خەڵكی خەباتكاری ئێران
ژنان، كرێكاران، بازاڕیان، خوێندكاران و چین و توێژەكانی كۆمەڵگای ئێران
زیاتر لە دوو مانگە كە ئاخێزی شۆڕشگێرانەتان دژی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی بەردەوامە و زۆربەی ناوچەكانی ئێرانی گرتووەتەوە. خەڵكی خۆڕاگر و خەباتكاری ئێران لە شۆڕشی نوێی ژن، ژیان، ئازادی روخانی ئەم رژیمە خوێنڕێژەیان كردوەتە ئامانج و تا سەركەوتنی یەكجاری هەدا نادەن.
لەم رێبازەدا بەداخەوە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناڕازی لەوانە زیاتر لە 50 منداڵ بە دەستی هێزە سەركوتكەرەكان گیانیان لەدەستداوە و بەهەزاران كەسیش برینداربوون یان دەستگیركراون. لەم نێوەندەدا كوردستان كە هەمیشە و لەهەموو قۆناغەكاندا پێشڕەوی خەبات دژی رژیم و مەتەرێزی لەشكان نەهاتووی خەڵكی ئازادیخوازی سەراسەری ئێران بووە، پشکێكی گەورەی لەم قوربانیدانە كەوتووەتە سەرشان و رۆژانە شاهیدی هێرشی بێڕەحمانەی هێزی ئێنتزامی و پاسدارانی تیرۆریست بۆ سەر خەڵكی كۆڵان و شەقامەكانی كوردستانین كە بەچەكی جەنگی دەیانكەنە ئامانج. چەند رۆژێكە رژیم بە هەموو هێزی خۆیەوە لە كوردستان حەمامی خوێنی وەڕێكسختووە و قەتڵوعامی گشتیی گرتووەتەبەر.
ئەم ئاخێزە سەرتاسەرییە بە بێ هاودڵی و یەكگرتوویی زیاتری هەموو چین و توێژەكانی خەڵك بەسەركەوتن ناگات. ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران داوا لە حیزب و لایەنە سیاسییەكان، چالاكوانانی مەدەنی و هەموو توێژەكانی خەڵك لەسەراسەری ئێران دەكەین لە پێناو بەهێزكردنی ئەم یەكگرتووییە و پشتیوانی لەخەڵكی خەباتكاری كوردستان رۆژی پێنجشەممە 3ی سەرماوەزی 1401 مانگرتنێكی گشتیی بەڕێوەببەن.
داوا لە هەموو ژنانی خەباتكار، كرێكارانی ناوەندە پیشەسازییەكان، بازاڕیان، مامۆستایان و خوێندكاران دەكەین لەم رۆژەدا بە مانگرتنی گشتیی پەیوەست بن. هەروەها میدیا دیموكراتیك و ئازادیخوازەكان بە بڵاوكردنەوە و روماڵكردنی ئەم بانگەوازە پشتیوانی خۆیان لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی ئێران رابگەیەنن تا جارێكی دیكە هەموو پێكەوە بە دەنگێكی بەرز خوازیاری روخانی ئەم رژیم منداڵكوژە بین.
ژن، ژیان، ئازادی
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
1ی سەرماوەزی 1401 – 22ی نۆڤامبری 2022