پاش ئەوەیکە ئێوارەی ئەمرۆ میرزا محەممەد حوسێن پەناهی،باوکی دوو هاورێی گیانبەختکردووی کۆمەڵە، ئەشرەف و رامین حوسێن پەناهی لە نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە ماڵئاوایی لەژیانکرد و بریار بوو سبەینێ پێنجشەممە لە گۆرستانی گەورەئاوایی قوریچیا بەخاک بسپێردرێ، ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیم لە شاری سنە لە پیلانێکی قیزەوندا و بە دزینی تەرمی خاڵۆ میرزا و بردنەوەی بۆ ئاوایی قوریچیا، بە رژاندنی هێز و بە زۆری چەک چوونەتە سەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی و گوشیاریان خستوونەتە سەر کە دەبێ هەر ئەم شەو و بە بێدەنگی تەرمی خاڵۆ میرزا ئەسپەردە بکەن.
ئەم کردەوەیەی هێزەکانی رژیم لەگەڵ نارەزایەتی و کاردانەوەی خەڵکی ئاوایی قوریچیا رووبەروو بۆتەوە و خەڵکی ئاوایی بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی رژیم بەرەوروو بوونەتەوە.شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم پیلانگێرییەی ئیدارەی ئیتلاعات خەڵکی دڵسۆز و بەپەرۆش پۆل پۆل لە شاری سنەو ناوچەی لەیلاخەوە بۆ پشتیوانی کردن لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی بەرەو قوریچیا کەوتوونەتە رێ.
ئێمە ویرای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە قیزەونەی کۆماری ئیسلامی داواکارین کە خەڵکی خەباتکاری کوردستان و بە تایبەت شاری سنەی سەربەرز و ناوجەی لەیلاخ بە پشتیوانیکردن لە دایە شەریفە و بنەماڵەی داغداری حوسێن پەناهی ئەم پیلانگێرییەی هێزەکانی رژیم پووچەڵ بکەنەوە و خوازیاری ئەوە بن کە تەرمی خاڵۆ میرزا لە رێورەسمێکی شایستەدا و لە ئاپۆرەی کەسوکار و خەڵکی ناوچەکەدا ئەسپەردە بکرێ.
کومیتەی رێکخستنی ناوخۆی کۆمەڵە
۲٤ی خەرمانانی ۱٤۰۰ی هەتاوی