بە گوێرەی هەواڵێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە ، دوێنێ سێ شەممە ٧ی ڕێبەندانی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی کار و ماڵی مستەفا ئیلخانیزادە، نووسەر و شاعیر و بەرپرسی ناوەندی کەلتووری و فێرکاریی “ئەدەب” لە بۆکان و ناوبراویان دەستبەسەر کردوە. .
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی مستەفا ئیلخانیزادە، ماڵەکەی و شوێنی کارەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و کامپیوتێر و کەلوپەلە تایبەتەکانیدا گرتووە.
جێگای ئاماژەیە کە ماوەی سێ هەفتەیە کە دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان کردووە بە شەپۆلێکی بەربڵاوی رەشبگیری کە لەو رەوتی دەستبەسەرکردنانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ئەدەبیی کوردستانیان لە ناوچە جۆراوجۆرەکان کردۆتە ئامانج.شایانی باسە کە زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان بە بێ هیچ بەڵگەیەکی سیاسی یان تۆمەتێکی روون و ئاشکرا و بە شیوەی پۆلیسی و نایاسایی دەستبەسەر کراون و بۆ شوێن و زیندانی نهێنی راگوێزراون.هەر ئەوەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی بەرینی نیگەرانی لە نێو بنەماڵەکان و خەڵکی کوردستاندا کە دەستبەسەرکراوەکان بخرێنە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی نامرۆڤانە و، لە ژێر گوشاردا تاوان و کردەوەی مەترسیداریان بخرێتە ئەستۆ.بە پیی دایین ئامارەکان هەتا ئێستا لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان زیاتر لە ٩٠ کەس دەستبەسەر کراون.