پێشنیوەرۆی دووشەممە 24ی جۆزەردان – 14/6/2021، وەفدێكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) سەردانی مقەڕی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی لەسلێمانی كرد.
وەفدی میوان كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان: د. مەزڵوم هەفتەن بەرپرسی كۆمیتەی دەرەوە، د. چۆمان كەنعانی ئەندامی كۆمیتەو هۆگر دەلیل ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندی دەرەوەی پژاك، لەلایەن هاوڕێیان رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵە، عەتا ناسرسەقزی بەرپرسی پەیوەندییەكانو محەمەد حەكیمی كادری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێشوازییان لێكرا.
لەدیدارەكەدا قسەوباسێكی چڕوپڕ لەسەر رووداو و پێشهاتەكانی جیهانو ناوچەكەو بەتایبەتی سیاسەتی داگیركارانەی توركیاو ئێران بەرامبەر بە بزوتنەوەی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان كراو بە ئاماژە بە رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو، هەر دوو لا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە كورد ببێتە خاوەنی ستراتیژییەكی هاوبەشو هەموو لایەنەكان خۆیان لە ئەگەری روودانی شەڕی خۆكوژی بەدور بگرن.
لەو كۆبوونەوەیەدا هەر دوو لا هاوكاریو یەكگرتوویی نێوان هێزە كوردییەكانیان بە پێویستییەكی حاشا هەڵنەگر وەسف كردو جەختیان لەسەر بەردەوام بوونی پەیوەندییەكانی هەر دوو لا كردەوە.