لە هەشتی مارسی ئەمساڵدا پێویستە جارێکی دیکە سەرەنجەکانمان بگەڕێنینەوە سەر شۆڕشی ژن ژیان، ئازادی. بۆ تێڕامان لە پەیوەندی ئەو شۆڕشە و دەسکەوتەکانی بۆ بزووتنەوەی ژنان بکەوینە شوێن دروستکردن و وڵامدانەوەی پرسیارگەلێک کە وڵامی گریمانەی پەیوەندی شۆڕشەکە و بزووتنەوەی ژنانمان بۆ دەردەخەن. پرسیارگەلێک وەک ئەوەی تایبەتمەندییەکانی شۆڕشەکە لە ڕوانگەی بزووتنەوەی ژنانەوە دەتوانێت چی بێت و گرینگی ئەو تایبەتمەندیانە چین؟
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، شۆڕشێکی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی بوو کە لە کوردستانەوە و لە شاری سەقزەوە دەستی پێکرد و پانتایی ئێرانی گرت و لە هەموو دونیا بوو بە شۆڕشێکی جێگەی سەرەنج و تێڕامان و تا ئێستاش بە جۆر و تاکتیکی نوێ بەردەوامە. ئەو شۆڕشە دەتوانرێت وەک خاڵێکی وەرچەرخانی بزووتنەوەکانی ژنان لە ڕوانگەی مێژووییەوە سەیر بکرێت. لەو شۆڕشەدا بەشداری ژنان تەنیا بریتی نەبوو لەوەی کە ژنان شان بە شانی پیاوان بەشداری نارەزایەتییەکان بکەن و یا تەنانەت تەنیا ئەوە نەبوو کە لە بەرەی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان بەشدار بن، بوونی ژنان لە ژێر سێبەری پیاوان پێناسە نەدەکرا!، خواستەکانی ژنان لە سێبەری خواستە گشتییەکاندا ون نەبوون و نەبوونە پرسێکی لاوەکی، بەڵکوو ژنان و خواستەکانی ژنان بە بەشێکی سەرەکی شۆڕشەکە ئەژمار دەکران و بۆ یەکەم جار تەنیا ژنان نەبوون کە بۆ وەدیهێنانی داخوازییەکانی خۆیان و بەرانبەر نابەرابەری جنسیەتیدا ناڕەزایەتیان دەردەبڕی، بەڵکوو پوتانسییەلێکی گەورەی کۆمەڵگا بەدەر لە جیاکاری ڕەگەزی خۆی بەشێک بوو لەو نەڕەزایەتییە.
دەکرێ باس لە سەر بەرزکردنەوەی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و عەقڵییەتێکی نوێ بکەین کە ژنی وەک شارۆمەندێکی پلە دوو یان وابەستە و ناتەواو پێناسە نەدەکرد، یان پرسی ژنی وەک پرسێکی پیشەیی تایبەتی کە هەر پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە نەدەدیت، بەڵکوو ژنی وەک تاکێکی یەکسان لە بەرانبەر یاسادا و وەک مرۆڤێک سەیر دەکرد و هەر لەو پێگەیەشەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرد.
لە لایەکی دیکەوە ئەو شۆڕشە تیۆری ئینترسکشنالیتی یا تێکەڵاوبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، جنسییەتی، ڕەگەزیی و نەتەوەیی و ڕەگەزییەکانی کرد بە چەمکێکی باو و لە چوارچێوەی ژنانە بوون هێنایە دەر. ئەو تیۆرییە وەک ستراتژییەک بۆ گەیشتن بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بە گوێی خەڵک ئاشناتر بوو و لە بازنەی ژنانە هاتە دەر. ژینا وەک کچێکی کورد، هێمایەکی عەینی بوو لەو تێکەڵاوییەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردن، کە هەم بە هۆی ژن بوون، هەم کورد بوون و هەم بە هۆی ئەوەی هەڵگری ئایینی فەرمی دەستهەڵات نەبووە چەوساوەتەوە،
ئەگەر پەیوەندی و ململانێی و جیاوازی هێز و پێگە لە نێوان ژن و پیاودا بوونی هەبێ، لەنێوان خودی ژنانیشدا هەیە، هەر ئەو جۆرەی ئەزموونی ژنانی ڕەش پێست لە ئەزموونی ژنانی سپی پێست
لە ئامریکا جیاواز بوو، ئەزموونی ژنی کورد لەگەڵ ئەزموونی ژنانی دیکەی ئێران جیاوازی هەیە، ژنی بەلووچ لەگەڵ ژنی کورد، ژنی شار لە گەڵ ژنی لادێ و … بە گشتی دەتوانین بڵێین کە ژنان دەستەیەکی جیاکراوەی وەک یەک نین، هەر بۆیە بۆ لێکدانەوەی بارودۆخ و زوڵم و ستەمی بەرانبەر ژنان، ناکرێ تەنیا ڕوو لە شیکارییەکی تاک ڕەهەندی بکەین، مرۆڤکان لە بواری گرووپی سێکسی و جێندەری، ئایینی، نەتەوەیی، ئابوری و رەگەزی و هتد جیاوازن و ئەمەش دەبێتە هۆی کردار و کردەوەی جیاواز کە پێگەیەکی جیاواز بە تاکەکە دەبەخشێت، هەر بۆیە ناکرێت چارەسەری پرسی ژنان گرێ بدەینەوە تەنیا بە یەک ڕەهەند وەک ئەوەی پێمان وابێ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی بەردەم ژنان بۆ نموونە لە رێگەی چارەسەری پرسی چینایەتی دایە یان تەنیا پێمان وابێ کە ئاڵوگۆڕ و ڕێفۆرمی یاسای سیستمی حاکم دەتوانێت کۆتایی بە هەڵاواردن بێنێت، بە گشتی دەبێت هەموو لایەنەکانی و پاشان لە بەستێنی خۆیدا، لەبەرچاو بگرین، بۆیە لەو ڕوانگەیەشەوە دەکرێت ئەوە وەک دەستکەوتێکی دیکە بۆ بزووتنەوەی ژنان لە بەرچاو بگرین کە ڕێگەی چارەسەر کردنی پرسی هەڵاواردن و بێ مافی ژنان هەموارتر دەکات.
هەر وەک دەزانین کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە هەوڵی سەپاندنی نۆڕم و سنووردارکردن و دانانی بەربەست و جێبەجێکردنی یاسای نایەکسانی لە دژایەتی لەگەڵ ژنان داوە و تێکۆشاوە هێژمۆنی خۆی بەسەر جەستەی ژناندا دا زاڵ بکات. کۆنترۆڵی جەستەی ژنان بەشێک لە سەرەکیترین هەوڵەکان بوون کە ناوەڕۆک و ناسنامەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان دەردەخست. ئەو هەوڵەی کە بوو بە بناغە و هێما سەرەکییەکانی سوڵتەی ئایینی و ئایدۆلۆژیای قبووڵکراوی کۆماری ئیسلامی دەهاتنە ئەژمار. پڕۆژەیەک کە سەرەڕای هەوڵەکانی زیاتر لە چوار دەیەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی شکستی هێنا و بێ ئاکام مایەوە. هەرچەند ناخی دژە ژنانی دەستهەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دژایەتی لەگەڵ هەموو
ئازادییەکانی ژنان تەنیا بۆ بناغەیەکی بیری ئایینی نەدەگەڕاوە، بەڵکوو ئەوە ستراتیژییەکی سیاسی بوو
بە مەبەستی کۆنترۆڵی ژنان و لە رێگەی ژنانیشەو بۆ کۆنترۆڵی کۆمەڵگا دارێژرابوو. لە هەمانکاتدا بە لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی لە ئەزموونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و کاردانەوەی ژنان بەرانبەر بەو ڕێژەیە لە سەرکوت و هەڵاواردنی سیستماتیک، دەتوانین براوەی ئەو ململانێیە دەست نیشان بکەین. هەتا بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامی زۆرتر بوون لە بەرانبەردا هێزی ژنان پتەوتر، تۆکمەتر و پێداگرتر بوون. هەموو ئەو نۆڕمانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستیان خراوەتە سەر و هەوڵیان بۆ دراوە لە لایەن ژنان و بەرە بەرە لە ڕیگەی هەوڵی پێداگرانە، بوون بە دژەبەها و بەرپرچ دراونەتەوە. ئەگەر دوچەرخە سواری بۆ ژنان قەدەغە کراوە، شەپۆلی ژنانی وەرزشوان و دووچەرخەسوار هەموو کەلێن و قوژبنی ئێرانی داگرتووە، ئەگەر گۆرانی و ساز ژەنی بۆ ژنان قەدەغە کراوە ، سەدان دەنگخۆش و ژەنیاری ژن چریکاندوویانە و بێدەنگی تەماوی کۆمەڵگا پێناسە کراوەکەی دەسەڵاتیان شکاندووە، ئەگەر سەرپۆش و لەچک لە لایەن دەسەڵاتەوە بەهای پێدراوە، لەچکەکان هەڵواسران و سوتێندران و فڕێ دران. ئەگەر ژنی ماڵ، دایک و ژنی داپۆشراو بوو بە هێمای ژنی موسوڵمانی پەسەندی کۆماری ئیسلامی، ژنانی پێشەنگکار و کارکەر مەیدانەکانیان تەنیەوە و بوونەتە هێما لە ناو کۆمەڵگا و ئەوانە و دەیان نموونەی تر نیشان دەدەن کە کۆماری ئیسلامی چۆن بووەتە دۆڕاوی ئەو پرۆژەیە. ژنان زۆر ژیرانە ئەم خاڵە ناوەندی و سەرەکییەی دەسەڵاتیان دەستنیشان کرد و کردیانە ئامانج و بناغەکانی دەسەڵاتی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامیان پێ هەژاند.
ئەم خەباتەی ژنان بە دژی سروشتی کۆماری ئیسلامی لە هەفتەکانی دوای هاتنە سەرکارییەوە دەستی پێکرد، درێژەی پێدرا و وردە وردە کۆمەڵگای لە گەڵ خۆی هاو هەنگاو کرد.
لە لایەکی دیکەشەوە ژنان لە دوای ئەزموونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تواناکانی خۆیان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ئێران دۆزیوەتەوە و ئەو تواناییەش ئێستا هاندەر و پاڵپشتی ژنانە کە دڕندانەترین دەزگای سەرکوت کە دەزگای ئەمنییەت و ئیتلاعاتی ئێرانە بکەنە گاڵتە جار و ئەشکەنجە بکەنە هێز و زیندان بکەنە مەیدانی رێکخستن و وەستانەوە، خوێنی رۆڵەکانیان بکەنە هێزی تۆڵە و ورەی بەرەنگاری. ئەمجارە ژنانیان لە سەنگەرەکان پێ دەر نەکرا، ژنان سەنگەری زۆرتریان بڕیوە و مەیدانی زۆرتریان بەدەستەوە گرتووە. ژنانی ئێران و کوردستان بوونە سیمبول و پێشەنگی خەبات بۆ ژنانی جیهان و بوونە قوتابخانە بۆ چالاکان.
بابەتێکی دیکەی جێگەی سەرنج لە کۆتاییدا ئەوەیە کە ئەو شۆڕشە نەک تەنیا ئەو کاریگەرییەی ژنان و ئەو پێشکەوتووییەی کۆمەڵگای زەق کردەوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا پرسی وەدیهاتنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیمۆکراتیکی گرێ دا بە ئازادی ژن. پرسێکە کە ساڵانێکە چالاکانی ژنان لە سەرتاسەری جیهان لە هەوڵ و تەقەلای دان و کەمیش لەو بارەوە تێچوویان نەداوە. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەو خەونەی کرد بە ڕاستی لە دونیای سیاسی دا و نەک هەر کاریگەری لە سەر ئێران کە لە سەر ناوچەکە و بە گشتی چالاکانی مافەکانی ژنان لە جیهانیش دانا. ئەو ڕاستییە بوو بە وشیاریی و تێگەیشتن و کەلتوورێکی سیاسیی گشتی و زۆرینە لە دەوری کۆبوونەوە. هەتا لە بەهاکانی ئەو شۆڕشە نزیکتر ببینەوە و لە پێشخستنی تێبکۆشین ڕێگەی تێپەڕبوون لەو سیستمە دیکتاتۆرییە کورتتر و ئاسانتر دەبێت.
دەستکەوتەکان و کاریگەرییەکانی ئەو شۆڕشە زۆر جێگەی لێکۆڵینەوە و کار لە سەر کردنن، بەڵام بەشێک لەو بابەتانەی لە ڕوانگەی بزووتنەوەی ژنانەوە جێگەی وەستان بوون ئاماژەیان پێکرا، هەرچەند پێشکەوتوو بوونی ئەو شۆڕشە و پێگەی ژنان و داخوازییەکانیان لەو شۆڕشەدا بە مانای ئەوە نییە کە ڕێگەی خەباتی ژنان بە سەرئەنجام گەیشتووە و کۆتاییەکانی بڕیوە، بەڵام ئەم کاکڵەی کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بەدی کرا ئەو ئاسۆ گەشەیە کە دەبێ لە دەوری کۆ ببینەوە و پێبەندبین بە بەهاکانی و دەستکەوتەکانی بپارێزین. بەرەی دواکەوتووی کۆمەڵگا لە هەوڵی دوورخستنەوە و تێکدان و کەم بەها کردنی ناوەرۆکی شۆڕشەکەن و خۆیان لە دژایەتی لە گەڵ ئەو بەهایانە پێناسە دەکەن ژن لە دروشمەکە دەردەهاوێژن بە بیانووی ئەوەی گوایا پرسی گرینگتر دەوروژێنن، بەڵام پێویستە لە بزوتنەوەکانی ژنان وشیارانە ئەو بەهایانە گەشە بدەین و پشتیوانی بکەین، کە سەرەکیترین هێزی ئاڵوگۆڕن بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی و بنەمایەک بۆ مسۆگەرکردنی وەدیهاتنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و مۆدێرنن بۆ داهاتووی ئێران.