نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی لە مێژووی کورددا هەمیشە جێگەیەکی تایبەتی بووە و وەک کردارێک و بۆنەیەکی شوناسخوازانە گرینگی پێدراوە. لە ڕێوڕەسمی نەورۆزیدا لە پەنای شایی و خۆشی، توانەوەی بەفر و نوێ بوونەوەی وەرز و سەر لە نوێ بووژانەوەی سروشت نەورۆز و جێژنی نەورۆز وەک مێتۆدێک لە بەرەنگار بوونەوە بۆ نەتەوەی کورد بە ئەژمار هاتووە و وەبیر هێنەەرەوەی وەستانەوە بەرانبەر بە زوڵم و ستەم و تاریکی بووە. لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئەوەی جێگەی تێڕامان بوو جیا لەم بەشەی کە نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی و وەک هێمایەکی شوناسخوازانە بە پانتایی کوردستان و بە بۆنەی رێکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژڕاو رێزی لێگیرا، لە ڕاستیدا نەورۆز بوو بە کارنەڤاڵێکی خیابانی و هەمەڕەنگ، بوو بە شێوازێک لە خەبات کە پەیامی نەترسان و یەکگرتوویی, جۆرێک خۆ تەیار کردنی سەر لە نوێی بەرانبەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی پێوە دیار بوو بە تایبەت لە دوای سەرکوتی بێبەزەییانەی شەپۆلی بەرین و جەماوەری خەڵک لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا کە هێزی خەڵکی لە جوانترین تابڵۆی یەک بوون خستە بەر دیدەی یار و نەیار. هەوڵ و هیمەتێکی یەکگرتووانە، ڕازاوە بە بەهای مۆدێرن و بە کولتورێکی بەرز کە بەرەنگاری بە دژی ستەم و تاریکی بە جوانترین شێوە وێنا دەکرد و هیوا و ئومێدی بە سەرکەوتن گەیشتنی خەباتی ڕەوای چەند دە ساڵەی لێدەچۆڕا.
ئەگەر بە چاویلکەیەکی لێکۆڵەرانەوە بڕوانینە بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵ پێویستە سەرەنج بدەینە چەندین خاڵ و لە سەریان بوەستین و هەر کامەیان لە خانەی خۆیەوە شی بکەینەوە.
کارنەڤاڵی نەورۆزی ئەمساڵ لە دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بە سەر سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، سەرکوتی خوێناوی و بێ بەزەییانەی شۆڕشەکە و لە پاش ئەو ئەزموونە، بەڕێوەچوو. بۆیە بە بڕوای من ئەکتێکی پچڕاو و تازە لە دایک بوو نەبوو. بۆ تێگەیشتن لە کاکڵەی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ کە وەک کارنەڤاڵێکی سیاسی بەڕێوەچوون پێویستە چەند ڕووداوێکی گرینگی یەکساڵی ڕابردووی ناو ئەو کۆمەڵگایە وەک ئێلێمان بۆ لێکدانەوەکان کەڵکیان لێوەربگیردرێت. ئەگەر چەند مانگێک بگەڕێینەوە دواوە و سەرەنجێکی کۆمەڵناسانە لە سەر هەڵسوکەوتی کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەت خەڵکی کوردستان بدەین، گۆڕینی نۆرمەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و دەسهەڵات دەبینین. بۆ نموونە خەڵک لە دوای ئێعدام کردنی چوار ڕۆڵەی قارەمانی گەل، چوار پێشمەرگەی نیشتمان کە لە ریزەکانی کۆمەڵەدا خەباتیان دەکرد نەک تەنیا سڕ نەبوون و نەترسان بەڵکوو قین و توڕەییان بە ئاکتێکی نەتەوەیی، یەکگرتوانە و مۆدێڕن کردە پەتێکی تۆڵە و کردیانە ملی دام و دەزگاکانی دەسەڵات. خەڵک نەتەنیا نەترسان بەڵکوو شوێنی سەرەخۆشی و ماڵی شەهیدەکانیان کرد بە سەنگەری بەرەنگاری و بە خێرای تۆوی بڕوا بە هێزی خۆ بوونیان ماڵ بە ماڵ و تاک بە تاک بڵاو کردەوە. کۆمەڵگا لە هەموو ئاستێک و لە هەموو تەمەنیک دا تێکەڵ بوو بەو ئەکتە بەرەنگارییە و ئەو پوتانسیەلەی جەماوەر وەک هەڵاتنی خۆر کە ڕوناکی لەگەڵ خۆی دێنێ، هێز و ورەی لەگەڵ خۆی هێنا. یان لە خانەیەکی دیکەوە بایکۆتی سەرکەوتووانەوی هەڵبژاردنەکانی ئێران لە لایەن خەڵکەوە، سەرەڕای هەوڵی زۆری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان، ئەسپەردەکردنی جەماوەری تەرمی وەرزشکارێکی خەڵکی شاری سەقز و هیمەتی جەماوەری بۆ دۆزینەوەی تەرمی شاخەوانانی نەغەدە و دەیان نموونەی دیکە کە بە جەماوەری کران و جۆرێک نیشاندانی هێز و خۆ تەیار کردنەوەیەکی جەماوەریان پێوە دیار بوو. هەر بەو رۆحیەیەوە و لەوەها بەستێنێکدا کە خەڵک هەر دەرفەتێکی بۆ بەرەنگاری و نیشاندانی نارەزایەتی دەقۆستەوە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی وەک درێژەی هەمان ڕێچکە و ئەڵقەیەک لە هەمان زنجیر بەڕێوە برد. دەرفەتی نەورۆز کرا بە دەستکەوت و جارێکی دیکە خیابانەکان کەوتنە دەستی خەڵک. کۆبوونەوەگەلی گەورە و بەرنامە بۆ داڕێژراو بە ئاستێکی باڵای کولتووری و ڕۆشبنیرانە کە بە جلی ئاڵ و واڵای کوردی و ڕەش بەڵەک و تێکەڵاوی کچان و کوڕان ڕازا بوونەوە. جگە لە هەموو پەیامە سیاسییەکانی دیکەی لە دەرەجەی یەکەم نیشاندەری ئەو پەڕی پێگەیشتوویی و تێگەیشتوویی کۆمەڵگایەک بوون کە بە حەق کانگای لە دایک بوونی دروشمی ژن ژیان ئازادی و هەڵگری ئەو بەهایە بوو. کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمی هەزاران کەسی کە کەمترین بەریەک کەوتنی کۆمەڵایەتی تێدا بوو، ڕێکخراو و پڕشکۆ بوون و زۆرترین هاوکاری و هاوپشتیان لە نێو یەک پێوە دیار بوو، جلوبەرگ، هێماکان، گۆرانی و سرودەکانیش تەنانەت پەیوەندیان بە مێژووی خەباتی پڕشنگداری خەڵکی کوردستانەوە بوو.
یەکڕێزی و یەکگرتووی خەڵک لە لایەکی دیکەوە دیوێکی دیکەی پیگەیشتوویی ئەو کۆمەڵگایەیی دەر دەخست کە هاوکات هەڵگری وانە و پەیامیش بوو بۆ حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و ئەو خواستەی لە دڵی شەقامەکانی کوردستان بە پاراوترین شێوە دەرخست. خواستێک کە دەتوانێت یەکێک لە ئێلێمانە سەرەکییەکانی کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و دێمۆکراتیک بێ بۆ داهاتوو.
لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەچوونی پڕشکۆی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان هاوکات بوو لەگەڵ مانگی ڕەمەزان و دەسهەڵاتی دینی کۆماری ئیسلامیش لە چەند مانگ پێشتر و بەر لە هاتنی نەورۆزەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بە هۆی تێکەڵاوی ئەو دوو بۆنەیەوە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کە هەمیشە جێگەی مەترسی بوون بۆ کۆماری ئیسلامی بەڕێوە ناچن یان زۆر دەگمەن و کەمرەنگ دەبن. کە ئەوەش لە کردار دا جۆرێکی دیکە بوو و هاوکات دوو دەستکەوتی بۆ خەڵک لە بەرانبەری دەسهەڵات تێدا بەدی دەکرا. یەکەم دەسهەڵات بەو شەپۆلە بەهێزەی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی لە کوردستانی رۆژهەڵات تووشی سەرسوڕمان بوو ئەو ڕێوڕەسمانە نە هەر کەمڕەنگ نەبوون بەڵکوو پڕشکۆتر لە هەمیشە و لە پانتاییەکی زۆرتر و بە سیاسییانە لە زۆر بەر لە هاتنی ساڵی نوێ و نەورۆزەوە دەستیان پێکرد و هەر کامەیان پەیامێکی سیاسیان لەگەڵ خۆیان کێش دەکرد. ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز کە ئاگرەکانیان بە دەستی بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوانی کوردستانەوە دەکراوە و ڕێزلێنان لە بنەماڵەی شەهیدان بەشێکی دیاری و سەرەکی هەموو ڕێوڕەسمەکان بوون لە کەش و هەوایەکی جیاوازتر بەڕێوە دەچوون. جلی پێشمەرگانە و بەستنی پوزەوانە و جامانە کە سیمبولێکی ستایلی پێشمەرگانەن و بە زمانی خۆیان دەدوێن، هەروەها گوڵە سوورەکانی مزگێنی دەری بەهار کە بە دەست قارەمانانی سەنگەری شارەوە بەرز دەکرانەوە و دایکان و باوکانی شەهید بە دەستیانەوە دەگرت و لاوان لە پشتێنەکانیان دەبەست و وەکوو ڕەمز و هێما لە هەموو ڕێوڕەسمەکان سەمای ئازادیان پێوە دەکرد. چۆپی سووری دەستیان خوێنی گەشی شەهیدانی کوردستان و کۆمەڵەی دەخستەوە بیر کە چۆن گیانیان فیدای خاک و نەتەوەکەیان کرد و ئەوەی بۆ نەوەی نوێ دەگواستەوە کە چلۆن یادی ئەو کەسانەی بۆ شکۆی نەتەوەکەیان خۆیان بەخت کردووە هەر بەرزە و هەر ڕەمزە بۆ سەرکەوتن و خەڵکی کوردستان شیوەن ناگێرێ و نەیگێڕاوە بۆ قارەمانانی گیانبەختکردووی بەڵکوو یاد وناویان دەکاتە رەمزی بەردەوامی و سەرکەوتن، ئەوانە بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕێوڕەسمانە بوون کە هەستی شانازی و شکۆی نەتەوەیەکیان دەبەخشییە تاک بە تاکمان. وەستانەوە و بەردەوامی ئەو شەپۆلە لە لایەکی دیکەوە دەستکەوتێکی دیکەی بۆ خەڵک بەدیهێنابوو، پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنی ئیرادەی جەماوەر لە کردەوەدا دەسهەڵاتی بێدەرەتان و دەستکورت کردبوو لە کۆنترۆڵ و بەرەنگاری لە گەڵ ئەو شەپۆلە.
ئەم کارنەڤاڵە لە خوڕاگرییە هاوکات هەڵگری دوو پەیامی سیاسی گرینگ بوو، یەکەم دەسهەڵات لە هێزی جەماوەر و یەکڕیزییەی خەڵک چۆکی لەرزی و ترس کەوتە گیانی و لە بەرانبەر هێزی خەڵکدا دۆڕاوی مەیدانەکە بوو و پاشەکشە بە قامەتییەوە دیار بوو، پەیامی سەر کەوتنی هێزی جەماوەر بە سەر هێزی یەکێک لە دڕندەترین و دیکتاتۆرترین سیستمەکانی دەسهەڵات. دووهەم نەتەوەی کورد لە بەرانبەر باقی نەتەوەکانی ئێران و لە پێش چاوی ئۆپۆزیسیۆنیش لە پلەیەکی دیکەوە و بەرزتر لە جاران بە دوو جۆر خوێندنەوەی لە سەر دەکرا. لە لایەکەوە ئەو شانۆ پڕ شکۆیەی شەقامەکانی کوردستانی داپۆشی، بووە جێگەی ڕێزلێنان و سەرسامی زۆربەی خەڵکی ئێران و ڕەش بەڵەک و سەمای تێکەڵاوی کچان و کوڕان لە ڕێوەڕەسمە نەورۆزیەکان بەهایەک بوو کە لە بەشەکانی دیکەی ئێران دووبارە دەکراوە و ڕێوڕەسمی تێکەڵاوی کچان و کوڕان بۆ پێشوازی لە نەورۆز بەڕێوە دەچوون. هەروەها لە ناو ئوپۆزیسیۆنیش ڕەنگدانەوەی ئەوە بوو کە نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی یەکگرتوو و پێشکەوتوو و پێگەیشتووە. پەیامی دووهەم ئەوە بوو کە پرسی کورد ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە و دەبێت چارەسەر بکڕێت و لە بەرانبەر وەها نەتەوەیەکدا سەرکوت و بە کارهێنانی زۆر یان پشت گوێ خستن وڵامدەرەوە نییە و ناتوانێت ببێت.
نەتەوەیەکی یەکگرتوو، پێشکەوتوو، شارەزا و لێهاتوو کە دەرفەتەکان بە دروستی دەدۆزێتەوە و لە رێگەی خەباتی جەماوەرییەوە پێگەی خۆی قایم و خەباتەکەی درێژە پێدەدا بێگومان نە هەر سەرکەوتووە بەڵکوو پوتانسیەلی ئەوەی هەیە کە کلیلی دەرکەی داخراوی رێگەی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی و ئیرتجاع و ئیستبدادی درێژخایەن لەو وڵاتە بێت.
ئەم دەستکەوتانە پێویستە تۆمار بکرێن و لە سەریان بنوسرێ و توێژینەوەی زانستیانە و کۆمەڵناسانەیان لەسەر بکرێ. خەباتی مەدەنی و هێزی جەماوەر ئەو وێستگەیە بوو کە کۆمەڵە لە ساڵها لەوە پێشەوە و تەنانەت لەگەرمەی خەباتی چەکداریش لێی غافڵ نەبوو و وەک ئامڕازێکی سەرەکی شۆرش و خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد پێناسەی کردووە و هەوڵی بۆ داوە. تێکۆشاوە هێزەکانی دیکەش لە گرینگی خەباتی مەدەنی و جەماوەری تێبگەیێنێ. بە حەق کاری بۆ ئەوە کردووە کە کورد لە پێگەی نەتەوەییەوە بناسێنێ و بوونی نوێنەرایەتی کورد لە کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان بکاتە زەرورەت و پێویستیەکی سەردەم.
ئەم گوتارە نامۆ نییە بە فەزای سیاسی کوردستان و دەستکەوتەکانیشی دەکرێت بە قازانجی ئامانجەکانی نەتەوەکەمان کاریان لەسەر بکرێت.