خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد!
لەگەڵ پەرەسەندن و گەشەی خەبات و بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لەدژی سیستمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی، دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە رێگای دەست و پێوەندەکانی خۆی و بە کەڵک وەرگرتن لە هێندێک کەناڵ و پەیجی ئاراستەکراو لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستیان داوەتە پیلانی قیزەونی ناوزڕاندنی خەڵکی خۆش نێو و خەباتکاری کوردستان.
ئێمە لێرەوە خەڵکی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو کردەوەیەی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی پیلانگێرییەکی ئاشکرا و بێزراوە و،ئێمە وێرای مەحکوومکردنی ئەم کردەوەیە،خەڵکی خەباتکاری کوردستان و هاورێیانی کۆمەڵە لە هەموو ناوچەکان دڵنیا دەکەینەوە کە ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی کۆمەڵە زۆر بە وردی چاودێریی ئەم جموجۆڵانەی دەزگا ئەمنییەکانی رژیم دەکەن و،وێڕای رێز و خۆشەویستیمان بۆ ئەو بەشە لە خەڵکی خەباتکار و جێ متمانەی کوردستان کە بوونەتە قوربانیی ئەم پیلانگێرییە،داواکارین کە هەموان بەوپەری بەرپرسیارەتی و وشیارییەوە ئەم پیلانگێرییەی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ بکەنەوە.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.
۲٨ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ی هەتاوی
۱۹ی نوامبری ۲۰۲۲ی میلادی