هاوکات لەگەڵ دەستبەکار بوونی جۆبایدن وەک سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئامریکا،رۆژانە پرسی ئەتۆمیی ئێران و پلانی داهاتووی ئیدارەی نوێی ئامریکا لەو پێوەندییەدا لە قسە ولێدوانی بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکەدا دێتەگۆرێ و زۆربەی ولاتانی دنیا بە نیگەرانییەوە لەو بابەتە دەروانن و دەستراگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی بە مەترسییەکی جیددی بۆسەر ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکە دەزانن. هەر بەو پێیەش پرسی گەرانەوەی ئامریکا بۆ رێکەوتنی ئەتۆمیی بەرجام لەگەڵ ئێران کاردانەوەی بەرپرسانی باڵای سپای ئیسرائیلی لێکەوتەوە و ژنێراڵ” ئەمیر کوخاوی” بەرپرسی ناوەندی هاوبەشی ئەرتەشی ئیسرائیل گەرانەوەی ئامریکا بۆ ئەو رێکەوتنە لەگەڵ ئێران بە “هەڵە” دەزانێ و،دوێنێ سێ شەممە ٢٦ی مانگی ژانوییە لە کۆنفرانسی ساڵانەی دامەرزراوەی لێکۆڵینەوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی زانکۆی تێلئەویو ووتی: هەر ئەگەرێکی گەرانەوە بۆ رێکەوتنی هەستەیی ساڵی ٢٠١٥ یان تەنانەت رێکەوتنێکی هاوشێوە کە لە لایەنی جۆراوجۆرەوە پێداچوونەوەی بۆ کرابێ،لە گۆشەنیگای سەربازی و ستراتیژیکی ئیسرائیل “خراپ” یان “هەڵە”یە.
ئەو دەربرینە کەم وێنانەی فەرماندەی ئەرتەشی ئیسرائیل وەک ئاگادارکردنەوەی ئیدارەی جۆبایدن لێکدەدرێتەوە کە دەڵێ لەئەگەری رەچاوکردنی پابەندییەکان لە لایەن ئێرانەوە ئامادەن بگەرێنەوە نێو رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە.
شایانی باسە کە دۆناڵدترامپ سەرۆکۆماری پێشووی ئامریکاش وەک ئیسرائیل “بەرجام”ی بە رێکەوتنێکی “خراپ” دەزانی و ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکەوتنە،بۆ ملکەچکردنی زیاتری ئێران سیاسەتی گرتنەبەری گوشاری لەرادەبەدەری بەرامبەر بە ئێران رەچاو کردو، ئێرانیش وەک کاردانەوە بەرامبەر بەو سیاسەتە لە پێنچ قۆناغی جیاوازدا پابەندییەکانی خۆی لە رێکەوتنی ئەتۆمیدا شکاند کە لەگەڵ نارەزایەتی ئامریکا و وڵاتانی ئوروپایی بەرەوروو بۆتەوە و ئەو کارەی ئێران بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە دەزانرێ.