بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری سنەوە بەداخەوە دوێنێ چوارشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی کاک ئەحمەد فیروزیار لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیانکردووە.
کاک ئەحمەد فیروزیار لەگەڵ ئەوەی پیاوێکی زەحمەتکێش و بە هیممەت و جێی متمانە و خۆشەویستی ناسیاو و خەڵکی شاری سنە بوو،لە هەمانکاتدا باوکی کادر و فەرماندەی ناسراوی کۆمەڵە،هاورێ یەدوڵڵا فیروزیار ناسراو بە عەلا سنە بوو.
هاورێ “عەلا سنە” کە یەکێک لە پێشمەرگە فیداکارەکانی کۆمەڵە بوو،بە پێی لێهاتووی و فیداکارییەکانی سەرەتا لە ناوچەی بۆکان وەک فەرماندەی پەل و دواتر وەک فەرماندەیەکی نیزامیی لێهاتوو لە ناوچەی ورمێ درێژەی بە هەڵسووران و خەباتی خۆی دا. زۆر بە داخەوە هاورێ عەلا کە لە نێو هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا کادرێکی لێهاتوو،کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێ باوەر ولێهاتوو بوو، رۆژی ١٨ی مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شەرێکی قارەمانەدا بەرامبەر بە هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاوایی “کانی سپی ” ناوچەی ورمێ گیانی ئازیزی لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە و شۆرشی رزگاریخوازانەی کوردستاندا بەختکرد.
هەرچەند خەمی لەدەستدانی ئەو رۆڵە خۆشەویستەی کاک ئەحمەد قورس و دڵتەزێن بوو،بەڵام هەرگیز وهەتا دواساتەکانی تەمەنی نەک ورەی لەدەست نەدا،بەڵکوو خەمی لە دەستدانی رۆڵە ئازیزەکەی کردە تین وتوان و هێزێکی لەبن نەهاتوو بۆ وەفادار مانەوە لەسەر ئەو رێبازەی کە هاورێ عەلا لە پێناویدا گیانی ئازیزی بەختکرد.
ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی کاک ئەحمەد فیروزیار پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەـاڵە و کەسوکاری ئازیزی،بە تایبەت سەرەخۆشی لە کوبرا خانمی جەلالی هاوسەری کاک ئەحمەد ، شیرین خانمی خوشک و کاک جەماڵی برای هاورێ عەلا و هەموو خەڵکی شاری سنەی سەربەرز دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی کاک ئەحمەدی فیروزیاربەرز و بەرێز بێت.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی
١١ی نوامبری ٢٠٢١ی زایینی