کەناڵی هەواڵی cbc کانادا بڵاوی کردەوە کە دەوڵەتی ئەو وڵاتە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە تۆمارێکی دەنگییە کە گومان دەکرێ دەنگی موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بێ کە تێیدا باس لە پێکانی بەئەنقەستی ئەو فرۆکەیەی هێڵی گواستنەوەی ئۆکراین دەکات کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاویشتنی مووشەک خستیەخوارەوە و لە ئاکامدا ١٧٦ کەسی ناو ئەو فرۆکەیە گیانیان لەدەست دا.
هەرچەند وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەر زاری سەعید خەتیبزادەی وتەبێژییەوە گوومان دەخاتە سەر راستیی ئەو تۆمارە دەنگییە،بەڵام کەناڵە کاناداییەکە دەڵێ هەوڵنێرەکانیان لەسەر ئەو بروایەن کە ئەو کەسەی دەنگی لەو تۆمارەدا بڵاو بۆتەوە محەممەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێرانە کە دەڵێ ” هەزار بەڵگە” بۆ لێدانی بەئەنقەستی ئەو فرۆکەیە لەبەر دەست دایە.
رۆژی ١٨ی بەفرانباری ساڵی رابردوو، چەند کاتژمێرێک پاش ئەوەیکە سپای پاسداران بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی چەند مووشەکێکی ئاراستەی بنکەیەکی چۆڵکراوی هێزەکانی ئامریکا لە عێراق کرد،فرۆکەیەکی نەفەرهەڵگری هێڵی گواستنەوەی ئۆکراین کە تەنیا چەند دەقیقەیەک بوو لە فرۆکەخانەی تاران فری بوو،خرایە خوارەوە و هەموو ١٧٦ کەسەکەی ناو فرۆکەکە گیانیان لەدەست دا.بەرپرسان وکاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دوای سێ رۆژ بێدەنگی و دەربرینی ناراست و چەواشەکارانە، لە راگەیاندنێکدا بە نێوی “ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران” ،هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەیان هەڵەی سیستمی مووشەکیی سپای پاسداران راگەیاند.
شایانی باسە لە کاتێکدا رۆژلەگەڵ رۆژ بەڵگەی زیاتر و حاشاهەڵنەگر لەبابەت راستییەکانی کارەساتی خستنەخوارەوەی ئەو فرۆکە نەفەرهەڵگرە ئۆکراینییە لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو دەبێتەوە و ئەو لێکۆڵینەوانە بوونەتە مایەی ریسوایی وشەرمەزاری بێ وێنەی حکوومەتی ئیسلامی لە بیرورای گشتی جیهانی دا، لە کوردستان و لە لایەن دەزگای قەزایی رژیمەوە داوای سزادانی ١١ کەس لە چالاکانی شاری سنە دەکرێ کە ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی سپای پاسدارانیان بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان و سڤیل شەرمەزار کردبوو.