شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، جگە لەوەی کە سەرجەم بنچینە و کۆڵەکەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانی خستە لەرزین، هاوکات لە زۆر بواردا و بەتایبەتیش پرسی ژن و ماف و ئازادییەکانی، ئەو سیستەمە دواکەوتووەی تووشی پاشەکشێی سەرنجڕاکێش کرد. ئاخێزی بەرینی کۆمەڵایەتی و سەرانسەری ئێران بە پێشەنگایەتی ژنانی وەزاڵەهاتوو و مافخواز و بە پشتگیریی پیاوانی پێشکەوتنخواز، ترس و دڵەڕاوکێیەکی وەهای خستە دڵی ڕێبەرانی ڕژیم بەجۆرێک کە ناچاربوو کە بەشێک لە دەزگای سەرکوتی خۆی و لەوانەش دامەزراوەی ناوزڕاوی گەشتی ئیرشاد و ئامرازە هاوچەشنەکانی سەرکوت لە شەقامەکان تێکەوەپێچێت . ئێستا پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر شۆڕشەکەدا، ڕژیم لە وەها دۆخێکی نالەباردایە کە پەنای بۆ پیشەی هەمیشەیی خۆی، واتە سەرکوتی زەق و بێبەزەییانە لە شەقامەکان بردوەتەوە. گوشارە نێودەوڵەتییەکانی سەر ڕژیم بەردەوام لە پەرەسەندن دایە. پیلانەکانی ڕژیم بۆ بەرەوپێشبردنی ئاجێندای خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایەبەت پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ و هێرشە تێرۆریستییەکەی حەماس و جیهادی ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل جگە لە شکست و ریسوایی زیاتری، دەستکەوتێکی بۆی نەبووە و ئێستاش کە دۆخی تێکهەڵچوونی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئامریکا و ولاتانی ڕۆژئاوایی بەگشتی لە ئارادایە و ڕژیم زیاتر لە هەمووکات هەست بە ریسوایی و تەریککەوتنەوە دەکات، سناریۆی داڕمان و لەناوچوونی کۆی قەوارە و سیستەمی ئیسلامیی زەقتر لە پێشوو دەرکەوتووە. ئێستا بە سەرنجدان بەو هەلومەرجە دەرەکییە، بە چاوخشاندنێک بەسەر بارودۆخی ناوخۆیی ڕژیم، واتە شکستی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی، تێگەیشتن لە دوا پەلەقاژەکانی ڕژیم و ترس و دلەڕاوکێی بۆ لەناوچوونی، ئاسانتر دەبێت. کۆماری ئیسلامی کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەخۆیدا شک نابات، نیشاندانی کەڵپە و چنگ و ددانەکانی بە خەڵکی ئاسایی سەر شەقامەکان و لێرەشدا ژنان، بە باشترین بژاردەی خۆی دەزانێت کە لەم ڕێگایەوە لەلایەکەوە ژنان و پیاوانی مافخوازی چاوترسێن و سەرکوت کردبێت و لەلایەکی دیکەشەوە ولامێکی قەناعەت پێکەری بۆ لایەنگرانی توند ئاژۆی خۆی لە ناوخۆی ئێران هەبێت.
لەکەس شاراوە نییە کە بەشێکی زۆری سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بەگشتی، بەمەبەستی تۆکمە و تەیارکردنی گرووپ و میلیشیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست (مێحوەری مقاومەت) کە خزمەت بە ئاجێندای ئێران، واتە نانەوەی کێشە و ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و هەڵگیرساندنی گرژیی و نائارامی، هەناردەی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەکریت. هاوکات کۆماری ئیسلامی خاوەنی دەزگایەکی پان و بەرینی سەرکوتی ناوخۆییە کە هێز و بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخان کردووە. ئەمە بەو مانایەیە کە پشکی گەورە لە داهاتە دەرەکیی و نێوخۆییەکانی وڵات لە هاوردە و هەناردە و بازرگانیی، لەخزمەت ئیدئۆلۆژیی و خولیای بێناوەرۆک و بێسوودەکانی ڕژیمدایە. ڕژیم بۆ بەکردەوە دەرهێنانی شانۆگەریی هێز و تواناکانی لە ناوخۆی وڵات، دەیان جۆر و لق و پۆ و دەستە و تاقمی ترساندن و تۆقاندن و سەرکوتی سازکردووە کە دەزگای ڕیسوا و ناوزڕاوی گەشتی بەناو ئیرشاد یەکێک لەوانە.
پاش کوشتنی سیستماتیک و بەئەنقەستی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقزی لە شاری تاران بەدەست بەکرێگیراوانی ڕژیم لە گەشتی ئیرشاد و هەڵگیرسانی ئاخێزێکی بەرینی سەرانسەری لە ئێران کە یەکەم چەخماخەی لە کوردستان و شاری سەقزەوە لێدرا، ترسێکی هێند گەورە سەرجەم جومگەکانی ڕژیمی گرتەوە کە ناچاری کرد بە پەلەپروزکێ ئەم ئۆرگانەی سەرکوتی خۆی سڕ بکات و لە بەرچاوی خەڵک و سەر شەقامەکان بیسڕێتەوە. دیارە هەرئەوکاتیش ڕژیم کۆتایی بە سەرکوتی شەقام نەهێنا و بە هێنانە مەیدانی هێزە چەکدارەکانی دژە شۆڕش، ناخی دڕندانەی خۆی بە شێوازێکی دیکە نیشاندا. واتە تەنیا جێگۆڕکێی بە هێزەکانی کرد.
کۆماری ئیسلامی بە تێگەیشتن لە ناڕەوایی دەسەڵاتەکەی لە ناو خەڵک و نەتەوەکانی ئێران و هاوکات ترس و نیگەرانیی لە سەر هەڵدانێکی بەرین و سەرانسەریی کە تۆماری بوون و مانەوەی تێکەوەپێچێت، بۆ ساتێکیش دەستی لە پیلانگێڕیی و سەرکوتی نێوخۆیی هەڵنەگرتووە و وەک یەکێک لە بنەماسەرەکییەکانی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی سەیری کردووە. هاوکات لە دەور و نەخشی پێشەنگایەتیی و گرنگی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی هێز و یاسا سەرکوتکەرانە و دواکەوتووەکانی خۆی بەباشی ئاگادارە. هەر بۆیە بە درێژایی تەمەنی خۆی، زیاتر زەبروزەنگ و گوشاری لە دژی ژنان بەکار هێناوە. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی کە ژنان وەگەڕخەر و هێزی سەرەکیی بوون، ئەو ڕاستییەی تۆختر کردەوە. هەر بۆیە دوور لە چاوەڕوانیش نییە کە ڕژیم جارێکی دیکە و بگرە زۆر زەقتر لە پێشووش، سەرنج و فۆکوسی دەزگای زەبەلاحی سەرکوتی خۆی بخاتەوە سەر پرسی ژنان. تۆڵەسەندنەوە لە ژنان و سەندنەوەی دەستکەوتە گرینگەکانیان خەونی هەمیشەیی و بەتایبەتیش یەک ساڵ و نیوی پاش دامرکانەوەی شۆڕشی|ژن، ژیان، ئازادییە.
کۆماری ئیسلامی باش دەزانێت کە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شۆڕشێکی بەهێزتر لە پێشوو کە ئەمجارەیان نەتەنیا کۆڵەکەکانی بخاتە لەرزین، بەڵکوو کۆی گشتیی بوونی ڕژیم بەجۆرێک بکاتە ئامانج کە بۆ تاهەتایە تێکەوەی پێچێت و بیخاتە زبڵدانی مێژووەوە، زۆر زۆرە. هەر بۆیە ئێستاش بەئاشکرا، جگە لە پیلانگێڕییە نوێیەکانی، پەنا دەباتەوە بەر ئامرازە کۆنەکانی سەرکوت و گەشتی بەدنێوی ئیرشاد هاوچەشن دێنێتەوە گۆڕێ.
کۆماری ئیسلامی دوایین هەڵبژاردنەکانی هەر دوو مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و خوبرەگانیش کە نوێترین ئەزموونەکانی شکست و ریسوایی بوون، بە لێکەوتە و دەرئەنجام و کاریگەرییەکانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» دەزانێت کە ژنانی کوردستان و ئێران پێشەنگایەتییان کرد. هەر بۆیە لێرەشدا دەنگی زەنگی مەترسی ژنان بۆ سەر دەسەلاتەکەی بەهێزتر دەکات.
هێنانەوەی گەشتی ناوزڕاوی بەناو ئیرشاد بۆ گۆڕەپان و شەقام و کۆڵانی شارەکان بەڕێکەوت نییە بەڵکوو بیرۆکە و پلانی درێژماوە و وردی لەپشتە. واتە ڕژیم پیلانی بۆی بووە و باش بیری لێکردووەتەوە، بەو مانایە کە ئەمڕۆ ئەمە بە یەکێک لە ئامرازە باشەکانی خۆی بۆ چاوترسێنکردن و سەرکوتی ژنانی سەربزێو و بەچۆکدانەهاتوو دەزانێت. پەلامار و دەستبەسەرکردنی ژنان بە تۆمەتی گوێنەدان بە حیجابی زۆرەملێ، تەنیا بیانوویەکە بۆ شاردنەوەی دەستەوەستان مانەوەی ڕژیم لە چارەسەرکردنی کێشە قووڵ و بنچینەییەکانی کۆمەڵگای ئێران بەگشتی لە لایەک و خۆ تەیار و ئامادەکردنی بۆ بەرەنگار بوونەوەی هەرچەشنە ناڕەزایەتیی و ئاخێزێکی گەورە و بچووک لە لایەکی دیکەوە.
کۆماری ئیسلامی پاش شۆڕشی شارستانی و پێشکەوتنخوازانەی ژن، ژیان، ئازادی، لەو ڕاستییە قووڵتر و باشتر تێگەیشتووە کە چیتر ناتوانێت بە مێتۆد و شێوازە سەرەتاییەکانی خۆی، واتە یاسا و نەریتی سواو و بەسەرچوو نەتەوەکانی ئێران لەژێر ڕکێفی خۆیدا ڕابگریت. بەتایەبەت لە کۆمەڵگایەکدا کە خاوەنی چین و توێژی بەرینی وشیار و خوێندەوار و چاونەترسی ژنان بێت.
کۆماری ئیسلامی مەحکووم بە ڕۆیشتن و لەناوچوونە و خەباتی گەلانی ئێران و بەتایبەت ژنانی ئازادیخواز بۆ وەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سێکۆلار و بەرابەر سەردەکەویت. ئەمە تەنیا دروشم و خەون نییە و سەرجەم ئەو فاکتۆرانەی کە لە سەرەوە و باسمان کرد و زۆر هۆکاری دیکەش، ئەمەمان پێدەڵیت.