دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە دەسەڵاتێکی توندرەوی ئایینییە، ئایین لە دەسەڵات دەگوازرێتەوە بۆ خانەی ئیدئۆلۆژی، کە وابوو لە ئێران دەسەڵاتێکی بە خەسڵەت ئیدئۆلۆژیک لە سەر کارە. ئەو وتەیە لە زمانی زۆر لێکۆڵەر و شرۆڤەکار لە دەرخستنی ناوەڕۆکی حکوومەتی ئێران دەبیستین و دەخوێنینەوە. ئەو ڕوانگەیە لە دیتنی ناوەڕۆکی نیزامی سیاسی ئێران بە بێگومان دەرخەری ڕاستی چەند لایەنێکی فەرە ڕەهەندی ئەو حکوومەتەیە کە ٤٥ ساڵە سوڵتەی نگریسی خۆی بە سەر خەڵکی ئێراندا سەپاندووە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگری زیادەڕۆیانە لەم لایەنەی دەسەڵاتی ئایینی، واتە بینینی دەوری ئیدئۆلۆژی لە لایەن دین و ئایین دەتوانێ ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی حکوومەتی دینی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقییە لە ئێران چەواشە بکات و دەرئەنجامی نادروست لە هەڵوێست گرتن بەرامبەر بە حکوومەتی لێبکەوێتەوە. لە ئێران دەسەڵاتێکی گشتییەتخواز و فاشیستی لە سەر کارە و هەموو لایەنەکان و کون و قوژبنەکانی ژیانی سیاسی، کولتوری و کۆمەڵایەتی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی توندئاژۆیانەی خۆی. دیارە وەک هەر حکوومەتێکی فاشیستی تۆتالیتێر هەوڵ دەدا بە پێی ئیدئۆلۆژێ حکوومەتی تاکەکانی کۆمەڵگا لە ناو قاڵبێک دابرێژێ کە لەگەڵ ئیدئۆلۆژییەکەی گونجاو بێت و لەو رێگایەوە بەردەوامبوونی دەسەڵاتەکەی گارانتی بکات، بەڵام لە بیرمان نەچێتەوە کە ئەم جارە ئیدئۆلۆژییەکە دەزگایەکی فیکری و هەرزی کەمایەتییەک لە ناو کۆمەڵگا نییە کە بۆ پاساوکردنی ڕووکەشی دەسەڵاتەکەی بە کاری بێنێ، بۆ وێنە لە شێوەی ناسیۆنالیزمێکی توندئاژۆی ئیفراتی و نۆستالژیک وێنەی ئیتالیای موسولینی یان دەزگایەکی فیکری ڕەگەزپەرستانەی وەک ئاڵمانی نازی و یان هەر جۆرە فیکرێکی دژەمرۆڤی کە لە سەر ئەساس و بنچینەی قین و نیفرەت بە دژی خەڵکی بێگانە سازکرا بێت، بەڵکوو لێرە باس لە ئایینە، باس لە دینە کە دەبێتە ڕووکەشی ئیدئۆلۆژی دەسەڵاتە سەرکوتگەر و فاشیستییەکە. واتە ئەم جارە ئیدئۆلۆژییەکە ڕیشەیەکی قووڵی لە ناو کۆمەڵگادا هەیە و هەرچەند بە خوێندنەوەی جیاواز، بەڵام دەچێتەی خانەی باوەری گشتی. هەڵبەت دەبێ ئەوەش بزانین کە لەم حاڵەتەدا ئاساییە کە خوێندنەوەیەکی تایبەت وردە وردە لە لایەن دەست و پێوەندییەکان و ڕێبەرانی حکوومەتی لە ئایین و ئایینزای بە دەسەڵات گەیشتوو دروست دەبێ کە خوێندنەوەکانی دیکە بە هی نەیارانی خۆی دەزانێ و تەنانەت دەیانخاتە بەر زەبری سەرکوت و هەڵاواردن. بەو حاڵەشەوە دەسەڵاتی تووندرەو و فاشیستی ئیسلامیی سیاسی بە گشت جۆرەکانی، سوننی یان شیعە بەناوی باوەری دینی زۆرینەی ناو کۆمەڵگا و بە نوێنەرایەتی ئەوان هێز و دەسەڵاتی خۆی بە کار دێنێ. ئەو ڕاستییە خەبات لە دژی رژیمی دینی دژوارتر دەکا و لە هەمان کاتدا ڕێکارە سیاسییەکان بۆ خەبات لە دژی ئاستەمتر و هەستیارتر.
هەر خوێندنەوەیەکمان بۆ ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی بێت، لە ڕوانگەی ئێمەوە ئالتێرناتیڤی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە و دێمۆکراتیک بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی ئایینی، سێکولاریزم و دێمۆکراسییە. مەرجی بەردەوامبوونی دەسەڵاتێکی سیاسی سێکولار لە درێژماوەدا کۆمەڵگایەکی سێکولارە.
کۆمەڵگایەکی سێکولار بەو واتایە نایەت کە تاکەکانی کۆمەڵگا هەموویان یان تەنانەت زۆرینەشیان ناباوەر بە ئایین بن. پرەنسیپەکانی سێکولاریزم لە ناو کۆمەڵگا دەبێ لە لایەن باوەرمەندانیشەوە کە بە تایبەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە بێئەملاوئەولا زۆرینەن، پەسەند کرابێت. هەر بەو پێیەش دەتوانین بڵێین کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە هەمان کاتدا کە بە پێشوازی بەربەرەکانییەکی بوێرانە لەگەڵ حکوومەتی دینی چوو، بەڵام بە هیچ جۆرێک بۆمان نییە وەک بزووتنەوەیەکی دژە ئایین پێناسەی بکەین. ئەو بزووتنەیە تۆلێرانس و ڕەوادارییەکی بێوێنەی بەرامبەر بە ئایینزاکانی دیکە لە خۆی نیشاندا و بە راستی پەیامنێری ڕەواداری و تۆلێرانس بوو بە تایبەت بەرامبەر بە ئایین.
لە دێرەکانی سەرەوەی ئەم وتارە کورتەدا باسی دەور و ڕۆڵی ئایینمان کرد، کاتێک کە دەبێتە ئیدئۆلۆژی حکوومەتی. پرسیارێک کە ئێستاش دوای ٤٥ ساڵ هێشتا جێگای مشتومڕی خەڵکانێکی زۆرە لە ناو ڕووناکبیران و بیرمەندان ئەوەیە کە چۆن بوو ئیسلامی سیاسیی شیعی بە سەرکردایەتی خۆمەینی هێژمۆنی خۆی بە سەر بزووتنەوەی دژە پاشایەتی کە لە دەستپێکدا بە مەبەستی ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی دیکتاتۆڕی پاشایەتی هاتە مەیدان، سەپاند و ئەو بزووتنەوەیەی بە کردەوە گۆڕی بە بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەی شۆڕشی ئیسلامی کە کردی بە بنچینەی حکوومەتێکی شیعی دوازدە ئیمامی لە ئێران کە ئێستا و بە دوای نیزیک بە نیو سەدە و بە تێپەڕاندنی چەندین قەیرانی گەورە و ئاخێزی جەماوەری هەر لە سەر کار ماوەتەوە. لەو باسەدا و گەڕان بە دوای هۆکارەکانی دامەزرانی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک هۆکاری مێژوویی، کولتوری، سیاسی و دۆخی نێونەتەوەیی و هتد هەیە کە بابەتی لێکۆڵینەوەی ئێمە لەو سەروتارە نییە. بە بێگومان باوەرداری شیعی زۆربەی خەڵکی ئێران و لەو سۆنگەوە کاریگەری دامودەزگای ئایینی دەورێکی زۆر گرینگی لەو پرۆسەیەدا گێرا. هەروەها بەستێنە مێژوویەکانیش هەر کام بە نۆبەی خۆیان دەوریان بووە، بەڵام من لە سەر ئەو باوەرەم کە نە نفوز و کاریگەری مەعنەوی و نە بەستێنە مێژوویەکان بە بێ چەند فاکتۆرێکی دیکەش توانیبێتیان دەوری تەواوکەر لەو پرۆسەیەدا ببینن کە دەرئەنجامەکەی بوو بە کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە.
ڕووحانییەتی شیعە ئەگەر ڕێکخراوترین نەبێ لانیکەم یەکێک لە ڕێکخراوترین توێژی خاوەندارانی ئایینیە لە ناو دونیای ئیسلامدا. حەڵقەکانی زنجیرێکی دوورودرێژ لە مزگەوتەکان، حوسەینییەکان، حەوزەکان، ئیمامزادەکان و بەیتەکانی ئایەتوڵڵاکان دەوری حیزبێکی سیاسی زۆر ڕێکخراویان لە ڕەوتی بە دەسەڵات گەیشتنی ئاخوندەکان گێرا. بە بێ جۆرێک پشتیوانی ڕێکخراوەیی و حیزبی ئاستەمە، ڕەوتێک هەرچەند کاریگەری زۆری مەعنەوی هەبێ بتوانێ بە دەسەڵات بگات و ٤٥ ساڵ لەسەر کار بمێنێ. مەرجێکی دیکەی پێویست سەرچاوەی ماڵی و داراییە. بە حیسابی سێ سەرچاوەی سەرەکی دارایی واتە، ئەو یارمەتییانەی بە ناوی خومس و زکات دەچوو بۆ کیسەی ئایەتوڵڵاکان، یارمەتی توێژ و چینە موحافیزەکارەکان وەک بازار و سەرئەنجام ئەو داراییەیانەی ناوی مەوقوفات دەکەوتە ئیختیاری توێژی سەرەوەی مەلاکان، ڕووحانییەتی شیعەی ئێڕانی دەکرد بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین دامەزراوەکانی سوننەتی لە ئێران. بە تایبەت ئەگەر ئەو ڕاستییەش لە بەرچاو بگرین کە لەو داراییەیانە نە ماڵیات دەستێندرا و نە چاوەدێرێکی ئەوتۆی حکوومەت بەسەریانەوە بوو. خەیاڵم هەیە بڵێم ڕووحانییەتی شیعە هەردووی ئەو مەرجانەی واتە ڕێکخستن و دارایی پڕ کردبۆوە و جا ئینجا بە کەڵک وەرگرتن لە بەستێنێکی مێژوویی و دۆخێکی لە باری سیاسی و نێونەتەوەیی و ناوچەیی هێژمۆنی خۆی بەسەر بزووتنەوەکەدا مسۆگەر کرد و دەستی بە جومگەکانی سەرەکی دەسەڵات داگرت.
ئێستا و دوای ٤٥ ساڵ دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران چیتر لە ڕێگای حوکمرانی بە سەر مێشکەکان و کاریگەری مەعنەوی درێژە بە حکوومەت و دەسەلاتی خۆی نادا و بە پێچەوانە سەرەڕای دەریایەک لە قین و نەفرەت و بیزاری زۆربەی خەڵکی ئێران تەنیا بە پاڵپشتی هێزە سەرکوتگەرەکانی و دامودەزگاکانی دیکەی سەرکوت وەک دادگا و زیندان و هتد لە سەر کورسی دەسەڵات ماوە. توێژی پیاوانی ئایینزای شیعە کە دەسەڵاتی سیاسی لە پاوانی ئەواندایە ڕێکخراوتر و دەوڵەمەندتر لە هەموو مێژووی بوونی خۆی و هەڵبەت گەندەڵتر و بە تەماح تر، درەنگ یان زوو لە بەرامبەر ئاخێزێکی دیکەی جەماوەر و لە هەلومەرجێکی گونجاوتری دەرەکی نامێنێ و دەبێ جێگای خۆی بدا بە نەزمێکی سیاسیتر لە ئێران. بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسی دوای کۆماری ئیسلامی دێمۆکراسی بێت بەو شێوەیەی ئارەزو و هیوای نیزیک بە یەک سەدەی خەڵکی ئێرانە، دەبێ سێکۆلار بێت. مەرجی بەردەوامبوونی حوکمرانییەکی سێکولار کۆمەڵگایەکی سێکۆلارە. بۆیەش بۆ چوون بەرەو کۆمەڵگایەکی سێکۆلار پێویستە پەروەردە، دەزگای دادپەروەری، حوکمی یاسا و ڕەوتی پەسەندکردنی یاسا و هەڵبەت زۆر شتی دیکە دەبێ لە ژێڕ کاریگەری ئایین بە گشتی بێتە دەرێ. هەرچەند پرەنسیپی جیای دین لە دەوڵەت بە هیچ بەهانەیەک نابێ خەوشدار بکرێ و دەسەڵاتی سیاسی بە تەواوی بەرامبەر بە ئایین و ئایینزاکان بێ لایەن بێت، بەڵام هێشتا بەوەش نابێ بوەستین و دەبێ بە سەر خەرج و داهات و تێچووەکانی دامەزراوەکانی دینی چاوەدێرێکی باش و دێمۆکراتیک مسۆگەر بێت. بەو شێوەیە و بە لەبەرچاوگرتنی پرەنسیپی ئازادی بیروباوەر بۆ هەموو ئایین و ئایینزاکان و بێلایەنی بێ ئەملا و ئەو لای حکوومەت لە هەمبەر ئەوان کۆمەلگای ئێران لە بەرامبەر بە مەترسی دوپاتبوونەوەی ئەو کارەساتە گەورەیە واکسینە بێت.