لەم چەند رۆژەدا، هەموو ناوچەكانی كوردستانی ئێران، لەئیلامەوە هەتا ورمێ بوونە مەیدانی بەرینی گردبوونەوە جەماوەرییەكان. ئەم كۆبوونەوانە پشتیوانیكردن لە بەرخۆدانی گەورەی كۆبانی، رەخنە لەسیاسەتەكانی هاوپەیمانان لە بەرگری نەكردنی جیدی لەكۆبانی، مەحكوم كردنی سیاسەتی توركیا لەسەركوتی خەڵكی كوردو هاوكاری ژێر بە ژێر لەگەڵ داعشو، داواكاریی بۆ ئازادی زیندانی سیاسیو.. گرتەخۆی. ئەم نمایشە بەرینە جەماوەرییە هەڵگری داهێنانی نوێ، دروشمی رادیكاڵو لەراستیدا وەڵامێكی ددان شكێن بوو بە نیەتی دووڕوانەی كۆماری ئیسلامی.
ئێمە پێشتر سپاسو پێزانینی خۆمان بۆ خەڵكی كوردستان بەهۆی جوڵانەوەیان لە بارودۆخی خەفەقانو، هاوئاهەنگییان لەگەڵ حیزبە سیاسییەكانو كۆمەڵە دەربڕیوە، ئەوەی لەم بەیاننامەیەدا گرنگی هەیە، نیشاندانی زەرفیەتی ئێستا لە بزوتنەوەی خەڵكی كوردستانی ئێرانە كە بۆ ئەم مەبەستە سەرنجی هەمووان بۆ چەند خاڵێك رادەكێشین:
1. لەم چەند رۆژەدا تەواوی هەوڵی رژیم لەسەر ئەوە بووە تا لەم باردۆخەو لە هێرشەكانی داعش بۆسەر كوردستانی عێراقو سوریا بە قازانجی خۆی كەڵك وەرگرێتو سۆزی خەڵك لەئێران بۆ لای خۆی رابكێشێت. بەڵام لەهەموو حاڵەتەكان، بزوتنەوەی جەماوەرییش بە ئاراستەیەك هەنگاوی هەڵگرت تا ریزی خۆی لە رژیم جیابكاتەوەو ئەو دوو ڕووییە نیشان بدات.
2. لەهەر ناوچەیەك بە پێی بارودۆخ، رژیم سیاسەتێكی دیاریكراوی گرتەپێش تا دروشمەكان كۆنترۆڵ بكاتو كۆبوونەوەكان لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا قەتیس بكات، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵیدا تەنانەت مۆڵەت وەرگرتنی خۆپیشاندانو تەنانەت كاتو شوێنەكەشی بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە، بەڵام لەزۆربەی حاڵەتەكان خەڵك بەبێ مۆڵەتی فەرمی هاتنە سەرشەقامەكانو، بە دروشمو ئاڵاكانیان كە وەبیرهێنەرەوەی ساڵانی پێشووی بەرەوڕوبوونەوە لەگەڵ رژیمە، رادیكاڵ بوونیان نیشانداو جەختیان لەسەر ئازادییەكانو مافە نەتەوەییو دیموكراتییەكانی خەڵكی كوردستان كردەوە.
3. تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چالاك بوونەوەو رووماڵكردنو رێكخستنی كۆبوونەوەكانیان گرتە ئەستۆ. چالاكانی مەدەنیو سیاسی، هۆشیاریو زەرفیەتی رێكخستنێكی باڵایان لەخۆیان نیشاندا. هەر بەم هۆیەش بوو كە لەچەندین حاڵەت هێزە ئەمنیو ئینتیزامییەكان هێرشیان كردەسەر كۆبوونەوەكانی خەڵكو، كەوتنە گرتنیانو نەیانتوانی سیمای واقیعیی خۆیان بشارنەوە.
4. حوزوری بەرینی خەڵك لەهەر توێژێكو بەهەر بۆچوونێكەوە، یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییەكانی ئەم نمایشە جەماوەرییانە بوو. خەڵكی كوردستان لە ئێران نیشانیانداو رایگەیاند ئێرەش هەر كۆبانییە. بە دووپاتكردنەوەی دروشمی “كۆبانی تەنیا نیە”، “كۆبانی تۆ سنەی قارەمانی”و “سەقز، بۆكان، مەهاباد، كرماشانو.. كۆبانیە”، یان بەرجەستەكردنەوەی دروشمی “یەكسانیو ئازادی” لەراستیدا جەختیان لەسەر هاوچارەنوسی خۆیان لەگەڵ رزگاریی كۆبانی كردەوە. بەشێوەی ئاشكرا مەبەستیان بوو تا زەرفیەتو هەستە نەتەوەییەكانی خۆیان نیشانی دەزگاكانی رژیم بدەنو هاوپشتی جەماوەریی نمایش بكەن. پرۆسەی جیاكردنەوەی ریزی جەماوەریی لە رژیمی ئیسلامی لە كاتی بەرگرییو پشتیوانیو كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ شەنگال دەستی پێكردو لە كاتی بەرگرییكردنی لەكۆبانی، بەشێوەیەكی بەرچاوتر بەرجەستە بووەوە.
5. ئەو خاڵانەی سەرەوەو جوڵانەوە جەماوەرییەكانو جۆشو خرۆشی خۆپیشاندەرانو، هەموو ئەمانە، دەرخەری بوونی دەورەو رۆحێكی نوێ، لەدایكبوونی زەرفیەتەكانی رێكخستنو گەشەی هۆشیارییو بەستێنی پێویست بۆ جۆڵانەوە جەماوەرییەكان بۆ بەرگریكردن لەخۆیانو مافەكانیانە. ئەو راستیانەش جوڵەیەكی نوێیان لە حیزبە سیاسییەكان دەوێت. خەڵكی كوردستانی ئێران نیشانیاندا كە ئەزمونی زیاتر لە سێ دەیە لە داعشی ئێرانیان لەبیرنەچووتەوەو بە پێستو ئێسكی خۆیان نەفرەتیان لەم رژیمە هەیەو بەدوای دەرفەتێكن تا هێزو ناڕەزایی خۆیان بە رژیمی داعشیی ئێران نیشان بدەن.
ئێمە تەواوی هەوڵی خۆمان بەكار دێنین تا بەپێی نیازەكانو دیاردەكانی ئەم سەردەمە لەخەباتی جەماوەرییو مەدەنی، چالاكییە سیاسیو رێكخراوەییەكانی خۆمان هاوئاهەنگ بكەینو رێكیان بخەینەوە. گومان لەوەدانیە ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە جەماوەرییە داوێنی كۆماری ئیسلامیش دەگرێتەوە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
21ی پوشپەڕی 1393
13ی ئۆكتۆبری 2014