە بەیانی رۆژی ٢٤ی ئەسفەند هاوڕێ شۆكێ بە بێسیم پەیامی دا كە هێزەكانی رژیم هاتونەتە خوار بۆ سەر بەرزاییەكانی نزیكی مەقەڕ. من كە لە چنارە بووم بە بیستنی ئەم خەبەرە هەرچەند بڕیاردان لە سەر هەڵس و كەوتی گوردانی شوان بە من و بە كومیتەی ناوچەی سنە نەبوو دەس بەجێ و بە بێ ئەوەی ماتڵی تەكبیر و ڕاوێژ لە گەڵ سەرەوە بم پێم وتن كە ماتڵ مەبن و تەنیا بێسیمەكەتان هەڵگرن و بێنە دواوە و “بیارە” بە جێبێڵن. وەزعەكە وابوو كە هاوڕێیان تەنانەت نەیانتوانیبوو كەل و پەلە شەخسییەكانی خۆشیان هەڵگرن. بە قسە كردن لەگەل هاورێ شۆكێ بەو تەسمیمە گەیشتین كە هاورێیانی گوردانی شوان بەرەو مەسیری پردەكە و بەرەو مەنتەقەی “سەیدسادق” عەقەب نشینی كەن. بەڵام بە داخەوە خەبەریان دا كە كۆنترۆلی مەسیری هاتن بەرەو پردەكەی “زەڵم” كەوتۆتە دەس هێزەكانی كۆماری ئیسلامی و ئیمكانی پەڕینەوە لەوێوه نییە. بۆیە لە رووی ناچارییەوە روویان كردە ئاوایی “سیروان”. ئەوان دەبوو لە هەر حاڵدا لەو بەشە دوور كەوتایەتنەوە، تا لای ئێوارە بمانتوانیبایە كارێك بكەین. لەو مەسیرەدا كە ئەوان بە ناچار گرتبوویانە بەر، ئاگاداری ئەوە ببوون كە هێزەكانی حیزبی دیموكراتیش لەو دەوروبەرە لە شوێنێك لە كانی و ئاو و باخێك كۆبوونەتەوە و بە تەمای دەرباز بوونن لە ناوچەكە. بەڵام هاوڕێیانی ئێمە نەیاندەزانی كە ئەوان بە تەمان بە كام لادا بڕۆن.
دەمەو ئێوارە هاوڕێ شۆكێ كە بەردەوام پێكەوه لە تەماسدا بووین، وتی كە بە تەمان بچنە نێو ئاوایی سیروان لەوێ لە نێو خەڵكەكەدا هەم نەختێك بحەسێنەوە و هەم نان و پێخۆرێك لە گەڵ خۆ هەڵگرن و دواتر بەرەو ئەو مەسیرە بێن كە دیاری كراوە. خاڵێكی گرینگ بە تایبەت كە هەوا تاریكی دەكرد، شارەزا بوون بە مەنتەقەكە بوو، كە بەداخەوە هاوڕێیانی ئێمە لێی بێبەری بوون. نە ئاشناییەكی وەهایان لە گەڵ خەڵكی مەنتەقەكە هەبوو نە ڕێگا و بان بەڵەد بوون. ئەمە وایكردبوو كە ماندوو بوونێكی زۆر دەستیان پێبدات و بۆ نموونە رێگەی یەك سەعات بە چەند سەعات ببڕن. بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەو موشكیلەیە ئێمە كە ئیتر ئەو كات لە گەڵ هاوڕێیانی “ئاسۆس” خۆمان گەیاندبوە لای سەدەكەی “دەربەندیخان” هەوڵمان دا بە گەمی واحدێكی چەند كەسی كە هاوڕێیەكمان بە نێوی “عەدنان” كە خەڵكی ناوچەكە و به باشی شارەزای مەنتەقەكە بوو، بنێرین بۆ لایان و لە پەڕاندنەوەیاندا یارمەتییان بكەین. هەوڵمان ئەوە بوو كە بە یارمەتی “عەدنان” كە بوارەكانی چەمی زەڵم بە باشی دەناسی هەوڵ بدەین لە چەمەكە بیانكەینە ئەو بەر و ئەگەر ئاوەكەش وەها زۆر بوو كە پەڕینەوە بە ئاسانی مەیسەر نەبوایە، بە تەناف بیانپەڕێنینەوە.
كاك حەیبەڵا باس دەكات: لەو ماوەدا هێزەكانی جمهوری ئیسلامی لەو بەرەوە خۆیان گەیاندبوە لای ئاوەكە و دیارە ئێمە هیچ ئاگادارییەكمان لەمە نەبوو. واحدەكەی ئێمە كە گەیشتنە نزیكەی قەراخ ئاوەكە لە بەر تاریكی بۆیان مەیسەر نەبوو كە ئاگاداری حوزووری هێزەكانی رژیم بن و كەوتنە كەمین و تەقەیان لێكرا. بە پێی زانیاریەكان كە دواتر دەستمان كەوت، هەر لە دەسرێژی یەكەمدا چوار كەس لە هاوڕێیانی نێو قایەقەكە و لەوانە هاوڕێ “عەدنان” گیانیان لە دەس دابوو وە پەیوەندی ئێمەش لە گەڵ كاك “حەمەی سەییار” كە بەرپرسی واحیدەكە بوو وە هەر لە گەڵ تەقە لێكردنیان ئێمەی ئاگادار كرد كە تەقەیان لێكراوە، قەتع بوو.
لەم ماوەدا هاوڕێیانی گوردانی شوان لە ئاوایی سیروان بوون و خۆیان ئامادە دەكرد كە بەرەو شوێنە دیاریكراوەكان بێن. بەڵام دواتر بۆمان دەركەوت كە بە داخەوە ناوچەكە بومبارانی شیمیایی كراوە و ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە خەڵكی مەنتەقەكە ــ كە دواجار مەعلوم بوو زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە خەلكی بێدیفاع گیانیان بەختكردوە. هەر ئەو رۆژه هاورێ “كەمال ئیسماعیلی” ناسراو بە رەحمەت باوەرێز كە پزشكیاری واحیدەكە بوو خەبەری پێداین كە لەم بومبارانانەدا چەند كەسێك لە هاوڕێیانمان كەوتونەتە بەر گازی شیمیایی و حاڵیان باش نییە. ئەودەم ئەوەی لە بیرم بێت ئەو نێوی پێنج شەش كەسی برد. بەڵام هەتا هات، ئەسەری گازەكە لە سەر ژمارەیەكی زۆرتریان خۆی نیشاندەدا. ئەم مەسەلەش ئەوەندەی دیكە كاریكردبووە سەر توانای گوردانەكە و جم وجوولیانی سەختتر كردبوو.
حەیبەڵا كێڵانە دەڵێت: دەوروبەری سەعات دووی پاش نیوەرۆ بوو كو هاوڕێ “شۆكێ” وتی “دیدەبانەكانمان دەڵێن، ژمارەیك چەكدار بە پەلە بەرەو ئێمە دێن”. چەند دەقیقەیەك دواتر خەبەریدا كە دیدەبان و كەمینەكانمان لە گەڵ ئەو هێزە دەرگیر بوون. زۆری نەخایاند كە باقی گوردانیش كەوتبوونە شەڕەكە و ماوەیەك هەر لە سەر خەت بوون و هاوڕێ “شۆكێ” خەریك فەرماندەهی شەڕەكە بوو. پاش دەور و بەری چارەكێك تا بیست دەقیقە دواتر، تەماسمان بە گشتی لە گەڵ هاوڕێیان قەتع بوو.
بە داخەوە لە ئەنجامدا لە ٧٢ كەسی گوردانی شوان ٥٨ كەسیان هەر لەو شوێنە گیانیانبەخت دەكەن، ١٢ كەسیان بە برینداری و لە حاڵێكدا كە بە گازی شیمیایی مەسمووم ببوون بە دیل دەگیرێن كە دواتر بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە لە لایەن جەلادەكانی كۆماری ئیسلامیەوە ئێعدام كران، و دوو كەسیشیان كە توانیبوویان خۆیان رزگار بكەن، پاش ماوەیەكی زۆر، گەڕانەوە لامان.
لە ساڵیادی كارەساتی “گوردانی شوان”دا، وێڕای رێز گرتن لە یادی خەباتكارانەی هاوڕێیانی گیان بەخت كردووی گوردان شوان، بەڵێنی درێژەی ڕێگای پڕ لە شانازیان تازە دەكەینەوە.
تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە 66ی دووهەفتەنامەی دوارۆژدا بڵاوكراوەتەوە