بە دەرکەوتنی پزشکیان لە سەندوقەکانی دەنگدان لە چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری، پرسیارێکی گرینگ لای کۆمەڵێک لە شرۆڤەوانان و لێکۆڵەران دروست بوو. ئایا سەرۆک کۆماری پزشکیان و پشتیوانی ئاشکرای خامنەیی لە ناوبراو بە مانای گەرانەوەی ئیسلاحخوازی و ئیسلاحخوازان دێت بۆ ناو دەسەڵات؟
ئایا ئەوە بە واتایە دێت کە ڕێفۆرمخوازی و ڕێفۆرمخوازان خەریکن بێنەوە ساحەکە و دیسانیش کەم تا زۆر دەور بگێڕن لە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران و ئەوە وەک بادانەویەک لە لایەن خامنەی دەبێ هەڵسێنگدرێ؟
ئایا دروشمی (( اصلاح طلب، اصولگرا دیگر تمام است ماجرا)) وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی خەڵکی ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی بە مانای تێپەرکردنی قۆناغی ڕێفۆرمخوازی لە بنەڕەتدا هەڵە بووە؟
دیارە جگە لە پرسی ڕێفۆرمخوازی زۆر پرسیاری گرینگی دیک هەیە سەبارەت بە دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی هەم لەناو خۆ و هەم لە هەمبەر ئەو مەترسییە دەرەکییەیانەی کۆماری ئیسلامی تێیدایە کە پێویستە لە مەجالەکانی دیکە شرۆڤە بکرێ و پرسیارەکان لەو بارانەوە وەڵام بدرێتەوە. بەڵام بە بروای من لانیکەم یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان هەر ئەوەیە کە ئاماژەم پێکرد. لە ڕاستیدا بە ڕادەیەکی زۆر وەڵامی دروست بەم پرسیارە دەرگایەک دەکاتەوە بۆ شرۆڤەکردن و تێگەیشتنێکی بابەتیتر زۆر پرسی دیکەی وەزعی سیاسی ئێران کە بە تایبەت دوای سەرۆک کۆماری پزیشکی هاتۆتە گۆڕێ.
ڕێفۆرمخوازی هەر لە سەرەتاوە و تەنانەت لە لوتکەی خۆیشی واتە لە مانگەکانی هەوەڵی سەرۆک کۆماری خاتمی دوو لایەنی تا ڕادەیەک لێک جیاوازی هەبوو و لە کاتی خۆیشی لە زۆر نووسراوەی ئێمەماناندا ئاماژەی پێکراوە. ئێلیتی جەریانی ڕێفۆرمخوازی بە دروست و بە حەق بە ڕێفۆرمخوازانی دەوڵەتی ناوزەد کراون. ئەوانە کەسانێک بوون کە پێیان وابوو بە شەراکەت لە دەسەڵات و لە سەرەوە دەتوانن ئاڵ و گۆڕی ئەساسی لە سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی ویلایەتی فەقیە پێک بێنن و لە بنەرەتدا لە گەڵ دەسەڵات ئایینی کێشەیەکیان نەبوو. بە پێچەوانە ڕایان وابوو کە بەو ڕێفۆرمانەی ئەوان مەبەستیانە تەمەنی نیزامی سیاسی درێژتریش دەبێتەوە.
خەڵکیش بۆ ئەوان زۆرتر هێزێک بوو کە دەبوا لە کاتی هەڵبژاردنەکان دەنگیان پێدابان و هەر کاتیش پێویست بوایە بە مەبەستی گوشارهێنان
بۆ دەسەڵات و ئیمتیاز وەرگرتن بتوانن ئاماژەیەکیش بە قاعیدەی جەماوەری خۆیان بکەن و بیاکەنە پاڵپشتی کورسییەکانی خۆیان لە دەسەڵات.
ئەو ڕاستییەی هەر ئێستا ئاماژەمان پێکرد، نابێ وامان لێبکا کە لە هەڵسەنگاندن، شرۆڤە کردن و لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنەی جەریانی ڕێفۆرمخوازی و لە ڕوانگەیەکی بنچینەیی تر و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناغانەی تێیدا تێپەر بۆوە، تەنیا ڕواڵەتە ناسراوەکانی واتە توێژی نوخبە و کەسایەتییە چالاکەکانی بخەنە بەر تیشک لێکۆڵینەوە. پێموایە زۆربەمان لە سەر ئەوە کۆکین کە ڕێفۆرمخوازی ئاڵ و گۆری زۆری بەسەر هاتووە، گەوررەترین و گرینگترین ئاڵ و گۆریش لەو بارەوە لە پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکەی پێکهاتووە کە خۆی سەرچاوەیەکی سەرەکییە لە شوێندانان لە سەر توێژی بیرمەند و نوخبەی ئەو مەیلە سیاسییە.
دەبێ لە بیرمان بێ ڕێفۆرمخوازی لە ئێران تەنیا بە لایەنی نوخبە و کەسایەتییە سیاسییەکانی کە زۆریان پێش دەرکەوتنی پرسی ئیسلاحخوازی جێگە و پێگەییەکیشیان لە دەسەڵاتیش بۆوە سنووردار نابێتەوە. ڕێفۆرمخوازی لە مانگان و تەنانەت ساڵانی هەوەڵی هاتنە سەر شانۆی سیاسی ئێران هاوکات بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و یا بە واتایەک هەیکەلێکی جەماوەری پان و بەرینی بوو. محەمەدی خاتەمی سەرۆک کۆماری ئیسلاح تەلەب بە دەنگی زۆرتر لە ٢٠ میلیۆن خەڵک بوو بە سەرۆک کۆمار. ڕێفۆرمخوازان لە یەکێک لە مەجلیسەکان شۆڕای ئیسلامی زۆرینە بوون. لە جەریانی بزووتنەوەی سەوز لە نارەزایەتی بە ساختەبوونی هەلبژاردنەکان توانیان خۆپێشاندانی چەند میلیۆنی لە تاران ساز کەن. هەرچەند ڕێفۆرمخوازی دوای بزووتنەوەی سەوز بەرەو لاوازی پێگەی کۆمەڵایەتییەکی چوو، بەڵام هێشتا هیوایەک لە ناو جەماوەری خەڵکی ئێران بۆ ئاڵ و گۆر لە سیستەمی حوکمرانی و باشتر بوونی وەزعەکە هەرچەند کەمیش بێ مابوو، بۆیەش ڕووحانی کە تەنانەت خوێشی بە ڕێفۆرمخواز دانەدەنا و ئیدیعایەکی وای نەۆ بوو بەڵام بۆ هۆی چەند بەڵێنێک و هەروەها پشتیوانی تەواوی محەمەدی خاتەمی پێشوازییەکی زۆر گەرم و گوڕی لێکرا و بە دەنگی زۆرتر لە ٢٠ میلیۆن نەفەر بوو بە سەرۆک کۆمار. لە دەوری دووهەمی سەرۆک کۆماری ناوبراو لە ئاخێزەکانی ٩٦ و ٩٨ ئاڵ و گۆڕێکی بنەرەتی لە ڕوانگەی خەڵک بەرامبەر بە ڕێفۆرمخوازان پێک هات و ئاکامەکەی بوو بەوە کە ئەو مەیلە سیاسی- کۆمەڵایەتییە بە ڕادەیەکی یەکجار زۆر قاعیدەی جەماوەرییەکەی بەرەو لاوازی چوو. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی حوکمی تیرخەلاس بوو لە ڕێفۆرمخوازی وەک ڕەوتێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی. ئاشکرایە کە لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان ناتواندرێ وەک بوارەکانی دیکەی زانست بە ژمارە و ڕەقەم ئاڵ و گۆڕەکانی ناو کۆمەڵگا بەراوەرد بکەی بۆیەش لەو بارەشەوە دەبێ بزانین کە هەمیشە خەڵکانێک هەن بۆ وێنە هێشتا لە باوەری خۆیان بە ڕێفۆرمخوازی و ڕێفۆرمخوازان بەردەوامن و لە داهاتوویەکی نیزیکیش هەر بەردەوام دەبن. بەڵام لەوەدا هیچ گومانێک نیە کە دەورانی بزووتنەوەیەک لە سەر باوەر بە ئەسڵی <<مومکین بوونی چاکسازی>> لە نیزام و سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی بەسەر چووە و دروشمی (( اصلاح طلب، اصولگرا دیگر تمام است ماجرا)) – دروشمێکی دروست بوو و لەناخ و هەستی کۆمەڵگا بە گشتی و خەڵکی نارازی سەر شەقامەکان سەری هەڵدا و ڕیشەی داکوتا.
بەڵام لایەنێکی دیکەی ئاڵ و گۆڕ لە ناو چالاکان و نوخبەکانی ئیسلاحخوازانیش هەڵبەت بە هۆکاری جیاواز بۆ هەر کامیان، ڕوویدا کە نابێ لێی خافڵ بین. لە پلەی یەکەم وشکهەڵاتنی پێگەی کۆمەڵایەتی ڕێفۆرمخوازی وەک مەیلێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی کاریگەری ئەوتۆی لە سەر ئەم توێژە واتە چالاکان و سەرکردەکانی ئەو مەیلە دانا و بەشێکی بەرچاوی هاندان تا پێداچوونەوەیەک بە بنەما سیاسی – تێۆرییەکانی چەمکی ئیسلاحخوازی و ڕێفۆرم بە گشتی و لە کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی، بکەنەوە و ڕایگەیەنن کە چیدی ئیسلاحخواز نەماون. کەوابوو نابێ ئەو هەڵەیە بکەین کە ئەوان بەو جێگۆڕکییە جەماوەریان هانداوە وکاریگەریان لە سەر داناون، لە عەرزی واقیع ڕاست بە پێچەوانەیە و ئەو جەماوەر و ئەزموونی ئەوان لە ئاخێزەکانی ٩٦ و ٩٨ و سەرئەنجام ئاخێزی ژن. ژیان، ئازادی بوو، کە نوخبەی ڕێفۆرمخوازیشی والێکرد بە خۆیدا بێتەوە و ڕیزی ئیسلاحخوازەکان بەجێ بێڵێ. بەڵام لە بیرمان نەچێ کە ئەو کاردانەوە بۆ هەموو چالاکان و کاربەدستانی ئیسلاحخواز یەک جۆر نەبوو، بۆ بەشێکی بەرچاوی دیکە لەو تەیفە لاوازبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکەیان زۆرتر هانیدان تا دۆزی داخوازییە سەرەکییەکانی ئەو ڕەوتە تراوتر و تراوتر کەنەوە تا ئەو جێگایە کە هەموو ناوەڕۆکێکی لێبستێنەوە و بە تەواوی و بە ئاشکرا ملکەچی ناوکی سەختی دەسهەڵات و لە سەروی هەموویان خامنەیی بن و ئەو هەلوێستەش بە تیوری و بە ناو واقیعگەرایی سیاسی برازێننەوە. جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەکیش بکەین بە ئەو پاشماوە ڕانت خۆر و مشەخۆرەی کە ئەو پەری ئامانج و هەوڵ و تەقەلایان کاسبی خۆیان بۆوە بە بەشخوازی لە سفرەی حازر و ئامادەی دەسەڵات. ئەوانە تەنانەت لە لوتکەی گەشە و دەسەڵاتی ڕەوتی ئیسلاحخوازیش هاندەری سەرەکییەیان ڕانت خۆری و بەشداری لە دەسەڵات و ئیمتیازەکانی بۆوە و لە ئەدەبییاتی سیاسی ئێمەومانان بە ڕێفۆرمخوازانی دەوڵەتی ناوزەد کراون.
ڕەوتی ئیسلاحخوازی هەر لە سەرەتاشەوە لە باشترین حاڵەتی خۆی وەهمێک بوو و هیوایەکی بێگانە لە گەڵ واقیعی سیاسی ڕژیمی ئێران بەڵام ئەوەی ئێستا و بە هاتنی پزشکیان وەک سەرۆک کۆمار هاتۆتەوە سەر شانۆی سیاسی تەنیا کاریکاتۆرێکی بێتام و بۆنە کە تەنیا شیاوی ئاوردانەوەیەکی کورت و موختەسەرە.