بە پێی ئەو زانیارییانەی کە ماڵپەری رەسمی كۆشكی سپی بڵاوی کردووەتەوە ، جۆبایدنی سەرۆكی ئەمریكا دۆخی نائاسایی وڵاتەكەی بەرامبەر بە ئێران بۆ ماوەی یەك ساڵی دیكە درێژ كردۆتەوە.
لەم راپۆرتەدا باس لە نامەیەکی بایدن کراوە کە تێیدا وتوویەتی لەبەرئەوەی ھەڵسوكەوت و سیاسەتی ئێران نا ئاسایین و ھەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ئەمریكا، بۆیە ئەمەریكا دۆخی نائاسایی لەدژی ئێران بۆ ماوەی ساڵێكی دیكەش درێژ دەكاتەوە.
هەر چەند هەتا ئێستا ئەو جۆرەی کە بە تایبەت حکوومەتی ئێران خۆی بۆ رێکەوتن ونزیکایەتی لەگەڵ ئیدارەی بایدن ئامادە کردبوو، لێکنزیکبونەوە لەنێوان واشنگتۆن و تاران روینەداوە،بەڵام بە پێچەوانەی هەرەشەکان و ئەو ملبادانانەی ئێران،دەسەڵاتدارانی ئەو حکوومەتە لە هەموو رێگایەکەوە پەیامی سازان وتەسلیم بوون بۆ ئیدارەی بایدن دەنێرن. هەر لە درێژەی ئەم هەوڵانەیاندا ئەمڕۆ یەکشەممە، حەسەن رووحانی لە دیدارێکی لەگەڵ سیمۆن کۆڤینی وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیرلەند، رایگەیاند راستەوخۆ دوای هەڵگرتنی سزاکان،ئێران ئامادەیە بۆ پابەندبون بەرێککەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015، ئەگەر ئەمریکا سزاکان هەڵگرێت.