له چەند رۆژی رابردوودا هێرشی گەورە و جەنایتکارانەی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی چەند ناوچەیەک، رەوتی رووداوەکانی خستە قۆناخێکی نوێوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان که هەر له سەرەتای ئەزمونی هەرێمی کوردستان، پاراستنی ئەم دەسکەوتە گرنگەی خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستانی بە ئەرکی خۆی زانیوە، به هاتنی داعش و داگیرکردنی بەشێک له خاکی عێراق و مەترسی گەورە بۆ سەر هەرێم، هەڵوێستی روون و ئامادەبونی خۆی بۆ هەرچەشنە هاوکاریی و هاوخەباتیی و بەشداریی له بەرخۆدان و پاراستنی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان خوازیاری ئەوەیە:
1- حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم ماوەدا هەرکام به جیا هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە و ئامادەبونی خۆیان بۆ بەشداریی له مەقاومەت و شەڕی نیشتمانی راگەیاندوە. هەلومەرجی ئەمڕۆ له هەرێمی کوردستان و داهاتوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان له رۆژهەڵات، بانگەوازی هەموان دەکات که هێزەکانمان یەک بخەین و به دروستکردنی ئۆرگانێکی هاوبەشی سیاسی و پێشمەرگانه یەکڕیزی و یەکگرتوویی بزووتنەوەی کوردستان له رۆژهەڵات، که داخوازی هەمو گەلی کوردستانە و پێویستی بزووتنەوەکەیە، مسۆگەر بکەین و به هێز و وزەیەکی یەکگرتوانە ئەرکی خۆمان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان به ئەنجام بگەیەنین.
2- کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بانگەوازی لاوانی تێکۆشەری رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات که بۆ بەشداری لە مەقاومەت و بەرخۆدان له دژی داعش و پاراستنی هەرێمی کوردستان، بەریزەکانی کۆمەڵە پەیوەست بن و له ئامادەباشیدا بن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٧ی گەلاوێژی ١٣٩٣/ ٨ی ئەگۆستی ٢٠١٤