بەداخەوە سەعات ٦ی سەرلە ئێوارەی ئەمرۆ پێنج شەممە ٢٥ی مانگی گوڵان،زارا خانمی ئاجیکەند،خوشکی هاورێی گیانبەختکردوو موحەممەد عومەرعەلی ناسراو بە “حەمەی ئاجیکەند” بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و ئازیزانی بە جێهێشت.
زارا خانم کە لە ساڵرۆژی کارەساتی دڵتەزێنی بۆتێ دا گیانی لەدەستدا کە هاورێ حەمەی ئاجیکەندی برای وێرای ٢٢ کەسیتر لە هاورییانی کۆمەڵە تێیدا گیانیانبەختکرد،کچی بنەماڵەیەک بوو کە لە بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستاندا بەشداری و حزووری بەرچاو و کاریگەریان بووە.سەرەرای ئەوەیکە باوکی خوشکە زارا بە هۆی تەقینەوەی مین بۆ هەمیشە تووشی کەمئەندامی ببوو،سێ براکەی دیکەی،هاورێیان حەمەی ئاجیکەند،عەلی ئاجیکەند و عەزیزی ئاجیکەند،هەموو ژیان و تەمەنی خۆیان بۆ شۆرشی رزگاریخوازانەی کوردستان لە ریزەکانی کۆمەڵەدا تەرخانکردووە و،دایە خەجیجی دایکیشیان هەتا دوا ساتەکانی ژیانی،وێرای هەموو دژوارییەکانی ژیانی پیشمەرگانە،لە گەل کۆمەڵە مایەوە و بەشێک لە قورسایی ئەرکی خەبات و تێکۆشانی لەئەستۆ گرتبوو.
ئێمە وێرای دەربرینی خەم و پەژارەی خۆمان بە بۆنەی مەرگی زارا خانمی ئاجیکەند،پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری و بە تایبەت سەرەخۆشی لە هاورێیان حەمەی ئاجیکەند،عەلی ئاجیکەند و عەزیزی ئاجیکەند دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٥ی گوڵانی ١٣٩٩ی هەتاوی
١٤ی مەی ٢٠٢٠ی زایینی