٨ی مارس رەمزی مێژووی خەبات بۆ یەکسانیە
زیاتر لە یەک سەدەیە کە ژنان لە سەرتاسەری جیهان، ٨ی مارس وەک سەمبۆل و رەمزی خەبات دژی بێمافی ژنان و هەوڵ بۆ کۆمەڵگایەکی یەکسان و ئازاد بەرز راگرتووە و لەم رۆژە جارێکیتر وەبیری جیهان دێنەوە کە هەتا ژنان نەگەنە مافە مرۆییەکانی خۆیان و لە هەموو بوارەکاندا لە دەرفەتی یەکسان بۆ ژیان و پێشکەوتن و پشکووتن بەهرەمەند نەبن و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە بەرانبەر یاسادا یەکسان نەبن، ناتوانین خاوەنی کۆمەڵگایەکی شیاوی مرۆڤ بین. خەبات و تێکۆشانی ژنان لە یەک سەدەی رابردوودا لە دژی یاسا و کلتورە دواکەوتووانە و سیستەمی پیاوسالاری، توانیویە تا رادەیەکی زۆر بە ئامانجەکانی خۆی بگات و سیمایەکی نوێی بەخشیوە بە جیهان.
گەشە کردنی بیری فێمێنیستی لە نێو هەموو چین و توێژەکان و پەرەسەندنی خواستی یەکسانیی جێندەری توانیویە دەسکەوتی گەورەی هەبێت و دۆخی ژنان لە زۆرێک لە وڵاتان بگۆرێ. لەم نێوەدا ژنی کوردیش لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە کاروانی خەبات بۆ یەکسانی پێشەنگ بووە و لە نێو چەقی رووداوە ئاڵۆزەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین، توانیویە جیاواز دەرکەوێت و هاوکات هەڵگری قورسایی خەباتی یەکسانی و نەتەوەیی بێ. ئەوەی خەباتی ژنی کورد جیاواز و قورستر دەکات بێجگە لە بوونی ستەمی رەگەزی، ستەمی نەتەوەییە کە بە درێژایی مێژووی بزاڤی گەلی کورد، چ راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ تێیدا لەهێز و توانای ژنان کەلک وەرگیراوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر رەواڵەت و ناوەرۆکی بەرخۆدانی ژنی کورد بووە.
هەر بۆیە پرسی ژن لە کوردستان جیا لە باقی فاکتەرەکانیتر پەیوەندیەکی چڕوپڕی بە پرسی نەتەوەییەوە هەیە بە جۆرێک کە هەر رادە کە بزاڤی کورد بەرۆژ بووە و پێشکەوتنی بە خۆوە دیوە کاریگەری ئەرێنیی راستەوخۆی لە سەر گۆرینی هزری کۆمەڵگا لە ئاست ماف و خواستەکانی ژنان بووە. دەسەڵات و کلتوری سیاسی هەروەک چۆن لە جیهاندا شوێندانەر بووە لە سەر هزر و کلتووری کۆمەڵایەتیی خەڵک، لە کوردستانی رۆژهەڵاتیش سەرەرای ئەوەی کورد خاوەن دەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵام شاهێدی شوێندانەربوونی کلتووری سیاسی لە سەر کۆمەڵگا بووە. کە ئەمەش بەشی هەرەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕاپەڕینی ساڵ١٣٥٧ی هەتاویی و ئاشکرابوونی خەباتی کۆمەڵە وەک حزبێکی چەپ و سێکۆلار و یەکسانیخواز. دوای ڕاپەڕین دەرفەتی گونجاو و بەستێنی لەبار بۆ خەباتی گەلی کورد هاتەئاراوە کە کۆمەڵە بە هزری نوێ و لێکدانەوەی دروست توانی گۆرانکاری لە کلتوری سیاسی لە بزاڤی کورددا پێکبێنێ و چیتر سیاسەت تەنیا لە پاوانی چین و توێژێکی تایبەت نەمایەوەو بوو بە بەشێک لە ژیانی هەموو کەسێک. لەم نێوەدا بۆ ژنانیش ئەم دەرفەتە خۆلقا تا بتوانن راستەوخۆ بەشداری رووداوە گرنگەکانی کوردستان بن و رواڵەت و ناوەرۆکی بزاڤی کوردیان لە رۆژهەڵات گۆڕی.
هەر بۆیە ژنی کورد بۆ ئەوەی بتوانێ لە هەر دوو بوارەدا کاریگەر بێ، پێویستە بە تیکهەڵکێش کردنی ئەم دوو خەباتە واتا پرسی یەکسانی و پرسی نەتەوەیی، هەنگاوەکانی بەرەوپێش ببات. تێگەیشتن لە تایبەتمەندی و جیاوازیی خەباتی ژنی کورد لە چاو ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ئێران، وێڕای بوونی خاڵی هاوبەش، یارمەتیدەر دەبێ بۆ ململانێ لە گەڵ ئاستەنگ و بەربەستەکان. کۆمەڵە و ژنانی کۆمەڵە وەک پێشەنگی خەباتی فێمێنیستی لە مێژووی کوردستان، پێویستە دیسان خەباتی یەکسانیخوازی لە ئێستادا بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی سەرشانی خۆیان بزانن و خوێندنەوەو لێکدانەوەی ئەمڕۆییان بۆ دۆخی ژنی کورد هەبێ. گەشە کردنی بیری ئیسلامی سیاسی و هاتنە مەیدانی کەس و لایەنگەلێک بە پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی بۆ چەواشە کردنی خەباتی کورد مەترسییە بە تایبەت بۆ سەر ماف و ئازادیەکانی ژنان، هەر بۆیە ئەرکی هەموو چالاکانی کۆمەڵە لە ناوخۆی کوردستانە تا بە شێوازی جۆراوجۆر، گەشە بە بیری پێشکەوتنخوازی و یەکسانی بدەن و ٨ی مارس بکەنە دەرفەتێک بۆ پاشەکشە کردن بە کلتوور و نەریتی دواکەوتوو و پیاوسالارانە.
با ٨ی مارس بکەینە ڕەمزی خەبات بۆ سڕینەوەی هەموو ئەو لەمپەر و بەربەستانەی بەر بە سەرکەوتنی خەباتی یەکسانیخوازانە لە کوردستاندا دەگرن. لە کوردستانێکی سەربەستدا کە عەداڵەتی ئابووری لە ئاستێکی بەرزدا بێ و تاکەکان لە ئازادییەکانیان بەهرەمەند بن و دەسەڵاتێکی پێشکەوتوو و دیموکراتیک بەسەر وڵاتدا زاڵ بێ، ئامراز و پشتیوانی بۆ کاری یەکسانیخوازانە زیاترە و دەرفەت بۆ ڕۆشتن بەرەو ڕزگاریی یەکجاری ژنان لە زوڵم و ستەمی جینسییەتی زۆر زیاترە.
لە کۆتاییدا جێی خۆیەتی ڕێز بگرین لە خەبات و قوربانیدانی ژنانی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و یادی ژنانی گیانبەختکردووی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە بەرزڕاگرین. ئەو هاوڕێیانە بە لەخۆبردوویی و تێکۆشانیان مێژوویەکی پڕ لە شانازی و دەسکەوتیان تۆمار کرد و بوونە ڕێگەخۆشکەری ڕێبازی یەکسانی و مافی بەرابەری ئینسان. بە دڵنیاییەوە جیلی ئەمڕۆ و داهاتووی ژنانی کۆمەڵەش دەتوانن و دەبێ درێژەدەر و پەرەپێدەری ئەو ڕێباز و بیرە بن و بە خۆ پەروەردەکردن و خۆ ئامادەکردن ببنە کۆڵەکەی قایم و ڕێبەر و پێشەنگی خەبات بۆ ئازادی و مافی یەکسان بۆ ژنان و گۆڕینی ڕوانین و سیستەمی ناڕەوای باوکسالارانە لە کۆمەڵگادا.
سەرکەوێ خەباتی یەکسانیی ژنان
نا بۆ کۆنەپەرەستی و پیاوسالاری
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٥ی رەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاویی
٦ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی