دانپێدانانی زۆرەملێ، وەک زۆرێک لە کردەوەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویەوە سەری هەڵدا. ئەو دانپێدانانە لە بەرپرسانی حکومەتی پێشووەوە دەستی پێکرد، لەگەڵ کەسوکار و نزیکانی یەکەم سەرۆککۆماری ئێران و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان بەردەوام بوو، مەرجەعێکی تەقلید دەگرێتەوە و لەم ساڵانەی دواییدا گەیشتۆتە سەماکاران و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش.
دەتوانین بڵێین دانپێدانانی زۆرەملێ دوو جار ئەشکەنجەیە بۆ سەر دەستبەسەرکراو، کاتێک کە دەستبەسەرکراو بە دوای چەندین ڕۆژ ، حەفتە یان مانگ، لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی جۆراوجۆر، داواکاریەکانی بەرپرسی لێپیچێنەوەکەی قەبوڵ دەکات، و بەو بارودۆخەوە چوونە بەر دوربین و وتنی داستانێک کە بەرپرسی لێپیچێنەوەکەی بۆی ئامادە کردووە، جارێکیکە لە ناوخەڵکدا بە بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆکەی ئەشکەنجە دەدرێت و کەسایەتی دەڕووخێت.
دانپێدانانی زۆرەملێ پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئەشکەنجەوە هەیە، ئەو کەسانەی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دەبن لە ژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و بگرە دەستدرێژی سێکسی دا، ناچار بەو کارە دەبن کە نمونە بەرچاوەکەی گرتووخانەی کەهریزەکە کە تیایدا بە هەزاران کەس بە شێوازی جۆراوجۆر ئەشکەنجەدرابوون و چەند کەسێکیش لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دەدەن.
بە پێی ماددەی ٣٨ی یاسای ئێران کە لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا پەسەند کراوە «بەکارهێنای هەر جۆرە ئەشکەنجەیەک بۆ وەرگرتنی دانپێدانان یا دەسکەوتنی زانیاری قەدەغەیە»، بەڵام ئەشکەنجە بە بەردەوامی وەک ئامرازێک بۆ ترساندن و هەروەها لەناوبردنی هەستی چالاکوانان و ئۆپوزسیۆن و بێئەرزشکردنی ئامانج و باوەڕەکانی کەسی بەرامبەر، بەکار دەهێندرێت.
حکومەتە تۆتالیتێر و ئیدئۆلۆژیکەکان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ هەوڵ دەدەن ڕەوایی پێکهاتەی دەسەڵات و لەو یش گرنگتر سەروەری ئیدئۆلۆژی خۆیان بسەلمێنن.
دانپێدانای زۆرەملێ، لە بەرپرسانی ڕژیمی پەهلەوەی وەک دانپێدانانی زۆرەملێی نێعمەتوڵڵا نەسیری (بەرپرسی پێشووی ساواک) و مێهدی ڕەحیمی (فەرامانداری نزامی تاران)، دەسپێدەکات. لەو دەورانەدا تا ئەو جێگایەی لە دەستیان هات هەوڵیان دەدا بۆ لێدان و ڕووخان و ناوزڕاندنی حیزب و سازمانەکان و هەروەها بە ئامانجی سەرەکی زەربەلێدان لە ڕەوایی و پێگەی کۆمەڵایەتی و لەناوبردنی مێژوی چالاکی ئەو حیزب و گرووپانە لەو ئامرازە(دانپێدانانی زۆرە ملێ) کەڵک وەرگرن.
بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیە لە دەسەڵاتی داسەپێندراوی ڕژیمی ئێران، بەردەوام ئامانج و ئەو کەسانەی دەبنە قوربانی دانپێدانانی زۆرە ملێ گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
دانپێدانانی زۆرەملێ لە دەیەی شەستدا، بە ئامانجی لادانی ڕکابەران و دژبەرانی سیاسی و ئەندامانی حیزب و گرووپە سیاسییەکانی دژی دەسەڵات ئەنجامدەدرا، دەسەڵاتداران لە ڕێگەی چەندین تەقاندنەوە و بۆمبڕێژیدا لە ساڵەکانی ١٣٥٨ی هەتاوی زیاتر لە ٩٠ کەس لە سیاسەتوانان و ڕۆشەنبیران و کاربەدەستانیان لە ناو بردبوو، و ئیستا شێوازی کارەکەیان گۆڕیبوو و بە جێی تیرۆری جەستەیی و تەقاندنەوە، هەوڵیاندەدا لە ڕێگەی تیرۆری کەسایەتی و ناوزڕاندنیان لە کۆمەڵگا و ناو خەڵک کەش و هەواکە بۆ ئامانجەکانی خۆیان کە لابردن و کوشتنیان بوو ئامادە بکەن.
ئەسەدۆڵڵا لاجەوەردی بەرپرسی ئەو کاتی زندانی ئێڤین و دادوەریی گشتی تاران، هۆڵی کۆبوونەوەکانی گرتووخانەی ئێڤین دەکاتە شوێنێک بۆ ئامادەکردنی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و لەو بەرنامەیەدا کە زندانیانی سیاسی ئامادە دەبوون، هەوڵدەدرا تا دانپێدانانی زۆرەملێیان بۆ هاوڕیکانیان باس بکەن و پەشیمانی خۆیان لە ڕابردوویان دەرببڕن، دواتریش ئەو دانپێدانانە بۆ زۆرتریان بوو بە بەڵگەیەک بۆ لە سێدارەدانیان، کە ئەم جۆرە بەرنامانە بەراوەرد دەکرا لەگەڵ دادگاکانی شۆڕەوی لە دەورانی ئیستالیندا.
دوای دوورخستنەوەی «ئەبولحەسەن بەنی سەدر» لە سەرۆککۆماری، ژمارەیەک لە هاوڕێیانی وەک «سودابە سۆدەیفی» کە ڕاوێژکاری بەنیسەدر بوو و هاوسەرەکەی «ئەحمەد غەزەنفەرپوور» ئەندامی پەرلمان، کە خومەینی لە فەڕانسە، لە ماڵی ئەوان میوان بوو، دەستگیرکران و دانپێدانانەکانی غەزەنفەرپوور لە تەلەڤزیۆنی ڕژیم بڵاوکرایەوە.
زانای ئایینی، «کازم شەریعەتمەداری» یەکێک بوو لەو مەرجعە تەقلیدانەی کە بە جۆرێک بە ڕکابەری خومەینی دادەنرا. شەریعەتمەداری بە تاوانی تێوەگلان لە کودتاکەی «سادق قوتبزادە»کە پێشتر وەزیری دەرەوە بوو، لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و دواتر ئەویش ناچارکرا لە دانپێدانانی زۆرەملێ لە بەرانبەر دوربین ئامادە بێت و «بە هۆی کەم و کوڕییەکانییەوە تۆبە دەکات و هەروەها باس لەوەیش دەکات کە لە داهاتوودا شتی لەو جۆرە دووبارە ناکاتەوە».
لە دەیەی شەست دا دانپیدانانی زۆرەملێی ئەندامانی سازمانی موجاهدینی خەلق، فەدائیانی خەلق، سازمانی سەربەداران و ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبی توودە لە تەلەفزیۆنی ڕژیم بڵاوکرایەوە. لەو دانپێدانانەدا، هەر کامیان بە شیوازێک پەشیمانیان بۆ ڕابردووی خۆیان دەربڕی.
یەکێک لە پڕۆژە سەرەکییەکانی دوورخستنەوەی ئایەتوڵڵا مۆنتەزری لە پۆستی جێگری ڕێبەری ئێران، دەستبەسەرکردنی مێهدی هاشمی، برای زاواکەی بوو. دوای دەستبەسەرکردنی مێهدی هاشمی، دانپێدانانی زۆرەملێی ئەویش بڵاوکرایەوە، کە لە ناویاندا چەند تۆمەتێکیشی خستە پاڵ ئایەتوڵڵا مۆنتەزێری. دواتر کەسوکاری ئایەتوڵڵا مۆنتەزەری ڕایانگەیاند کە «محەممەدی ڕەی شەهری» وەزیری ئیتلاعات و زانیاری، مێهدی هاشمی هەلخەڵەتاندووە و پێی گوتوە کە ئەم فیلمە تەنیا بۆ خودی خومەینی بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام دواتر لە تەلەڤزیۆن بڵاوی دەکەنەوە و بە هۆی ئەو ویدیۆیەوە مۆنتەزێری لە جێگری ڕیبەری لادەدەن.
لە دەیەی حەفتای هەتاویدا زۆرتر هەوڵدەدرا تا دانپێدانانە زۆرەملێکان بە ئاڕاستەی ئەو ڕەخنە و دژایەتیانەدا بێت کە لە ناو کۆمەڵگادا سەرهەڵدەدەن تا ئەوەیکە پەیوەندیدار بێت بە حیزب و سازمانێکی دژبەر و ئۆپوزسیۆن، و بەردەوام ڕژیم هەوڵی دەدا تا لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەیان لە تەلەڤزیۆن ڕەوایی خۆی بسەلمێنێت. لەو سەردەمانەدا ڕژیمی ئێران بە ئامادەکردن و بڵاو کردنەوەی بەرنامەی « هۆڤییەت» کە ڕووناکبیران، نووسەران و کەسایەتیە سیاسیەکانی ناچار دەکرد کە لە دانپێدانانی زۆرەملێدا باس لە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بکەن کە زۆرتریان دوای ئازاد بوونیان باسیان لەوە دەکرد کە لە ژێر گوشاری دەروونی و جەستەیی و ترساندن و هەڕەشە لە بنەماڵەیان ناچار بوون ئەو درۆیانە بڵێن.
فەرەج سەرکوهی، ڕەخنەگری ئەدەبی و ئەندامی یەکێتیی نووسەران، کاتێک دەیهەویست سەردانی بنەماڵەکەی لە ئەڵمان بکات، لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەڕفێندرێت و بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازرێتەوە. سەرکوهی ٤٨ ڕۆژ لە زیندانی نهێنی وەزارەتی ئیتلاعات دەمێنێتەوە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر دوای ئازادکردنی ناچار دەکرێت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بە درۆ دان بەوەدابنێت کە لە ئورووپا بووە و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ئێران.
دەیەی هەشتای هەتاوی هاوکات دەبێت لەگەڵ هەوڵی ڕژیم بۆ یەکدەست کردنی دەسەڵات، هەر بۆیە ئەو جارە دانپێدانە زۆرەملێکان بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن. عیزەتۆڵڵا سەحابی ئەندامی شوڕای شۆڕش و نوێنەری پارڵمان، کە لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتادا دەستبەسەر دەکرێت، لەسەرەتای دەیەی هەشتادا، دانپێدانەکانی لە تەلەڤزیۆن بڵاودەبێتەوە کە دوای ئازاد بوونی بابەتی «ئەشکەنجەی سپی» لە گرتووخانەکانی ئێران بە بەڕبڵاوی لە کۆمەڵگەدا باسی لێدەکرێت. دوای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی دەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویدا، بە سەدان کەس لە چالاکوانانی خوێندکاری و ڕۆژنامەوانان دەستبەسەر دەکرێن، تەنیا جیاوازی ئەم دەورەیە لە دانپێدانانەکان لەگەڵ ساڵانی پێشوو، دانپێدانان لە دانیشتنی دادگا و بڵاوبوونەوەی لە تەلەڤزیۆنی ئێران و میدیاکانی دیکەی ڕژیم دەبێت.
عیزەتۆڵڵا زەرغامی، سەرۆکی ئەوکاتی سەدا و سیمای ئێران، دواتر ڕایگەیاند کە ئەم کارە بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەنجام دراوە.
دەیەی نەوەد بە هۆی ئەوەیکە ژمارەی چالاکی کرێکاری و ژینگەیی ڕوو لە پەرەئەستاندن دا بوو، زۆر زوو چالاکوانانی کرێکاری دەستبەسەر دەکرێن و بە ئامانجی ناو زڕاندنیان لە دانپێدانانی زۆرەملێدا، ناچار دەکران کە دان بەوەدابنێن کە سەر بە ڕێکخراوە کۆمۆنیستییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەن و بەم جۆرە بە خەڵکی بسەلمێنن کە ئەوانە بەکرێگیراوی دەرەوەن نەک ئەوەی داواکاری کرێکاری و پیشەییان هەبێت، سەدا و سیمای ڕژیمی ئێران لە نێوان ساڵەکانی ١٣٨٩ تا ١٣٩٩ی هەتاوی زیاتر لە ٨٦٠ بابەتی دانپێدانانی زۆرە ملێ بە ناوەڕۆکی تۆمەت بە دژی چالاکوانانی مەدەنی، دەستبەسەرکراوانی سیاسی و ڕەخنەگرانی ڕژیمی ئیران، بڵاو کردەوە. هەروەها چالاکوانانی ژینگە کە وردە وردە ڕەخنەکانیان لە حکومەت توندتر دەکرد بە تۆمەتی سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری و هەواڵنێری بۆ وڵاتانی دەرەکی تۆمەتبار دەکران.
ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ساڵانی ١٣٩٦، ١٣٩٧ و ١٣٩٨ سەڕەڕای ئەوی تەنیا چەند ڕۆژێکی خایاند، بەڵام سەدان کەس دەستبەسەرکران و ژمارەیەکی زۆر لە ژن و پیاو و گەنج و تەنانەت کەسانی تەمەن ١٠ بۆ ١٨ ساڵ دەستبەسەردەکرێن. لە ڕۆژان و هەفتەکانی دوای دەستبەسەرکردنەکان، میدیاکانی ڕژیم دەیان ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی دەسبەسەرکراوانیان بڵاو کردەوە، تەنانەت پێش دادگایی کردنیان. ئەم چاوپێکەوتنانە لەگەڵ دەنگ و ڤیدیۆی دیکە تێکەڵ دەکران کە مەبەست لێیان لە لایەک ناوزڕاندنی خۆپیشاندەران بوو و لە لایەکی دیکەشەوە شێواندنی ڕاستییەکانی ئەو ڕووداوانە.
لە ساڵانی ڕابردوودا چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی ڕوحوڵڵا زەم بڵاوکرایەوە کە جۆرێکی نوێی چاوپێکەوتن بوو کە ڕۆڵی «بازجوو خەبەرنگار» بە ڕوونی نیشان دەدات. چاوپێکەوتنەکانی پێشوو بە گشتی لە لایەن بەرپرسەکانی لێپێچینەوە یان بریکاری ئەمنییەوە ئەنجام دەدرا، بەڵام لەم حاڵەتەدا بۆ ئەوەی ئەم دانپێدانانە سروشتیتر دەربکەون، پەیامنێر ڕۆڵی لێپێچینەوەکەری دەگێڕا کە لە دۆسیەکانی دواتریش بەردەوام بوو. پەیامنێرانی بێ سنوور بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی ڕوحوڵڵا زەمیان بە نایاسایی زانی و بە نموونەیەکی ڕوونیان بۆ تاوانی دژە مرۆڤایەتی و ئەشکەنجەدانی بەندکراو و پێشێلکردنی مافی بەندکراو لە قەڵەمدا .
لەو ساڵانەی ڕابردوو بە دوای پەرەئەستاندنی ئینتێرنێت و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرکوت و گوشاری ڕژیم، وێبلاگ نووس و ڕۆژنامەوانان دەگرێتەوە، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان دەستبەسەر دەکرێن و ناچار دەبن دانپێدانانی زۆرەملێ بکەن، ڕژیم تا ئەو ڕادەیە ئەشکەنجەکانی پەرە پێدەدات کە چەندین کەس لە وێبلاگنووسان و ڕۆژنامەوانان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دەدەن.
لەگەڵ دەستپێکی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران لە دوای کوژرانی ژینا(مەهسا) ئەمینی و کوشتنی لاوان و خۆپیشاندەران، کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی حاشاکردن لە سەرکوت، پەردەپۆشکردنی کوشتن و ئەو تاوانانەی ئەنجامیداوە، ئەمجارەیان بە فشار و هەڕەشە لە ئەندامانی خێزان و کەسوکاری کوژراوەکان دەیهەوێت چۆنێتی کوژرانەکان چەواشە بکات. بۆ ژینا(مەهسا) ئەمینی، بیانووی نەخۆشی کۆن و بۆ نیکا شاکرەمی چیرۆکی خۆکوژی داڕشت. لە خەزەڵوەر ی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی دانپێدانانی زۆرەملێ لە چوار بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی، موحسین مەزلووم، پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی لە میدیاکانی ئێران بڵاوکرایەوە کە لەو ڤیدیۆیەدا ڕژیمی ئێران باس لەوەدەکات کە ئەو چوار بەندکراوە مەبەستیان بووە کە کارگەیەکی فڕۆکە لە ئیسفەهان بتەقێننەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەوان لە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ دەستبەسەر کراون و دوا بە دوای ئەوەشدا کۆمەڵە بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.
کۆماری ئیسلامی لە بلاو کردنەوەی ئەو دانپیدانانە دوو ئامانجی سەرەکی هەیە، یەکەم هەوڵدەدات بۆ ترساندنی ڕەخنەگران و نەیاران و ڕاگرتنی ئەوان لە بەردەوامبوون لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتدارانی ڕژیم و دووهەم ئەوەی کە بە شێواندنی وێنەی نەیاران و ڕەخنەگران و خستنەڕووی وێنەیەکی نەرێنی لە سەریان، کاریگەرییەکانیان لە کۆمەڵگادا کەم کاتەوە.