یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کوردستانی ئێران ئەوەیە کە بە پێچەوانەی زۆربەی شوێنەکانی دیکەی ئێران، هیچکات شۆڕشی ئیسلامی لێنەکرا، واتە لە ڕەوتی شۆڕش دژی نیزامی پاشایەتی بەتایبەتمەندییە سێکۆلار و پێشکەوتنخوازەکانیەوە مایەوە و نەچووە ژێڕباری هێژمۆنی خومەینی و دەزگای ڕوحانییەتی شیعە. جگە لەوە و تەنانەت دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕوحانییەتی شیعە و لە وڵام بە ڕێفراندۆم، وڵامی «نا»ی بە کۆماری ئیسلامی دایەوە. بزووتنەوەی کورد هەر بەوەش نەوەستایەوە و لە دژی دەسەڵاتی نوێ دا دەستی دایە بەرگری و کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ئاکامی باڵادەستی سەربازی و دوای نزیک بە یەک دەیە، توانی دەسەڵاتی ئیداریی خۆی لە هەموو کوردستان مسۆگەر بکات. ئەم بەرگری و وەستانەوەیە تا ئێستاش و بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بەردەوام بووە.
دەور و ڕۆڵی پێشەنگایەتی کوردستان لە ئاخێزەکەی ژینا و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی – بوو بە مۆتەکەیەکی ترسناک لە سەر سینگی دەسەڵاتی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی. بەم پێیەش کوردستان کە چەق و کانگای چالاکی حیزبە سیاسییەکان بووە و کۆماری ئیسلامی نیگەران لە دووپاتبوونەوەی ڕۆڵ و دەوری کوردستان لە ئاخێزێکی دیکە (کە بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نادیار، بەڵام نەک زۆریش دوور بەڕێوەیە)، کەوتە هەوڵ و پەلەقاژە تا دەرفەت و ئامرازەکانی چالاکی و جێگە و پێگەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و یەکێک لەوانە کۆمەڵە، لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بتوانێ بە تەواویی بیسڕێتەوە، یان لانیکەم لاوازی بکات. ترسی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی کوردستان تا ئاستێک بوو کە هەموو ئەو ڕووداوانەی بە کوردستانەوە گرێ دەدایەوە و پێی وابوو بە چاوترسێنکردن و کۆنتڕۆڵ و دامرکاندنەوەی کێشەکانی کوردستان، گەورەترین هەڕەشەی سەر نەمانی خۆی چارەسەر دەکات.
کۆماری ئیسلامی هەوڵیدا کە خۆی لەو ڕاستییە گێل بکات کە ئێمە وەک کێوە سەهۆڵەکە تەنیا لوتکەمان لە هەرێمی کوردستانی باشوورە و ڕەگ و پانایی و قورسایی فکریی و هێژمۆنی و حیزبی و تەشکیلاتیمان بە قووڵایی کوردستانی رۆژهەڵاتدا ڕۆچووە. جگەلەوە ئێمە لە مێژوویەکی پتر لە نیوسەدەدا چاولەچاوی دوژمن و لە سەنگەری جۆراوجۆری خەبات و خۆڕاگریدا بووین و دەبینین کە بەرهەم و دەستکەوتەکەشی ئەزموونێکی بە نرخە لە بەردەوامبوونی تێکۆشانمان. ئێمە وەک حیزبێکی سیاسی شێلگیر، کۆڵەکەی کاری خۆمان لە سەر وشیارکردنەوەی گشتیی و رێکخستن لەناو جەماوەری خەڵکی کوردستان داناوە و ئەوەمان بە چەکی هەرەکاریگەر و گەورە و گرانی دەستی خۆمان زانیوە و هەر ئەوەشمان بە باشترین ئامراز و مێکانیزمی گۆڕان و گەیشتن بە ئامانج لە کوردستان زانیوە. کاری نیزامی لە چوارچێوەی پێشمەرگایەتیدا بژاردەی دڵخوازمان نەبووە و کاتێکیش داسەپاوە، هیچ کات نەمانویستووە و نەمانهێشتووە ئاسۆی ڕوونی خەباتی سیاسی و جەماوەریی بەر چاومان کاڵ و کەم ڕەنگ بکاتەوە. کاری نیزامی شوێنەوار و خزمەتی خۆی بووە و هەیەتی چ لە ڕابردوو و چ لە داهاتووشدا، بەڵام ئێستا لەو بڕوایەداین کە سەرجەم فاکتەرەکان دەریدەخەن کە خەباتی سیاسی و مەدەنی شێوازی سەرەکیی و کاریگەری بزووتنەوەی حەقخوازانەی خەڵکی کوردە کە دەبێ پەرەی پێبدرێ و ڕێگا و مێتۆدی نوێ و سەردەمییانەی بۆ تەرخان بکرێ بۆئەوەی وزە و توانای خەباتی جەماوەریی هەر بەو شێوە کە لە مانگرتنەکان و دەستپێشخەرییە جەماوەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بینیمان، بەو پەڕی گوڕ و تینی خۆی بگەیەنێت. بێگومان لە کاتی گونجاوی خۆیدا، و ئەگەر پێویست بێت، بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بە تایبەتی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش و بۆ بەرپەرچدانەوەی سەرکوت و سەرەڕۆییەکانی ڕژیم، خەباتی پێشمەرگانە دێنێتەوە گۆڕێ و دەیکاتەوە یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی تێکۆشانی خۆی و بە پاڵپشتی و پشتیوانی هێزی لە بن نەهاتووی جەماوەر لەو سەنگەرەشەوە ڕووبەڕووی دوژمن دەبێتەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە ڕۆژی دوای گیانبەختکردنی ژینا ئەمینییەوە ڕایگەیاند کە ژینا ئەندامی کۆمەڵە بووە و بۆ چالاکی نێردراوەتە تاران و هەموو ئەو کارانەی کردویەتی بە پلان و نەخشە بووە. ڕژیم هاوکات هەڕەشەی لە کوردستان دەکرد و هەربۆیە هێزێکی زۆری ڕژاندە کوردستان و بە جێگەی ئەوەی بەرپرسیارەتی جینایەتەکەی هەڵگرێت، دەستی کرد بە خوڵقاندنی جینایەتی زۆرتر و دەستی بە خوێنی سەدان لاوی کوردستان سوورتر کرد، لە کوشتن و گرتن و بریندارکردن و راودوونان و ئەشکەنجە و ترساندن و تۆقاندن و جەریمە دەستی نەپاراست و ئەمجارەش رووی ڕاستەقینەی لای خەڵکی کوردستان و ئێران و هەموو جیهان زیاتر لەپێشوو هەڵماڵدرا. لە بەرامبەردا بنەماڵەی شەهید ژینا و هەموو گیانبەختکردووانی کوردستان لە بەرانبەر گوشار و دەستدرێژییانەدا قارەمانانە وەستانەوە و نیشانیاندا کۆماری ئیسلامی بەو کردەوە دزێوانەی تەنیا تۆی نفرەت و بێزاریی زیاتر لە ناو دڵی خەڵکدا دەچێنێت و نە تەنیا ئەوانی لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان نەپرینگاندۆتەوە، بەڵکوو لە سەر رێبازی خەبات و مافخوازی خۆیان سوورتر و شێلگیرتری کردوون و چاو و بیریانی لە ئاست دوژمن و ڕووداوەکان زۆرتر لە جاران کراوە و ڕوون کردوەتەوە.
کۆماری ئیسلامی بەوە نەوەستایەوە و پێشی وانەبوو کە مەترسی کوردستانی ڕەواندووەتەوە، هەر بۆیە لە قۆناغی دووهەمدا دەستی دایە هاژەک و دڕۆنباران کردنی بنەکە و بارەگاکانی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی حیزبە سیاسییەکان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم و ناوچەسنوورییەکان کە لەگەڵ ئەوەشدا کە زیانی گیانی و مادیی لێیکەوتەوە، بەڵام نە تەنیا ورەی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانی پێ نەرووخا، بەڵکوو بە هەزاران جار پتر لە پێشوو بوو بە مایەی شەرمەزاری بۆ خۆی ڕژیم و نەفرەت و بێزاریی بیروڕای گشتیی نێوخۆیی و دەرەکیی لە ئاکار و کردەوەکانی توندتر لە پێشوو هەڵخڕاند. ئەمجارەش خوێنی بەناحەق ڕژاوی شەهیدەکانمان بوون بە هەوێنی خۆڕاگریی و تێکۆشان و ئازایەتی و شێلگیرتربوون لەسەر ڕێبازەکەمان.
ڕژیمی ئیسلامی ئێران کە تا ئیرە جگە لە شکست و ڕیسوایی چی پێنەبڕابوو، ئەمجارەیان دوو بەرەی نوێی شەڕ و پیلانگێڕیی کردەوە؛ لە لایەک بە شەڕی ڕەوانی و سایکۆلۆژی و پڕۆپاگاندەی ژاراوی و درۆ و دەلەسە و بوختان هەڵبەستن و، لە لایەکی دیکەشەوە بە ساتوسەودا و سازانی ژێربەژێر و ئاشکرا لە گەڵ دەوڵەتی بەغدا و گوشارهێنان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی، هەوڵیدا بەر بەچالاکییەکانمان بگرێت. ڕژیم هەوڵیدا لە سنوورەکان دوورمان خاتەوە و گەمارۆی سەرمان چڕ بکاتەوە. لەو ماوەیەدا بە سەدان جار ناوی کۆمەڵە لە زاری بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی، لە میدیاکانی سەر بە ڕژیم، لە رۆژنامە و لاپەڕەکانی دونیای مەجازی هاتووە و وتار و کتێبی لەسەر نووسراوە و فیلمی لە سەر سازکراوە. بە بۆنەی گیرانی چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە لە هاوینی 1401 و پاشانیش لە سێدارەدانیان لە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاویدا، کە هێمای خۆڕاگریی و شۆڕشگێریی نێو بەندیخانە بوون، کۆماری ئیسلامی هەوڵیدا بە پیلانی دانپێدانانی زۆرە ملێ کە لە ژێر نامرۆڤانەترین بارودۆخ و قورسترین جۆرەکانی ئەشکەنجە و ئازاردا دەستی کەوتبوو، ویستی شەڕی ڕەوانی خۆی لە دژی کۆمەڵە بگەیەنێتە لوتکە و ڕوخساری کۆمەڵە و بزووتنەوەکەی پێ خەوشدار بکات و سێناریۆیەکی ساختە دەرخواردی رای گشتی بدات کە بەخۆشییەوە ئەمجارەشیان سەری دای لەبەرد و وشیاریی خەڵک زۆر لەوە زیاتر بوو کە فریوی چەواشەکارییەکانی بخۆن و بە مانگرتنیان بۆ نارەزایەتی بە ئیعدامی ئەو چوار پێشمەرگە قارەمانەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، وڵامێكی ڕوون و پڕبەپێستیان بە ڕژیم دایەوە و نیشانیاندا کە ڕژیم لەوانەیە بتوانێت حیزبە سیاسییەکانیان و هێزی پێشمەرگەکەیان لە هەرێمی باشووری کوردستان سنووردار بکات، بەڵام لە ناو جێگە و پێگەی ڕاستەقینەی خۆی کە قووڵایی دڵی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتە، هەرگیزاوهەرگیز سەرکەوتوو نابێت.
بە داخەوە هەوڵەکانی ڕژیم لە ڕێگای سازان لە گەڵ دەوڵەتی عێراق بە مەبەستی گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان، تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە. هۆکارەکانیشی دەگەرێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە کۆماری ئیسلامی دوای بە دەسەڵات گەیشتنی شیعەکان لە عێراق و دەستڕۆیشتوویی و جێگە و پێگەیەک کە لەوێ پەیدای کرد و بەتایبەت بە سازکردن و وەڕێخستنی هێزە میلیشیا عێراقیەکانی سەربەخۆی کە زۆرتر لە تاران قسە و بڕیار وەردەگرن و تا حوکوومەتەکەی خۆیان لە بەغدا لە لایەک و، بارودۆخی ئاڵۆز و ناجێگیری هەرێمی کوردستان دوای ریفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٧، بە کردەوە نەک بەشێک لە خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە دەست دا، بەڵکوو زۆر دەسەڵات و مافی لێسەندرایەوە و هەرێمی کوردستانی لەجاران زیاتر گیرۆدەی بەغدا و ناوەند کردووە. حکومەتی ئێرانش بە سەرنجدان و بەکارهێنای ئەم لاوازییە و دوبەرەکایەتی و چەند بەرەکایەتی نێو گۆڕەپانی سیاسیی کە خاڵێکی لاوازی گرنگ و شوێندانەری سەر حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستانە، زۆرترین کەڵکی وەرگرتووە.
لە ئاستی نێونەتەوەیی دەستوەردان و پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و ناوچەکە هیچ سنوور و لەمپەرێکی بۆ دانەندراوە و تەنانەت گەلێک جار لە ئاستی قسە و ڕاگەیاندیش مەحکووم ناکرێ. چاوەڕوان دەکرا جیهان لە سەر زیادەخوازییەکانی ئێران بێتە دەنگ کە بەداخەوە بەم ئەرکەی خۆی هەڵنەستاوە و ئەوەش بووەتە هۆکارێک کە کۆمار ئیسلامی هیچ لەمپەرێک لە بەر دەم خۆیدا نەبینێ. لەگەڵ ئەوانەش کزبوونی لایەنی یەکگرتوویی و پرژوبڵاویی نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، فاکتەرێک شوێندانەری دیکە بووە کە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی تەواو بووە.
بە هەموو ئەوانەشەوە کۆماری ئیسلامی نە لە شەقامی شارەکانی کوردستان و بە تەقەی راستەوخۆ لە خۆپیشاندەران و لاوانی شۆڕشگێڕ و خەباتکاری کوردستان، نە بە دڕۆن و مووشەکبارانی بنکەکانی پێشمەرگە و شەهید و بریندار کردنیان و نە لە ناو زیندانەکان بە ئەشکەنجە و ئازار و تا پای سێدارە نەیتوانی ئیرادەی لاوانی خەباتکاری ئێمە برووخێنێ، لە رێگا و ئامانجمان بمانپرینگێنێتەوە و ئیرادە و ویستمان بۆ مافخوازیمان کز بکا.
تەنانەت کۆماری ئیسلامی بە هەموو ئەوانەشەوە نەوەستایەوە و کاری کرد بۆ پیلانگێڕی و درز خستنە ناو ماڵی تازە یەکگرتووی کۆمەڵە، هەر چەند من ناتوانم کەسانێک بە جێبەجێکاری راستەوخۆی پیلانەکەی دوژمن تاوانبار بکەم، بەڵام ئەوەی ڕویدا ئامانج و ئاکامەکەی لە بەرژەوەندیی ئاجێندای فرەخوازیی و دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی و دڵخۆشکردنیدا بوو. ئەم ڕووداوە زیانبارە هەرچەند توانی بەشێک لە ئارەزوە سووکەڵەکانی چەند ساویلکە و هەلپەرستێک وەدی بهێنێت، بەڵام دڵی خەڵکی کوردستانی ناخۆش و بریندار کرد، زیانی گەورەی بە کۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان گەیاند.
کۆماری ئیسلامی دەتوانێ و توانیویەتی بکوژێ و بۆمباران بکا و زیندانەکانی لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بئاخنێ، بەڵام وەک چۆن تا ئێستا نەیتوانیوە، لەداهاتووشدا ناتوانێت بە ئامانج و خولیاکانی خۆی بۆ کز و کەمتینکردنەوە و پەراوێزخستن و لە کۆتاییشدا بەچۆکداهێنانی ئەم بزوتنەوە بەرین و مافخوازانەیە بگات.