بەداخەوە ئاگادار بووین کە سەرلەبەیانی ئەمرۆ سێ شەممە ١١ی سەرماوەز ١٣٩٩ی هەتاوی بەرێز بەهادین نووری کەسایەتی سیاسی و چەپی کوردستان و عێراق لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا و بەهۆی تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا ماڵئاوایی لە ژیان کرد. بەهادین نووری کە لە بنەماڵەیەکی هەژاری کوردستانی باشوور لە ناوچەی قەرەداغ لەدایکبووە بە پێچەوانەی باوک و باپیری کە لە پیاوانی ئایینی ناوچەکە بوون،لە نێوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا و لە قۆناغی گەشە و پەرەسەندنی بیری چەپدا،هۆگری رێبازی چەپ و سوسیالیستی بووە و چۆتە ریزی تێکۆشەرانی حیزبی شیوعییەوە.پاش پێنج ساڵ و لە ساڵی ١٩٤٩ و لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا بۆتە سکرتێری حیزبی شیوعی. بەهادین نووری کە لە ریزی یەکەمین بانگەشەکەرانی بیری چەپ و سوسیالیستی لە عێراق دێتە ئەژمار، سەرەرای وەفادار مانەوەی بە بیری چەپ، بەڵام خاوەنی روانگەیەکی رەخنەگرانە بوو بەرامبەر بە رەوتە چەپەکانی عێراق. کاک بەهادین نووری کە لە تەمەنی منداڵیدا تووشی نەخۆشی “سیل”ی باڵندە ببوو وبەشێک لە سییەکانی لەدەست دابوو،بە داخەوە پاش ئەوەیکە ١٢ رۆژ لەمەوبەر تووشی پەتای کۆرۆنا ببوو کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ ماڵئاوایی لە ژیان کرد. ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی بەرێز کاک بەهادین نووری کەسایەتی سیاسی و تێکۆشەری شێلگیر و بەوەفای رێبازی چەپ وسوسیالیستی کوردستان و عێراق، پر بە دڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی و هاورێ و هاوبیرانی دەکەین.
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١١ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی ١ی دسامبری ٢٠٢٠ی زایینی