بە پێی هەواڵی گەیشتوو ئاگادار بووین کە لە ماوەی رابردوودا خەدیجە خانمی غەفووری دایکی هاورێی گیانبەختکردووی کۆمەڵە،هاورێ خالید ساڵحی بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کردوە.
هاورێ خالید ساڵحی یەکێک لە پێشمەرگە فیداکارەکانی کۆمەڵە بوو کە بە داخەوە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی گیانی ئازیزی بەختی ئامانجە بەرزەکانی کرد.
بەداخەوە دایە خەدیجە لە کاتێکدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ئازیزانی بەجێهێشت کە هێشتا خەبات لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی هاورێ خالید و هەزاران گیانبەختکردووی دیکەی کۆمەڵە بەردەوامە.ئێمە وێرای بەڵێن تازە کردنەوە بۆ بەردەوام بوون لەسەر رێباز و ئامانجە بەرزە ئینسانییەکانی هاورێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە،دڵنیاین کە ناوی دایە خەدیجە و هەزارانی دایکی جگەرسووتاوی کوردستان،وەک دایکانی شۆرش وخۆراگری لە لاپەرەکانی زێرینی مێژووی پرلە شانازیی گەلەکەماندا تۆمار کراوە و لە دوارۆژی سەرکەوتندا بەو پەری شکۆمەندییەوە رێز لە یادی ئازیزیان دەگیرێ.
ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی دایە خەدیجەی غەفووری پربەدڵ سەرخۆشی لە کاک قادری هاوسەری و هەموو بنەماڵەی ئازیز و خۆراگری دەکەین و،خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
بەرزوبەریز بێ یادی ئازیزی خەدیجە خانمی غەفووری.
کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی
١٦ی ژانوییەی ٢٠٢١ی زایینی