بەداخەوە رۆژی پێنج شەممە ٥ی پووشپەر کاک ئەحمەد حەبیبی کەسایەتی سیاسی و سیمای ناسراو و هەلسووراوی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە ناوخۆی وڵات،بە هۆی گیرۆدەبوون بە پەتای کۆرۆنا لە شاری سنە گیانی لەدەست دا.
کاک ئەحمەد کە لەدایکبووی شاری مەریوان بوو،لە تەمەنی هەڵسوورانی سیاسی و چالاکیی مەدەنی خۆیدا دەورو کاریگەری بەرچاوی بوو لە رێکخستن وگروتین بەخشینی بە رەوتی روولەگەشەی جولانەوەی مەدەنی و سیاسی لەناو خۆی ولات.
کاک ئەحمەد هاوکات لەگەڵ چالاکیی مەدەنی و سیاسی لەناو خۆی ولات،دۆستی کۆمەڵە وخەمخۆری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد بوو،کە لە پێناو چارەسەر و دەستەبەربوونی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد،تێکۆشەرێکی لێبراو و کەسایەتیەکی ژیر و بەرچاوروون بوو کە بەرامبەر بە هەر رەوتێکی خۆپارێز و خۆبەدەستەوەدەر خاوەن هەڵوێست و بریار بوو.
زۆر بەداخەوە تەشەنەی پەتای کۆرۆنا و هاتنەگۆری بەربەست و رێوشوێنی خۆپارێزی، ئەو مەجالەی لێ سەندینەوە کە بۆ جاریکیتر و لەسەر وادە وبەلێنی خۆی میواندری بکەین و لەسەر کۆمەلێک پرس وبابەتی پەیوەندیداربە خەبات و چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ناوخۆ ئاڵۆگۆری بیرورا بکەین.
بێگوومان گیانلەدەستدانی کاک ئەحمەد حەبیبی خەسارێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی سیاسی و مەدەنی و هەموو چالاکان و هەڵسوراوانی ئەو بزووتنەوەیە لە ناوخۆی وڵات و،خەمێکی قورس و گرانە بۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە دۆستێکی خۆی لەدەست دا.
ئێمە بە بۆنەی مەرگی نابەوەختی کاک ئەحمەد حەبیبی،تێکۆشەر و خەباتکاری سیاسی گەلەکەمان،وێرای دەربرینی خەم وپەژارەی خۆمان،پر بەدڵ سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری کاک ئەحمەد،بە تایبەت سەرخۆشی لە فاتمە خانمی هاوسەری و کاکە ئالان و رۆژین و ئەهراڵ ی جگەرگۆشەکانی کاک ئەحمەد و،هەروەها سەرەخۆشی لە هاورێیان چیمەن جەوانروودی و عەلی خۆش نمەک و هەموو چالاکانی سیاسی ومەدەنی کوردستان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٦ی پووشپەری ١٣٩٩ی هەتاوی ٢٦ی ژووئەنی ٢٠٢٠ی زایینی