پاش نیوەرۆی رۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی،هاورێ عومەری ئیلخانی زادە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە هاورێیەتی کەریم کەریمی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و نوێنەری کۆمەڵە لە هەولێر و ئارام مودەریسی بەرپرسی سکرتاریەتی کۆمەڵە ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر لە لایەن بەرێز دکتور کاوە مەحموود سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان و هەندرێن ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هاوتا رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
لەو دیدارەدا هاورێ عومەری ئیلخانی زادە لە لایەن کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وە پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی حەوتەمی حیزبی شیوعی کوردستان و هەڵبژێردرانەوەی دکتور کاوە مەحموود وەک سکرتێری حیزبی شیوعی لە خانەخوێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
پاشان بەرێز دکتور کاوە مەحموود سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان باسێکی گشتی لەسەر ئەجندای کۆنگرەی حەوتەمی حیزبی شێوعی کوردستان و بەرنامەکانی داهاتووی ئەوحیزبەی لە ئاستی پرۆسەی سیاسی ئێستای کوردستان و ناوچەکە باسکرد و،پرۆژەکانی حیزبەکەی بۆ داهاتووی کاری خۆیان لەبابەت پرسە گرینگە سیاسی و نەتەوەییەکان خستە روو.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا هاورێ عومەری ئیلخانی زادە وێرای سپاس و دەربرینی سەرنج و تێبینیەکانی،لەسەر پێویستی خاوەندارێتی لە پرسە نەتەوەییەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کاریگەریی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی کوردستان و ئامادەکاری بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاڵوگۆرە چاوەروانکراوەکان لە ناوچەکەدا،لەسەر پێویستیی دیالۆگ و هاوکاری زیاتر و رۆشنتری نێوان هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی کوردستان پێداگری کرد و،هەرتک لا لەسەر درێژەدان و پەرەدان بە پرۆسەی هاواهەنگی و دیالۆگی نێوانیان جەختیان کردەوە.
هەر لەو دیدارەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان لەسەر ئەوە پێداگرییان کرد کە بە مەبەستی سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز و کەسایەتییە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان تێبکۆشن.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی