مرۆڤ پێویستە بە ئاستێک لە تێگەیشتوویی هزریی و کەلتووریی بگات کە چەمکگەلی وەک خەبات و ئازادی و بەرابەریخوازیی و نیشتمانپەروەری لە چوارچێوە و فۆرمی کۆمەڵێک دروشمی سیاسیی بەتاڵ و تاکڕەهەندیی بێنێتە دەرێ و هاوتەریب و ئاوێتەی نیشتمان خۆشەویستیی و ژینگە و سروشتپارێزییان بکات. نیشتمانپەروەریی واتە خاک و دار و بەرد و ڕوبار و کوێستان و لێڕەوار و زنوێر و کۆڵان و شەقامەکانی وڵاتەکەت خۆش بوێت، بیپارێزی و، لەدژی هەرچەشنە داگیرکاریی ، تێکدان و دەستدرێژییەک بۆ سەری بووەستیەوە.
سەرجەم بوونەوەرەکانی سەرگۆی زەوی لەگەڵ سروشت و ژینگەی خۆیان هاوئاهەنگ و تەبا و ڕێکن جگە لە مرۆڤ. هیچ گیانلەبەرێک چەشنی مرۆڤ لە سەرچاوە و خوڵقێنەری خۆی هەڵنەگەڕاوەتەوە. مرۆڤی هاوچەرخ زیاتر لە قۆناغەکانی پێشووتری مێژووی خۆی، بوونەوەرێکی یاغی و سەرکەش و ناڕێک و ناتەبا لەگەڵ سروشت و ژینگەیە. لە پەلەقاژەی مرۆڤ بۆ گەشەپێدانی چوارچێوەی ژیان و دەسەلاتی خۆی و گەیشتن بە خولیا و خەونەکانی، سروشت گەورەترین قوربانییە. سروشت ئەو واتا جوان و پاک و پاراو و خۆڕسک و ئافرێنەرەیە کە هێشتا دەستی وروژێنەرو تێکدەر و پاوانخوازانەی مرۆڤی پێنەگەیشتووە. گۆی زەوی هێلانەیەکی گەورەی ژیان و حەسانەوە و وەچەخستنەوەیە بۆسەرجەم بوونەوەرەکانی کە هەموویان جگە لەمرۆڤ، بە پشکی خۆیان ڕازین. شەڕە هەرەگەورەکەی مرۆڤ لە خەباتێکی بێوچان بۆ ژیان و مانەوە دەرچووە و بەمەبەستی دەستڕۆیشتوویی زیاتری خۆی و بە بەزاندنی هەموو سنوورێک، تەنگی بە ژیان و ژینگەی ڕووەک و ڕەوەک لە زەوی و ئاو و ئاسمان، هەڵچنییوە:
” سەرجەم بوونەوەرەکانی دیکەی سەرزەوی، بە گیان و ژیانی خۆیان، باجی خولیا و پاوانخوازیی و خۆپەرستییەکانی مرۆڤ دەدەن”
کێشەکە هەر ئەوەندە نییە: واتە سروشت هەربەتەنیا قوربانیی پلان و خولیاکانی داهاتووی مرۆڤ نییە، ڕابردووی مرۆڤ، ( هەر لە سەرەتاکانی مێژووی نوێی بوونییەوە) و جۆر و ستایلی هەنووکە و شێوازی هەڵسوکەوتی، شانازیی و سەربڵندییەکی جێی ئاماژەی پێوە دیار نییە و لەئاست سروشتدا، ناکۆک و ناتەبا و جاروباریش دوژمنکارانەن. مرۆڤ بۆ گەیشتن بە پێگەی ئێستای، ڕێگایەکی دوور و درێژی بڕیوە و بەدرێژایی ئەم هاتنەشی، هەرلە گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزە و بەکارهێنانییەوە بگرە تا دەگاتە پاشماوە و پاشەڕۆکی خۆی و کەل و پەل و ئامرازە دەستکرد و دەستتێوەردانەکانی بۆ گۆڕینی سروشت بە هەوەس و مەیلی خۆی، کارەساتی گەورەی خوڵقاندوە و خەساری لەقەرەبوونەهاتنەوەی لە سروشت و ژینگە و ئێکۆسیستم داوە. بەکارهێنانی وزە بەچەشنێک ئاڵۆز و بێسەرەوبەرە و لەڕادەبەدەرە کە خەریکە دەرفەتی هەناسەدان و هەڵمژینی هەوایەکی پاک و بێگەرد دەکوژێت. پلەکانی گەرما لە هەڵکشاندان و شێ و بارانی باشوور لەداکشان و بەفر و سەهۆڵەکانی باکوور خەریکن دەتوێنەوە کە (بە پێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، مرۆڤ و جۆری ژیانی هۆکارێکی جێی ئاماژەن)، هەرئەمە بەتەنیا و هەر ئێستاش کاریگەریی قوڵی لە سەر ژینگە و ژیان داناوە. بەردەوام بێئەژمار جۆر و ڕەگەزی ئاژەڵ و ڕووەک بنبڕ دەبن. تادێت پاشەکشێ بە سەوزەڵانی و دارستان و ڕوبار و زەریاکان دەکرێت.
مرۆڤ لە پارادۆکسێکی زەق و سەیردا نوقم بووە: مرۆڤ لەوڕۆژەوە زمانی گرتووە باس لە جوانی و ناوازەبوونی سروشت دەکات و هاوکاتیش بەردەوام سەرقاڵی دەستێوەردان، تێکدان و گۆڕینییەتی بێئەوەی خەسارناسییەکی ورد و فرەڕەهەندی بۆکردبێت. مرۆڤی ژیری بەلام خۆپەرست و خاوەن بیر و هزری چەواشە، دەزانێ سروشت دایکە، خوڵقێنەرە، هونەرمەندە، بێهاوتایە، بەلام دیسانیش دەیکاتە فیدای بەرژەوەندییە ڕووکەشی و ڕواڵەتییەکانی خۆی؛ دەستی تێوەردەدات، پەلاماری دەدات، برینداری دەکات و چۆنی بیهەوێت یان بۆی بلوێت، دەیگۆڕێت: زنوێر و لێڕەوار و دارستانە بەرفراوانە خۆڕسکە دڵڕفێنەکان ( لەپێناو جۆر و ستایلی ژیانی خۆیدا)، لەنێودەبات و لە سوچی ماڵ و کۆڵان و شارەکان، گوڵخانە و باغچەی دەستکردی بێڕەنگ و بۆ، دروست دەکات! هەر پەلەوەر و ئاژەڵێکی سرک و تۆڕی نێو سروشتی ڕەها دەستەمۆ و لغاو نەکرێت، یان لە قەفەس و باخچەی دەستکردی ئاژەڵانی مرۆڤەکاندا جێیان نەبێتەوە، دەکوژرێن و شوێن و ژینگەکانیان داگیر و لە سەر نێوی مرۆڤەکان تاپۆ دەکرێن و لە بری ئەوان، ڕۆبۆت و کۆمپیوتێر و کەلوپەلی ئێلێکترۆنی و دیجیتاڵی جێگیر دەکرێن. ( ئەم ئامرازنەش بۆ ژیانێکی ئەمڕۆژی و ئاسانتر پێویستن بەڵام : ١. جێگرەوەی سروشت نین و لە شوێنی خۆیاندا بەکەڵکن. ٢. چۆنییەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ پاشماوەی ئەم ئامرازانە پاش کۆتایی تەمەنیان گرنگە). ڕێژەی زبڵ و پاشماوە و پلاستیک و ئەو کەلوپەلە ئێلێکترۆنییانە کە ساڵانە بەسەدان ملیۆن تۆن مەزندە دەکرێت و بۆ لەکۆڵ خۆ کردنەوەیان دەڕژێندرێنە نێو گۆلاو و دەریاکان، خەریکە لە ژمارەی ماسی و گیانلەبەرانی ئەو ژینگەیە تێدەپەڕێ و قڕانیان تێدەخات. مرۆڤ لەبری ئەوانیش، حەوز و ئاکواریۆم و تونگەی پڕ لە ماسی و قرژاڵی داماو و جێی بەزەیی لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە.
مرۆڤەکان ئەو گیانلەبەرەن کە بەردەوام باس لە ئاشتی دەکەن و هەموو کاتیش لەشەڕدان. یەکێک لە شەڕە هەرە گرینگ و گەورەکانیش، شەڕی مرۆڤە لەدژی سروشت. کەواتە، گرنگترین و گەورەترین ئاشتی، دەبێ ئاشتەوایی نێوان مرۆڤ و سروشت بێت کە ئەگەر لێی وردبینەوە دەکرێت ئاشتەوایی نێوان مرۆڤەکانیشی بەدوادا بێت.`
نازانم یەکەم کەس کە وتی مرۆڤ ” ئەشرەفی مەخلوقاتە” واتە مرۆڤ جوانتر و پیرۆزتر و شەریفتر لە سەرجەم بوونەوەرەکانی سەرزەوییە، کێ بوو، بەڵام دەزانم کە ئەم بیرۆکەیە یەکێک لە بنچینەکانی فەلسەفەیەکی چەواشەی خۆپەرستانەی هزری مرۆڤی خوڵقاند و پەرەی پێدا. وەهمی پیرۆز بوونی مرۆڤ ڕەگی لە ئیدئۆلۆژی کۆن و تازەدا هەیە. دین و ئایین و حکومەت و تەنانەت بازرگانە سەفسەتەبازەکانیش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و بۆ بەخزمەت گرتنی مرۆڤ و ئاسانکاریی بۆ شکاندنی یاسا و ڕێساکانی پاراستنی سروشت و ژینگە، پەرەیان بەم وەهمەی بەشەر داوە. ئەو بیرۆکەیە و هەوڵی قۆرغکردنی پشکی گەورەتر لە سروشت و سەرچاوەکانی، هێندە ڕووخێنەرە کە تەنانەت لەنێو خۆی مرۆڤەکانیشدا بێئەژمار شەڕی ماڵوێرانکەری قازانجپارێزیی و ڕەگەزپەرستانەی هەڵگیرساندووە. جیاوازیی و تایبەتمەندییە ناوازەکانی مرۆڤ، بەمانای پاوانکردنی هەموو مافەکانی ژیانی سەرزەوی بۆ خۆی و، بێمافیی تەواو و یەکجارەکی بۆ سروشت و گیانلەبەرەکانی دیکەی نییە.
مرۆڤ ئەشێ لەو ڕاستییە تێبگات کە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ سروشت دژبەیەک نین و بگرە دوانەیەکی هاوبەش و لێکدانەبڕاون. واتە چارەنووسی مرۆڤ بە چەندیی و چۆنیی سروشت و سەرچاوەکانییەوە گرێدراوە. مرۆڤی تەریک و بێگانە بە سروشت، مرۆڤێکی دابڕاوی بێگانە بەخۆیە و لە کۆتاییشدا، دۆڕاوە. کەواتە، مرۆڤ پێویستی بە وەرچەرخانێکی بنچینەیی لە ئاراستەی ڕوانینی بۆ خۆی و بۆ ژینگە و سروشت هەیە. هەڵگەڕاندنەوەی ئەو ڕەوتە ڕوخێنەرە بە هیچ تاک و گروپ و حکومەتێکی پەرەوازە و لێکدابڕاو ناکرێت. لە تێکدانی یاساکانی سروشتدا مرۆڤ بەگشتی بەشدارە و هەربۆیەشە ئەم ئەرکە گرنگ و هەنووکەیی و گەورە و گرانە، هەرەوەزێکی گشتیر دەخوازێت. هەرەەوەزێک کە سەرەتا لە پەرەوردەی تاکەکانەوە دەستپێدەکات و ستایل و جۆری ژیان و تێڕوانینیان بۆ سروشتی دایک دەگۆڕێت. پەروەردەیەک کە ئەشێ دەستهەڵاتدار و دەوڵەتانی ژینگەپارێز و سروشتدۆستی لەپشت بێ و ئامرازەکانی پێویست بۆ گەشەی هزرو هەڵوێست و ڕوونکردنەوەی تاکەکانی خۆی دابین بکات. دەستهەلاتداران پێویستە تێچووی گۆڕینی سەرچاوەکانی وزەی زیانبەخش و ڕێگاکانی بەکارهێنانی بۆ وزەی ژینگەدۆست و سروشتپارێز بگرنە ئەستۆ.
لەم سالانەی دواییدا، بزوتنەوەیەکی ڕۆشنگەریی و ژینگەپارێزیی لێرەولەوێ و لەئاستی جیهاندا بەرچاو دەکەوێت. وەک نموونەیەکی نێزیک و زیندوو دەتوانین ئاماژە بەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیی و مەدەنییە بکەین کە لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان هەیە و نموونەیەکی ساواشی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پشکووتن دایە. چەمکی ژینگەپارێزیی دەستەواژەیەکی جێکەوتوو و هەرەبەرچاوی ئەو بزوتنەوەیە. ژینگەپارێزیی و چالاکانی ئەو بوارە شانیان داوەتە بەر ئەرکێکی قورس. قورس و گەورە و گرانبوونی ئەو ئەرکە کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە دەبینین سیاسەت و بەرنامە و پلانە سەقەت و پێچەوانە و دژە سروشت و ژینگەییەکانی کاربەدەستە چاوچنۆکەکان، وڵاتان و لێرەشدا هەموو ئێران و کوردستانی بەرەو کارەساتێکی گەورەی سروشتی و ژینگەیی و مرۆیی بردووە. مرۆڤگەلێک کە هەستیان بە مەترسییەکانی دۆخەکە کردووە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەریکی خۆڕێکخستنن و تا ئێستاش ژمارەیەکی بەرچاو لەم ڕێیەدا گیانیان بەختکردوە، یان لەژێر زەبروزەنگ و هەڕەشە دان و بەشێکیشیان لەبەندیخانەکاندا دەستبەسەر کراون. ئەم بزووتنەوە خۆڕسکە ساوایە هەرچەند لە ئێستایدا ئامرازێکی بەڕادەی پێویست بەهێز و شوێندانەر نییە بەڵام هەر ئەمەش تروسکەیەکی هیوابەخشە کە لە جێی خۆیدا دەبێ ئاوڕێ لێبدرێتەوە و دەور و ئاسەروارە ئەرێنییەکانی لەسەر بیروڕای گشتیی بۆ زەقکردنەوەی مەترسییەکانی تێکچوونی ژینگە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی، بەهێند وەربگیردرێت. ژینگەدۆستی و سروشتپارێزی پێویستە بچێتە نێو سەرجەم گوتارە هەنووکەیی و باوەکانی کۆمەڵگا. سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی وڵاتان دەبێ وەک ئاجێندای سەرەکی و ستراتێژییەکی باوەڕمەند ئاوێتەی ئەو چەمکانە بکرێن. ڕێکخراو و گروپە جۆربەجۆرە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیەکان، پێویستە چەمکی ژینگەپارێزیی بکەنە دەستەواژەیەکی جێکەوتووی زیندوو و لە گوتاری فەرمیی خۆیان و لە بەرنامە و پێڕەوەکانیاندا، وەک مەرجێکی چالاکیی خۆیان پەسندی بکەن.
مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان شەڕ دەخوڵقێنن و بڕێکی زۆری سەروەت و سامانی خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن. ئەمەش جگە لە زیانە ڕاستەوخۆکانی بۆ سروشت، دەرفەتی قەرەبوو و ساڕێژکردنەوەی ئەو خەسارو برینانەی لە جەستەی سروشت کراون، دەفەوتێنن.
کۆمەڵێک فاکتۆری بەهێز هەن کە ژێنگەپارێزیی و بزوتنەوەکەی تووشی پاشەکشێ و ئاستەنگ دەکەن. لەو نێوەشدا سیستەمی سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و کەلتووریی چەوتی نێوخۆیی و دەرەکی، پشکی شێریان بەردەکەوێت. هاوکات هەژاریی و دەستەنگی خەڵک، پەروەردەی هەڵە و نزمبوونی ئاستی تێگەیشتوویی تاکەکان و زۆری دیکەش کە بەداخەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو لە جوغرافیای سیاسیی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ئێراندا بەدی دەکرێن، دەوری کاریگەریان هەیە. ئەو خەسارانەی کە سروشت لە ڕێگەی کەش و هەوا و بوڕکان و بوومەلەرزە لە خۆی دەدات، بە تێپەڕینی کات بەدەستی هونەرمەندی خۆی سروشت قەرەبوو دەکرێنەوە بەلام خەسارەکانی خوڵقاوی دەستی مرۆڤ، درێژخایەن و کاتبەر و لە کۆمەڵێک بواریشدا بێ چارەسەریی و تاهەتایین. هەر دەوڵەت و حیزب و گروپێک بیر لە بەرژەوەندیی و خێروبێری ئێستا و داهاتووی نیشتمانەکەی دەکاتەوە دەبێ پاراستنی سروشت و ژینگەی وڵاتەکەی بکاتە بنەمایەکی سەرەکیی کار و تێکۆشانی شەووڕۆژیی خۆی و پلان و بەرنامەی هەنووکەیی و درێژخایەنی بۆی هەبێت. لەڕاستیدا ناوبانگ و دەستەواژەی چەشنی پێشکەوتنخواز، شۆڕشگێڕ، دادپەروەر و سەردەمییانە شیاوی ئەو دەوڵەت و حیزب و ڕێکخراوانەن کە مانیفێست و بەرنامە و پێڕەوە و تاکتیک و ستراتێژییەکانیان، سەوزایی و جوانی و بۆنوبەرامە و داهاتووی ژینگە و سروشتێکی پارێزراو و بەهێندوەرگیراوی تێدا بەدی بکرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەنی هیچکام لەو تایبەتمەندییانەی باسمان لێوەکردن نییە و بەڵکە هەڵگری سەرجەم تایبەتمەندییەکانی سیستەمێکی کۆنەپەرست، دژە مرۆڤ، دژە ئازادیی و هاوکاتیش دژە سروشت و ژینگەیە. هەربۆیە بەمەبەستی پاراستنی ژینگە و سروشتی نیشتمان، یەکێک لە ئەرکەسەرەکییەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان و ئێران و سەرجەم ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکان، سڕینەوەی دەستهەڵات و ئاسەواری ڕژیمی دژەمرۆڤ و دژەژینگەی کۆماری ئیسلامییە.