رۆژهەڵاتی ناوەراست و کارییەگەرییان لەسەر یەکتر، داهاتووی شەڕی ئۆکراین و رۆڵی کۆماری ئیسلامی لەو شەڕەدا و پشتگیری کۆماری ئیسلامی لە رووسیە و رەنگدانەوەی لەسەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی رژیم هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئامریکا و گرژی و ئاڵۆزییەکان لە لەگەڵ رۆژئاوا و ئامریکا، هەرەشەکانی حکوومەتی ئێران لە ئیسراییل، ناوەرۆکی دیدارێکی «ئاسۆی رۆژهەڵات»ە لەگەڵ شوکریا برادۆست، پسپۆری ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوە لە زانکۆی ویرجینیا تێک هەروەها لیکۆڵەر لە ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە واشنگتۆن دی سی.
ئاسۆی رۆژهەڵات: وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئامریکا نزیک بۆتەوە و هەر بەو پێیەش بانگەشەی لایەنەکان چڕتر بۆتەوە و بە تایبەت دوای پاشگەزبوونەوەی بایدن لە خۆپاڵاوتن و بەربژێرکردنی خانمی هاریس کەمپینی دێموکراتەکان گەرموگورییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەجۆرێک کە تەنانەت بە پێی راپرسییەکانیش دیاریکردنی شانسی براوەبوون بۆ لایەنێک دژوارە.دەکرێ روانگەی بەرێزتان و خوێندنەوەتان لەوبارەوە بۆ خوێنەرانی ئاسۆی رۆژهەڵات باس بکەن؟
ش.برادۆست: لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بە پێی نزیک بوونی هەر دوو کاندید بە پێی و راپڕسییەکان زۆر ئەستەمە بزانین براوەی هەڵبژاردنەکان هەریس دەبێت یان ترامپ، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی ئەمریکا بە جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو سیاسەتی دەرەوەی کاریگەری دەبێت لە سەر دەنگدەری ئەمریکی کە هۆکاری ئەم گۆرانکارییەش دەگەریتەوە بۆ شەڕی ئوکراین و غەزە و ئەو نەریتەی کە سیاسەتی دەرەوە زۆر کاریگەری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا نابێت ئێستا دەتوانین بلێین گۆراوە.
ئاسۆی رۆژهەڵات: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە کاتێکدا سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ بەرێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەررۆککۆماری داهاتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا لەگەڵ کۆمەڵێک ئاڵۆزی و گرژی رووبەرووە، ئەوەی هەتا ئێستا دەبینرێ هەم دێمۆکراتەکان کە لەسەر دەسەڵاتن وهەتا رادەیەکیش کۆماریخوازەکان لەگەڵ کۆنترۆڵکردن وکەمکردنەوەی بارگرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستن، بە بڕوای بەرێزتان و بەلەبەرچاوگرتنی خۆنمایشکردنی سەربازی ئامریکا لە ناوچەکە بە تایبەت لەدوای ئەگەری رووبەرووبوونەوەی ئێران لەگەڵ ئیسراییل، پاش کۆتایی هەڵبژاردنەکان و پاش مانگی ژانوییەی داهاتوو کە سەرککۆماری نوێ دەستبەکار دەبێ سیاسەتی دەروەی ئامریکا هەر بەم شێوەی ئێستا دەمێنێتەوە یان نەخێر ئەگەری تێوەگلانی راستەوخۆی ئامریکا لەو گرژی و ئاڵۆزییانەدا هەیە؟
ش.رادۆست: لە کەم کردەنەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەردوو پارتەکە هاوڕان و بڕیارییان داوە لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریە بکشێنەوە بەڵام ئەوەی ئێستا رێگرە لە بەرامبەر جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە لە ئیدارەی بایدن شەڕی غەزەیە.
بۆیە بە کۆتاییهاتنی شەڕی غەزە ئەگەر شەڕی حزبوڵڵا و ئیسراییل بەردەوام نەبێت ئەگەری جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە بە هێز دەبێت.
لە ئەنجامی ئەم بڕیارە زەرەمەندی یەکەم کورد دەبێت لە باشوور و رۆژئاوا و هەروەها پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە باشووری کوردستان کە بە هۆی بە هێز بوونی کۆماری ئێسلامی ئێران لە عێراق لە دوای دەرچوونی ئەمریکا زەخت و فشاری تاران لە سەر سیاسەتەکانی بغداد لە دژی کورد زیاتر دەبێت کە دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی هەولێر لە تاران بۆ یەکەمجار دوای سالی ٢٠١٣ بۆ زانینی ئەم گورانکارییانەیە.
لە رۆژئاوای کوردستان لە ئەگەری رێکەوتنی ئەردوغان و بەشار ئەسەد کە ئێران و روسیە هەوڵی بۆ دەدەن کیانی بەرێوەبەرایەتی رۆژئاوا دەکەوێتە ژێر مەترسی مان و نەمان کە تا ئێستا بە هەبوونی ئەمریکا پارێزراو بووە.
تەنانەت دەوڵەتە عەرەبییەکان کە ئامادە بوون لە گەڵ ئیدارەی رۆژئاوا سەبارەت بە وەرگرتنی بەندکراوەکانی داعش کە هاوڵاتی ئەو وەڵاتانەن لە دوای ئاسایی کردنی پەیوەندییان لە گەڵ بەشار ئەسەد لە دانوستاندن لە گەڵ ئیدارەی رۆژئاوا خۆیان دوور کردەوە.
ئاسۆی رۆژهەڵات: روانگەی بەرێزتان لەسەر داهاتووی شەڕی نێوان رووسییە وئۆکراین بە تایبەت پاش کۆتاییهاتنی هەڵبژاردەکانی ئامریکا چییە؟ رۆڵی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەو هیوایەی کە کۆماری ئیسلامی بە تایبەت پاش بوونەسەرکۆماریی پزشکیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی گفتوگۆ و رێکەوتن لەگەڵ ئۆرووپا و ئامریکا هەیەتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ هەر سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی لەسەر هەرەشە و کێشمەکێشەکانی ئەم دواییانەی ئێران لەگەڵ ئیسراییل بە تایبەت دەربارەی هەرەشەی سەندنەوەی تۆڵەی ئیسماعیل هەنییە چۆن بیر دەکەنەوە؟
ش.رادۆست: لە شەڕی روسیا دژی ئوکراین
بە بردنەوەی هەریس ئەم شەڕە درێژەی دەبێت بەمەش تێوەگلان و کێشەی ئێران زیاتر دەبێت. چونکە ئەوەی ئاشکرایە ئێران یارمەتی روسیە دەدات بە مووشەک و فرۆکەی بێ فرۆکەوان و بەردەوام دەبێت بە مەش بە کردەوە بووەتە لایەن لەم شەرەی روسیەدا، بۆیە بە باوەری من هەرەوک پێشتر باسم کرد بەردەوامی ئێران لە ناردنی چەک وچۆڵ بۆ رووسیە کە لە راستیدا ئورورپا ئەم پشتگیرییەی ئێران بە هەرەشە دەزانێ بۆ سەر ئاسایشی ئورووپا ئەوە چاوەروان ناکرێ لە ئێستادا هیچ گفتوگۆ و دانوستانێک لە نێوان ئورووپا و ئێراندا روو بدا تەنانەت لەوەها دۆخێکدا ئاسۆی وتووێژەکان لەگەڵ ئامریکاش بۆ ئێران روون و باش نییە.ئەگەرچی ئیدارەکەی بایدن مەیلی بۆ سازان وتووێژ لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام کردەوەکانی ئێران رێگرن لەبەردەم بایدن کە لەوەها دۆخێکدا بەردەوام بێ لەسەر داوای گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بابەت پرسی پرۆژەی ئەتۆمی و پیتاندن و گلدانەوەی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە.کەواتە ئەگەر شەڕی ئۆکراین کۆتایی پێبێت ئەوە ئەو ئەگەرە زیاتر دەکات کە ئامریکا لەگەڵ ئێران گفتوگۆیەکانی چڕتر بکات یانیش بگەیەنە ئەنجام چوونکە دەزانین لە ئێستاشدا بە جۆرێک ئەو گفتوگۆیانە هەر ئارادا هەن، بەڵام دوارۆژی ئەم شەرە چۆن دەبێ و چۆن کۆتایی دێ، پێویستە ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە ئەگەر کامێلا هەریس براوەی هەڵبژاردنەکان بێت و دێمۆکراتەکان لە کۆشکی سپی بمێننەوە ئەوە ئامریکا بەردەوام دەبێ لەیارمەتیدانی ئۆکراین لەو شەڕەدا و ئورووپاییەکانیش هەروەتر، بۆیە ئەم شەڕە زیاتر دەخایەنێ و لەوانەیە هەتا چوار پێنج ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت و لە بەرامبەریشدا بە درێژبوونەوەی ئەو شەرە و بەردەوامبوونی ئێران لە پشتگیریکردنی رووسیە ئەوە ئێران زیاتر لە رەوتی وتووێژ ودانوستانەکان دوور دەکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر بێتوو ترامپ براوەی ئەم هەڵبژاردنە بێت بەپێی قسەکانی خودی ترامپ هەتا ئێستا و ئەوەش کە بیستوومانە و دەیزانین ترامپ دەیهەوێ تەنانەت پێش خواردنی سوێندی یاسایی ئەم شەڕە کۆتایی پێ بێت کە ئەمەش مەترسییەکی بەدواوەیە چوونکە ترامپ لەوانەیە بڵێت ناوچەیەکی جیاکەرەوە لە نێوان ئۆکراین و روسیە دیاری بکرێ کە لە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی رووسیەدان و هەروەها یارمەتی و پشتگیرییەکانی خۆی بۆ ئۆکراین رابگرێت کە لەئەگەری بڕانی پشتگیرییەکانی ئامرێکا درێژەی ئەم شەرە بۆ ئۆکراین زەحمەت دەبێ، یان هەر رێکەوتنێکی بەم شێوازە بکرێت و ئەم شەڕە لەسەر دەستی ترامپ کۆتایی بێت ئەوە زەخت وگووشارەکانی سەر ئێران بۆ یارمەتیدانی رووسیە کەم دەبێتەوە و کە ئەم گووشارانەی سەر ئێران کەم ببێتەوە یان ئەم شەڕە کۆتایی پێ بهێندرێ ئەوە بۆ ئێران دەرفەتێکە هەناسەیەک بکێشێ و دانووستانەکانی لەگەڵ ئورووپا و ئامریکا دەست پێبکاتەوە و لەو جێیەشەوە کە دەزانن ترامپ بە تەمای رێکەوتن لەگەڵ ئێرانە بەڵام بە شێوەی خۆی ئەوە دەتوانن لەگەڵ ئامریکا بەو رێکەوتنە بگەن، کەواتە شەری ئۆکراین بەمجۆرە لە قازانج و زەرەری گفتوگۆ و وتووێژ و رێکەوتنەکانی ئێران لەگەڵ رۆژئاوا و ئامریکا و ئورووپادایە و بەڵام سەبارەت بە هەرەشەکانی ئێران لە ئیسراییل پێویستە بڵێم کە ئەگەری شەڕی نێوان ئیسراییل و ئێران زۆر کەمە لە گەلەل ئەوەیکە هەر دوو وڵات لە شەڕ لە بازنەی خۆلەمێشی هاتوونە دەروە، بەڵام ئێران بە زانینی لاواز بوونی هێزی سەربازی لە بەرامبەر ئیسراییل کە پشتگیری ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکە دژی ئێرانی هەیە ئامادە نییە شەڕ دەست پێبکات.
دوو کارتی ئێران، واتە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان و هەروەها لە گەل گرووپە چەکدارەکان نەیانتوانی ئێران بکەنە براوەی شەڕی لە دژی ئیسراییل و هەروەها حکوومەتی ئێران نەیتوانی رێگری بکات لە هێرشی ئیسراییل بۆ ناوخۆی ئێران کە نموونە بەرچاوەکەی کوشتنی هەنیە لە تاران لە کات و ساتی ئامادەیی ئەمنی ئێران بوو، بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە ئێران بۆ رێگریکردن لە هێڕشکردنە سەری «بازدارندگی» بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات بەڵام کێشەی ئێران رازی نەبوونی روسیە و چینە بۆ دروستکردنی ئەم بۆمبە.