لە ٥ی ڕەشەممەی ساڵی پارەوە تا ڕۆژی ١٢ و ١٣ی خاکەلێوەی ئەمساڵ (نزیک بە ٤٠ ڕۆژ) لە ئاوایی چەشمیدەری سەوڵاوای ناوچەی ژاوەرۆی هەورامانەوە تا ئیلام و کرماشان و سنە و سەقز و بۆکان و مەهاباد و شنۆ و خانێ و ورمێ و دیواندەرە و سەردەشت و سەڵماس و خۆی لە سەرتاسەری کوردستان لە شار و گوند و سەیرانگایەک، چاومان پڕە لە دیمەنی کارناواڵی ئەو حەشیمەتە زۆرە هەڵپەڕکێکارەی لە دەوری ئاگرێکی بڵێسەگرتوو، بە جلی کەسک و سوور و زەرد و سەوزەوە، جامانە لە مل، گوڵ و ئاڵای سوور بە دەستەوە، بە ڕەش بەڵەک، بەزمی ڕەزمی نوێ بوونەوە و نەورۆزیان بە شایی و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەکردەوە.
بەچاوپۆشی لەوەی کامە ڕەوایەت و گێڕانەوە لە نەورۆز دروستە و کامە چەواشە، نەورۆز لە حەفتا هەشتا ساڵ لەمەوبەرەوە بووەتەوە نەریتێکی زیندووی هەموو بەهارێکی کوردەواری. بۆ جیلی من ئاگری نەورۆز و نەورۆزانە و هەلاومەلاوە زۆر ئاشنایە. شەوی نەورۆز گەنجان و بەهێزەکان تایە تراکتۆر و دار و سووتەمەنییان دەبردە سەر کێوەبەرزەکان و لە سەر شاخە بەرزەکان ئاگری نەورۆز دەکرایەوە. لە هەر گەڕەکێک لە گوند و دێهاتەکان ئاگری نەورۆز دەکرانەوە و گەورە و بچووک لە دوری کۆ دبوونەوە، بەڵام لە ماوەی ١٠، ١٥ ساڵی ڕابردوو، نەورۆز لە کوردستانی ڕۆژهەڵات جگە لە بۆنەیەک بۆ گۆڕانی وەرزەکان و جێ بە جێ کردنی داب و نەریتێکی کۆنی کوردانە، ڕەهەندێکی سیاسی بەرەنگارانەشی بەخۆیەوە گرتووە. ئەمساڵانە ئاگرەکان نەک تەنیا لە سەر شاخەکان، نەک تەنیا لە گەڕەکەکان، بەڵکوو ئاگری نەورۆز لە ناو ئاپۆرەی جەماوەر و بە ڕێ و ڕەسمی تایبەت و بە هاوائاهەنگی چەند گوند پێکەوە یان هەموو خەڵکی شارێک لە یەک شوێن دەکرێتەوە و کوڕ و کچ، پیرولاو بە جلی ئاڵ و واڵا دەست لە ناودەست و بە بەرجەستە کردنی هێما و سیمبولە شۆڕشگێڕانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەپەڕن و دەیکەن بە جەژنی بەرەنگاری.
پێگەیشتووی مرۆڤی ئازادیخواز
فاکتێکی دەروون ناسی هەیە کە دەڵێت؛ قۆناغەکانی گەشەی عەقڵ و تێگەیشتووی مرۆڤ ٦ قۆناغ لە خۆ دەگرێت و لە چەند مانگ بەرلە لە دایک بوونی دەست پێ دەکات و تا دەگات بە تەمەنی ٢٢ ساڵی. هەڵبەت زۆرن ئەو مرۆڤانەی کە لە یەکێک لەو قۆناغانە دا تا دوارۆژی تەمنیان دەمێننەوە و هەندێک جاریش مرۆڤەکان گەشەی عەقڵیان لە تەمەنی جەستەییان خێراتر دەبێت. بە پێی ئەم فاکتە دەروونناسییە بۆ وێنە ئەگەر لە قۆناغی ١٦ بۆ ١٨ ساڵی یاسامەندی و پێڕەوی لە یاساکان دەگاتە لوتکە، لە دواقۆناغی گەشەی عەقڵی و تێگەیشتووی (١٨ بۆ ٢٢ ساڵی) مرۆڤ دەگاتە ئاستێک کە نەتەنیا یاسایەک پێڕەو ناکات کە زاڵمانە و نائینسانیانەیە، بەڵکوو دژی دەوەستێتەوە و لە دژی خەبات دەکات.
مرۆڤەکان تا کاتێک نەگەنە ئەو قۆناغە لە تێگەیشتووی و پێگەیشتووی عەقڵی یان وابەستە و گرێدراو یان ترسەنۆک و بێ جەسارە، یان قورس و قاییم دەبنە دیل و عەبدی یاساکان. بەڵام گەیشتن مرۆڤەکان بۆ کۆتا قۆناغی گەشەی عەقڵی، زنجیری سەربزۆزانە زنجیری دیلی و عەبدایەتی یاسا نامرۆڤانەکان دەپسێنن و دژی دەوەستنەوە و بۆ هەڵوەشاندنەوەی خەبات دەکەن.
زۆرینەی خەڵکی ئەمڕۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕێژەیەکی بەرچاویش لە خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی ئێران لە کۆتا قۆناغی گەشەی عەقڵی دان و لە دوو ڕێگاکانی خەبات دژی ئەو یاسایانە دەگەڕێن و بۆیە ئێمە هەر ڕۆژە چاوەری شکڵ و فۆڕمێکی نوێی خەباتێکی داهێنراوی خەڵکین.
خەباتکارانی شاد (خەباتی مەدەنینافەرمانی مەدەنی) سادەترین پێناسەی خەباتی مەدەنی بریتییە لە؛ «پێشێل کردنی یاساکانی دەسەڵات بە بێ توندوتیژی» یان بە واتایەکی دیکە خەباتی مەدەنی ئاماژەیە بە هەوڵ و ململانێی ناتوندوتیژی گرووپ و خەڵکانی وڵاتێک بۆ گۆڕانکاری و باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، کولتووری وڵاتەکەیان. بەگشتی خەباتی مەدەنی دەرخەری ئیرادە و هێزی خەڵک و جەماوەرە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ پێکهێنان و گەشەی دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ. ئەزموونە مێژووییەکان دەربارەی خەباتی مەدەنی و فۆڕمەکانی بریتین لە؛ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ڕێگە یاسایی و نایاساییەکانەوە، خۆپیشاندان و مانگرتن، وتاربێژی و لەم ساڵانەی دواییشدا هێرشە سایبرییەکان. خەباتە مەدەنییەکان ڕەنگە لە سەر فۆڕمێکی تایبەت دەربارەی پرسێکی تایبەت بۆ وێنە ناڕەزایەتی بە یاسایایەکی زاڵمانە، جیاوازی و هەڵاواردنی نەژادی و ئیتنیکی، زوڵم و زۆری حاکمییەت و دەسەڵات، گەندەڵی، نادادپەروەرانە دابەشکردنی سەروەت و سامانی گشتی، سنووردارکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و … کە ئامانجی سەرەکی لە خەباتەکە گۆڕانکاری گەورە بۆ باشترکردنی دۆخی گشتی کۆمەڵگاکەیە. لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوو گەلێک گۆڕانکاری گەورە لە دۆخی وڵاتان و کۆمەڵگاکان لە ڕێگەی خەباتی مەدەنی و نافەرمانی مەدەنی وەدی هاتوون؛ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی هیندوستان بە سەرۆکایەتی گاندی لە چنگ ئیستعمار و کلۆنیالیستی بریتانیا لە ساڵی ١٨٥٧ تا ساڵی ١٩٤٢، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی ئەلجەزائیر لە چنگ ئیستعمار و داگیرکاری فەڕانسە لە ساڵەکانی ١٩٥٠ تا ١٩٦٢، بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی چالاکانی مەدەنی وەک مارتین لوتێرکینگ، رۆزا پارکس و مالکووم ئیکس بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و چەوساندنەوەی ڕەشپێستەکان و گەرەنتی کردنی مافەکانیان کە یاسا مەدەنییەکانی ساڵی ١٩٦٤لێکەوتەوە، ڕووخاندنی ڕژیمی ئاپارتاید و هەڵاواردن لە ئەفریقای باشوور بە سەرۆکایەتی نیلسۆن ماندێلا و ئالبرتین سیسیولۆ و ستیڤ بیکیۆ، خەباتی ژنان بۆ مافەکانیان لە سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا و… چەند نموونەیەکی سەرکەوتووی خەباتی مەدەنین کە گەلێک دەرس و وانەی بۆ ئێمەی ئازادیخوازان لە ئێران تێدایە. بۆچی بەڕێوەچوونی ئاهەنگە نەورۆزییەکان خەباتێکی مەدەنییە؟ لە کەس شاراوە نییە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیکی توندئاژۆی چەقبەستووە کە هەموو ڕەوایەتەکان لە سروشت و زانست و فەلسەفە و عەقڵ و هونەر و پێوەندی و شوناس و… بە ناڕاست و تەنیا خۆی بە ڕەوا و بەرحەق دەزانێت. ڕوانینی ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتێر و دیکتاتۆرەش ڕەوانگەیەکی نیگەتیڤ و دوژمنکارانەی هەیە بەرامبەر بە نەورۆز و بەڕێوەچوونی ئاهەنگە نەورۆزییەکان هەیە. نەورۆز بە پاشماوەی کلتووری تاغووتی و دواکەوتووی دەزانێت، ڕێزگرتن و ئاهەنگ گێڕانیشی پێ نەک هەر ناپێویست بەڵکوو دژی جەژن و بۆنە ئایینییەکانی خۆی دەزانێت. کردنەوەی ئاگر بە دابێک لە ئادابی مەجووسی و ئاگرپەرەستی و گومڕاهی دەبینێ و لە هەمووان خراپتر شایی و هەڵپەڕکێ و ڕەش بەڵەکی کوڕان و کچان بە جینایەت و تاوانی گەورە دەزانێت. لە بەرامبەردا هەموو هەوڵی ئەوە بووە کە بۆنە ئایینییەکانی مەزهەبی شیعە بە جەژن و ڕۆژی شایی بزانێت و بە ساڵ دوازە مانگە بۆ مەرگی هەر ئیمام و مەلایەک یەک دوو ڕۆژ و بە هەفتەش جلی ڕەش لەبەر بکەن و شین بگێڕن و قوڕ بپێون و لەخۆیان بدەن. شایی و هەڵپەڕكێ و ئاواز و مۆسیقا حەرام بێت، ژن و پیاو و بە تایبەتی ژنان بە پێی ڕێنمایی شەرع جل و بەرگ بپۆشن و ئەگەر وا نەکەن تەنانەت دەشکوژرێن و گیانیان لێ دەستێننەوە و هەموو ئەوانەش بە یاسا کراوە و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی جێ بە جێی دەکەن. لە بەرامبەردا خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لە بەر ڕێنمایی و ڕۆشنایی ڕیبەرایەتی بزووتنەوە ئازادیخوازانەکەی بە دەرس وەرگرتن لە شێوازەکانی خەبات، دژی ئەم ڕژیمە تۆتالیتێرە داپڵۆسێنەرە بە ئیبداعات و داهێنانەکانیانەوە بەرەنگاری ئەو ڕژیمە بوونەتەوە. هەڵدەگرێت دەربارەی خەباتی مەدەنی و پەرەسەندنیان لە کوردستان زۆرتر و بوترێ و تێر و تەسەلتر باسیان بکرێت، بەڵام ڕەنگە لە تاقەتی ئەم وتارەدا نەبێت، بەڵام بۆ وەبیرهێنانەوەی داهێنان و دەسپێشخەرییە مەدەنییەکانی خەڵک و بزووتنەوەی کوردستان چەند نموونەیەک ئاماژە بدرێت: کۆچی مێژوویی مەریوان؛ کۆچی بە کۆمەڵی خەڵکی شاری مەریوان بە ڕێبەری کاک فوئادی مستەفاسوڵتان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە هێرش تۆپخانەکانی پادگانی سنە و کوشتارەکانی کۆماری ئیسلامی لە خەڵکی کوردستان کە تا ئەمڕۆش بێ وێنەترین نموونەی خەباتێکی جەماوەری و نافەرمانییەکی مەدەنییە وەک ئەستێرەیەک لە سەر سنگی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەدرەوشێتەوە.
ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان؛ گەشەی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان و گەشە و تەشەنە سەندنی خوێند و نووسین بە زمانی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان کە ئەنجامەکەی وشیاریی تاکی کوردی ڕۆژهەڵاتی لێ دەکەوێتەوە. بزووتنەوەی ژینگەپارێزی؛ بە پانتایی هەموو ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ پارێزگاری کردن لە ژینگەی کوردستان جا چ دارستانەکان بێت، چ پارێزگاری کردن لە ئاژەڵ و پەلەوەرانەکان، چ هەڵمەتی نەمام چاندن بێت یان خود کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک یان گرووپی شاخەوانی تێکەڵی کوڕان و کچان و…
مانگرتنە گشتییەکان؛ لە ١٦ خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی و بە دوای شەهید بوونی شوانەی سەیدقادری لاوێکی مەهابادی لە ناڕەزایەتی بەو کردەوە دڕندانەیە خەڵکی شارەکانی کوردستان مانگرتنێکی سەرتاسەرییان بەڕێوە برد و تا ئەمڕۆکەش ئەم شێوە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی دوور لە توندوتیژی بەرامبەر بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بووەتەوە. شێوازێک لە خەباتی مەدنی کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا تێی دا بەشدار دەبن و گشتگیرترین فۆڕمی خەباتی مەدەنییە و کاریگەری و کاردانەوەی گەورە و بەرچاوی هەیە. بەشداری نەکردن لە بۆنە حکومەتەییەکاندا؛ خەڵکی کوردستان بە وشیاری و ئاگاهانە لەو بۆنە حکوومەتییانەی کە بە کۆماری ئیسلامی دەناسرێتەوە بەشدارییان نەکردووە و نایکەن، لەوانە بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی جا چ بۆ سەرۆک کۆماری بێت چ بۆ مەجلیس یان ٢٢ی بەهمەن بێت یان ڕۆژی قودس. بەشداری نەکردنی وشیارانەی خەڵکی کوردستان لەو بۆنە دەوڵەتی و حکوومەتییانە مێژوویەکی دوور و درێژی بە درێژای تەمەنی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی.
ئیعتراز و ناڕزایەتی خیابانی؛ شەقام و کۆنتڕۆڵی شەقام وەک هێمای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و هەر دەسەڵاتێکی دیکە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان گۆڕەپانی ململانێی خەڵک و دەسەڵات بووە و نموونەی زۆر و مێژووی لە بەرەنگاری خەڵک و هێزە سەرکوتگەرەکان لە سەر شەقامی شارەکانی کوردستان تۆمار کراون. زۆرجاران سەرچاوەی دەنگ هەڵبڕینی خەڵک بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی لە ڕێ و ڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕۆڵەکانی کوردستان بووە و نموونەی زیندوو لەوبارەوە زۆرن کە ئەنجامی ئەم هاوبەشییە جەماوەرییە پشتگیری و هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و قوربانیانی کۆماری ئیسلامی لێ کەوتووەتەوە. بزووتنەوەی ژنان؛ گەشە و پەرەسەندنی وشیاری ژنان بە تایبەتی و هاوهەڵوێستی پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان بە گشتی یەکێکی دیکە کە جەمسەرەکانی خەباتی مەدەنی و نافەرمانی مەدەنی خەڵکی کوردستان بووە بەرامبەر بە یاسا و دەزگای جێ بەجێکاری ڕژیمی ئیسلامی. ئەم خەباتە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی ژنانی گرتووەتەوە و بە یەکێک کە سەنگەرەکانی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئەژمار دەکرێت.
_و سەرەنجا ئاهەنگە نەورۆزییەکان؛
خەڵکی کوردستان بە وشیارییەوە ڕێ و ڕەسمی ئاهەنگە نەورۆزییەکانیشیان کردووەتە دەرفەتێک بۆ خولقاندنی دیمەنێکی دیکە لە خەباتی مەدەنی و نافەرمانی مەدەنی بەرامبەر بە ڕاسپاردە و فەرمان و یاساکانی کۆماری ئیسلامی.
ئاهەنگە نەورۆزییەکان لە چەند ڕەهەندەوە جێی تێڕامانن و لە چەند جەمسەرەوە هەڵپێکانی بزووتنەوە مەدەنییەکانی خەلکی کوردستانن؛
١. نەورۆز بۆنەیەکی دیرۆکی، کولتووری، سروشتی، نەتەوەیی و تەنانەت بە پێی هەندێک بۆچوون ئایینیشە، لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی فاشیستی ئیسلامی سیاسی کە نەفی ئەو کولتوورە، ئەو نەتەوە و ئەو مێژووە دەکات. نەورۆز و ئاهەنگە نەورۆزییەکان لە بەرامبەر بۆنە ئایینییەکانی خۆی دەزانێت و قەدر و ڕێزی بۆنە ئایینییەکان دەخاتە پێش نەورۆز.
٢. لە نەورۆزدا ئاگر دەکرێتەوە؛ کۆماری ئیسلامی و ئیدئۆلۆژی ئیسلامی دەڵێت کە ئاگر کردنەوە هی سەردەمی گومڕاهی و ئاورپەرەستییە و بانگەشەیە بۆ مەجووسییەت و شیرکە.
٣. کردنەوەی ئاگرە نەورۆزییەکان بە دەستی کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان؛ کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم ٤٥ ساڵەی ڕابردوو جەرگی زۆر دایک و باوک و خوشک و برای سووتاندووە و بەشی هەرە زۆریشیان لە سەرنگەری بەرەنگارییدا گیانیان بەخت کردووە. خەڵکی کوردستان وەک وەفا و ڕێز لێنان لە خەبات و گیانبازی شەهیدەکان کردنەوەی ئاگری نەورۆزییەکانیان لە توێی ڕێ و ڕەسمێکی شایستە دەسپێرنە خانەوادە و کەس و کاری شەهیدان. لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی تێکۆشەرانی کورد بە بەغی و یاغی و مولحید و موفسیدی فیلئەرز و … دەزانێت، بەڵام خەڵکی کوردستان ئەوانە بە خۆشەویست ترین ڕۆڵەکانی کوردستان دەزانن و ڕێزیان لێ دەگرن و پێزانی گیانبازی و فیداکاری ئەوانن.
٤. جل و بەرگی کوردی؛ پۆشینی جل و بەرگی ڕەنگاڵەی سەوز و زەرد و سوور و شین و شادەکان لە لایەن ژنان و پیاوانی بەشدار لە ئاهەنگە نەورۆزییەکان هێمایە بۆ ڕەگداکوتانی هەستی بەرزی نەتەوەیی و کوردایەتی
و پووچەڵ بوونەوەی پیلانی زیاتر لە ١١٠ ساڵەی ڕژیمە تۆتالیتار و دیکتاتۆرکانی پاشایەتی و ئیسلامی بۆ ئاسمیلە کردن و تواندنەوەی هەستی کورد بوون.
٥. بەرجەستە کردنەوەی هێماکانی بزووتنەوەی کوردستان؛ ئەوەی لە دیمەنی کارناواڵی ئاهەنگە نەورۆزییەکان لە سەرتاسەری کوردستان بەدی دەکرا جگە لە لەبەرکردنی جل و بەرگی کوردی ڕەنگاوڕەنگی شاد، پۆشینی جل و بەرگی پێشمەرگانە و لەمل کردنی جامانە و بە دەستەوە گرتنی گوڵ و ئاڵای سوور بوو کە ڕەمزە بۆ یەکبوونی خەڵک و ڕۆڵە پێشمەرگەکانیان.
دەزگای پروپاگاندای خۆی دەڵێتەوە کە گۆیا بزووتنەوەیەک لە کوردستان لە ئارادا نییە و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان مونحەلە و تیرۆریست و … و هیچ پێگەیەکیان لە ناو خەڵک دا نییە، ڕیسەکانی دەبێتەوە بە خوری و دۆش دادەمێنێ.
٦. ئازادیخوازی و کورد بوون پێش بۆنە ئایینیەکانە؛ تایبەتمەندییەکی نەورۆزی ئەمساڵ هاوکات بوونی هەندێک کە ڕۆژانی نەورۆز لەگەڵ مانگی ڕەمەزان بوو. کۆماری ئیسلامی پێی وابوو لە ڕێگەی وروژاندنی هەستی ئایینی و هاندانی مەلا بەکرێگیراوەکانی خۆی لە مینبەری مزگەوتەکان بۆ تف و نەحلەت کردنی نەورۆز و ئاهەنگە نەورۆزییەکان دەتوانێت پێش بەو کارناواڵە بگرێت. ئەگەرچی زۆرینەی خەڵکی کوردستان پێڕەوی ئایینی ئیسلام لە هەر دوو ئایین زایی شیعە و سونە کە لە هەموو ناوچەکان ئاهەنگە نەورۆزییەکان بەڕێوەچوو و جگە لەو تاقمە مەلا مشەخۆرە کەس پێی وانەبوو سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام کراوە.
٧. بەرینتر بوونەوەی بازنەی جوگرافیایی بەڕێوەچوونی ئاهەنگە نەورۆزییەکان؛ حاشاهەڵنەگرە کە ئاهەنگە نەورۆزییەکان لە دێر زەمانەوە لە ناو کورددا بەڕێوە چووە، بەڵام خاڵی جێی ئاماژە دەربارەی پانتایی و بەرفراوانی بەڕێوەچوونی ئەم ئاهەنگانە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ زۆر بەربەرینتر بوو. لە هەر چوار ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، ئیلام و کرماشان ڕێ و ڕەسمی شکۆداری نەورۆزی بەڕێوە چوو کە ئەمە لە خۆیدا بووژانەوەی هەستی کورد بوون و هاوپشتیی گشتگیر و بەرەنگاربوونەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. یەکێک کە پیلانەکانی بۆ شەق تێخستن و جیاکردنەوەی خەڵکی کوردستان بەرجەستەکردنەوەی پێڕەوی لە ئایین و ئایینزاکانە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە، بەڵام لە نەورۆزی ئەمساڵ بە بێ گوێدانە ئەم جیاکارییە دوژمنکارانەیە، سەرتاسەری ناوچە کوردستانییەکان ئاهەنگی نەورۆزی گیرا و پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانەی کۆماری ئیسلامی بوو.
٨. پۆششی و حیجابی سەربەستانە؛ لە ئاهەنگە نەورۆزییەکان ژنان بە جلی ڕەنگاوڕەنگ هەڵدەپەڕن. بە پێی یاسا و ڕێساکانی کۆماری ئیسلامی ژنان دەبێ حیجابی ئیسلامی بپۆشن کە بە پێی شەریعەت نابێ جگە لە دەموچاو تا چەنەگە و لەپی دەست و قولاپەی پێ بۆیان نییە بەدەرەوە بێت و کەم نەبوون ئەو ژنانەی بە تاوانی بێ حیجابی و کەم حیجابی گیانیان لە دەست داوە، تێزابیان پێداکراوە، زیندان کراون، ئەشکەنجە دراون و سووکایەتیان پێ کراوە. لە ئاهەنگە نەورۆزییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ژنان سەربەست و یەکسان ئازادانە جل دەپۆشن و هەڵدەپەڕن. پۆششی سەربەستانەی جل و بەرگ بە بێ گوێدانە یاسا و ڕیساکانی کۆماری ئیسلامی وشیاری و بوێری ژنی کورد دەگەیەنێت و نموونەیەکە لە نافەرمانی و خەباتی مەدەنی.
٩. هەڵپەڕکێ؛ لە پاش هەموو کردنەوەی ئاگرە نەورۆزییەکان بەشدار بووان دەست لە ناو دەست، گرووپ گرووپ و هاوئاهەنگ هەڵدەپەڕین و بەزمی ڕەزمیان دەنواند. کۆماری ئیسلامی لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوو بە کەڵک وەرگرتن لە ئەم ئامرازەکانی دەسەڵات نواندن و پەروەردە و بارهێنان، بە بیانووی مەرگی ئەم ئیمام و ئەو ئیمام و فڵانە کارەساتی مێژووی، هەوڵی جێخستنی مردووپەرەستی و شین و ماتەمگێڕان و قوڕ پێوان بووە. پیلانێک کە ئەمساڵ بە بیانووی برینداربوون و دواتر کوژرانی ئیمامی عەلی پەکی شاییگێڕانی خەڵک و ئاهەنگە نەورۆزییەکانی لە هەندێک شوێن خست و خەڵکی دیکەش جگە لە کۆماری ئیسلامی بوون کە بە بیانووی لەو شێوەیە قۆڕتیان خستە ئاهەنگە نەورۆزییەکان. بەڵام بۆ ئێمەی کورد لە خەزێنە دەوڵەمەندی ئەدەبیاتی بەرگری ئەم شیعرە بەرزە بەسە کە دەڵێت؛ «پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین|نامرن ئەوانە وا لە دڵی میلەتا ئەژین».
ژیان دۆستی، شایی کردن، شاد ژیان و شاد بوون، ئەمڕۆکە بووەتە بوارێکی گرنگی خەباتی مەدەنی خەڵک دژی ئیدئۆلۆژیکی مەرگ دۆستی و شینگێڕان و قوڕپێوانی کۆماری ئیسلامی و جێی خۆیەتی پەرەی پێبدرێ و یارمەتی دەربین.
کۆمەڵە بە درێژای تەمەنی پڕکاریگەری خۆی لە داهێنان، پاڵپشت و یارمەتیدەری بوارە جیاجیاکانی خەباتی مەدەنی لەم قۆناغەشدا دەبێ و دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاوی هەبێت، هەر وەک ئەو جۆرەی لە ئاهەنگە نەورۆزییەکانی ئەمساڵدا بینیمان.
ئاهەنگە نەرۆزییەکانی ئەمساڵ جیلوەی جوانی پێشکەوتنخوازانەی نافەرمانی مەدەنی گەلێکی وشیارە کە لە هەموو دەرفەتەکان بۆ بەرەوپێش بردنی بزووتنەوە ڕەواکەی لە بەرامبەر ملهوڕترین ڕژیمی دژە ژن و دژە ژیان و دژە ئازادی دەقوازێتەوە.