کوچکەسوور لانەی یارانی شوان
قەڵای سوارچاکان هەواری کاروان
سەنگەری پۆڵای مەیدانی شەڕگە
بە تۆ ئەستوورە پشتی پێشمەرگە
چەنێ شۆڕەشوان لەو شیو و شاخە
بوونە میوانت لەو دۆڵ و باخە
لە ئاوی “دیویەر”* یا “هانەهەروان”*
چەمی ژاوەرۆ یا “هانەزەیدان”*
ڕووخساریان شۆرد و تینوێتیان شکاند
پەیڤی ئازادی و گوڵ و گەنمیان چاند
چەمی “زرار” و “هەوارەبەرزە”
جێی شۆڕەلاوی ئازا و نەبەزە
بە دامێنتەوە جوانە ئەوێهەنگ
دەدرەوشێتەوە و دەبڕێ شەوەزەنگ
لانکەی شۆڕشە و مەکۆی کۆڵنەدان
سەنگەری شار و شاخی بەرنەدان
کوانووی ئاگری بەزمی نەورۆزە
شەوی بەزاندووە ڕەزمی پیرۆزە
کوچکەسوور وەرزی بووژانەوەیە
بەستەڵک شکا، ژیانەوەیە
گوڵاڵەی سوور کە بە بەر پاڵتەوە
خوێنی شەهیدە هەڵدەداتەوە
ماکۆ تا ئیلام ڕازاوەتەوە
مافی دەخوازێ و هەستاوەتەوە
شار و گوند گشتی و کام چیا دوورە
ڕووناکی کردووە ئاگرەسوورە
کیژ و کوڕ تێکەڵ دەست لە ناو دەستن
گوڵی سوور لە دەست شاد و سەرمەستن
بۆ پایەندازی بەهاری ژیان
گوڵ ڕادەخەن و سەر و ماڵ و گیان
کچی ئەستێرە و “بەیان”ی دوێنێ
ئەمڕۆ سروودی هەتاو دەخوێنێ
دەشنێ زۆلفی خاو لەسەر جامانە
زستان ڕەویوە بەهار میوانە
خەمڵی کوردستان سەمای ڕەنگانە
سوور دەکاتەوە و چۆپی کیشانە
ئاڵای سوور دەدوێ بە زمانی گزنگ
مزگێنی دێنێ و دەهاوێ پڕشنگ
کچی کورد ڕەمزن، شانازین، هێمان
خۆریان داگرتووە ڕوون دەکەن ژیان
لە وشکەساڵدا لێزمەن و باران
بۆ گەرووی کانی و خاک و هەواران
باڵی فڕینی شۆڕش و خەباتن
هێزی گۆڕان و گەشەی وڵاتن
ڕزگاریبەخشی گەل و نیشتمان
تیشکی ئازادین لە ئاسۆی زەمان
*کوچکەسوور: شاخێکی بەرزی ناوچەی ژاوەرۆ و دەکەوێتە پشت ئاوایی ئەوێهەنگ.
*دیویەر و هانەهەروان: دوو کانی بە بەر قەدی کوچکەسوورەوە بە ڕووکاری ئاوایی ئەوێهەنگدا.
*هانەزەیدان: کانی و سەیرانگەیەکی چەمی ژاوەرۆ.