هاونیشتمانیانی بەڕێز!
کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی کوردستان!
هەواڵی شەهیدبوونی سێ ڕۆڵەی گەلەکەمان کە ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی پووشپەڕ لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی دارستانەکانی “گۆزێڵ” و “مەرەخێڵ” گیانی پاکیان پێشکەشی نیشتمان کرد، خەفەتباری کردین. بەو بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لە هەموو لایەک، بە تایبەتی بنەماڵە کۆستکەوتووەکانیان، هاوڕێباز و هاوئامانجەکانیان لە رێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان و بەتایبەتیتر لە ئەنجومەنی “ژیوا”ی پاوە دەکەین.
ئێستا ئیدی هەمووان دەزانن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای ناوەندە ئەمنییەتی و کەسانی خۆجێی سەر بە خۆیان بە پلان و پیلانی وردەوە خەریکی تێکدان و لە بەینبردنی ژینگەی کوردستان و سووتاندنی بەئانقەستی دارستانەکانی کوردستانن. هەر لەم ساڵانەی دواییدا بە هەزاران هیکتار لە دارستانەکانی کوردستان لە ماکۆڕا بگرە هەتا ئیلام لە ئاگری ڕقی ڕێژیمی تاراندا سووتاون و لەوەش زیاتر ڕۆژ نییە سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان چالاکانی ژینگەپارێز بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی! دەسبەسەر و ڕاپێچی گرتووخانەکانیان نەکەن. لێکەوتەی دڵتەزێن و لەوەش کارەساتبارتر شەهیدکردنی دڵسۆزانی نیشتمان و ژینگەپارێزانی کوردستانە کە پێشمەرگەئاسا و بە دەستی بەتاڵ و بێ هیچ ئیمکاناتێک بۆ پاراستنی نیشتمان و پارێزگاری لەو ژینگەیە تێدەکۆشن.
خەرمانانی دوو ساڵ لەوەپێش بوو کە چوار تێکۆشەری ژینگەپارێز بە ناوەکانی شەریف باجوەر، ئومێد حوسێنزادە، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا سووتان و شەهید بوون. ئەمجارەشیان لە دارستانەکانی “گۆزێڵ” و “مەرەخێڵ” سێ ژینگەپارێز و خەمخۆری نیشتمان بە ناوەکانی موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگردا گیانی ئازیزیان لەدەست دا.
ناوەندی هاوکاری پێشتریش لە کاتی شەهیدبوونی ژینگەپارێزەکانی مەریواندا ڕایگەیاندبوو کە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیاری ئەم ڕوودانە دەزانێ، چونکی بەڵگەنەوێستە بەهۆی کەمتەرخەمی و زۆرجاریش بە هەوڵی بەئەنقەست و بە پیلانی پێشوەختەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمە ژینگە و دارستانەکانی کوردستان دەسووتێن و دەبنە خەڵووز. ئەو ئاگرەش کە ئەمجارە و دیسانەکەش بووە هۆی مەرگی جەرگبڕی سێ ڕۆڵەی ژین و ژینگەخۆشەویستی کوردستان، ئاگری قین و بوغزێکە پتر لە چوار دەیەیە بەر بووەتە گیانی سروشتی کوردستان و دەستی تاوانێکی لە پشتە، کە بەردەوام ڕۆڵەکانی کورد دەکاتە قوربانی.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە هاوڕێباز و بنەماڵەی ئازیزانی لەدەستچوومان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستوپێوەندیەکانیان بە تاوانباری و بەرپرسیاری سەرەکیی ئەو ڕووداوانە دەزانێ.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژیوای پاوە، موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی و بەهیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتری بریندارانی دیکەی ئەم ڕووداوە.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٩ی پووشپەڕی ١٣٩٩