بەرێز: سەرۆکایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان!
بەرێز: مەکتەبی سیاسی پارتی دێموکراتی کوردستان!
بەرێز: بنەماڵەی کاک دکتور رۆژ نووری شاوەیس!
بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە ١٥ی مانگی فێورییە، هەواڵی ماڵئاوایی لەژیانکردنی کاک دکتور “رۆژ نووری شاوەیس”مان پێگەیشت.
دکتور رۆژ کە لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ناسراوی کوردستان لەدایکبووە،کەسایەتییەکی تێکۆشەر و خاوەن پێگە و متمانەیەکی تایبەت بوو لە نێو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە کوردستانی عێراقدا و،لە چەسپاندنی ئاشتەوایی نێوان هێز ولایەنە سیاسییەکان و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و، دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە مەترسیدارەکاندا،هەم وەک فەرماندەیەکی لێهاتووی گۆرەپانی شەر و بەرەنگاری دژی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق و گرووپەی تێرۆریستی داعش،هەم وەک دیپلۆماتێکی وشیار و داکۆکیکارێکی شیاوی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا و،هەمیش وەک کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و بەپەرۆشی یەکریزی و تەبایی لایەنە کوردییەکان لە نێوخۆی کوردستان،سەنگ و پێگەیەکی دیار وبەرچاوی بوو.
مەرگی کاک دکتور رۆژ نووری شاوەیس خەسارێکی گەورەیە لە بزووتنەوەی مافخوازی کورد لە کوردستانی عێراق و هاورێ و هاوسەنگەرانی.
بەمجۆرە ئێمە وێرای دەربرینی خەم وپەژارەی خۆمان، بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزی کاک دکتور رۆژ نووری شاوەیس و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان دەکەین.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی
١٥ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی